رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەیان خێزانی ئاوارەی کورد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە گرێ سپی رووبەڕووی هێرش و پەلاماردان بوونەوە و لەنێو باڵەخانەیەکی حکومیدا گەمارۆ دران، بەڕێوەبەری هەرێمی کۆبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن.
ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری هەرێمی کۆبانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گرێ سپی لەسەر هێڵین و لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە دەکەین کە لە گرێ سپی روویانداوە."
بەڕێوەبەری هەرێمی کۆبانی جەختی لەوە کردەوە کە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئاوارە گەڕاوەکان دەکەن و گوتی: "لە پەیوەندیداین لەبارەی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کوردان لە گرێ سپی. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و باسکردنی هۆکارەکانی روودانی ئەم کارە، هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی گرێ سپی دەکەین."
رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، دەیان خێزانی ئاوارەی کورد لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتیی گرێ سپی گەڕانەوە شارەکە، ئەوەش بە مەبەستی پێشکێشکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانی خاوەندارێتیی زەوی و خانووەکانیان. بەڵام لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن ژمارەیەک نیشتەجێبووی ناوچەکەوە هێرشیان کرایە سەر و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیێنرا.
لەم بارەیەوە، (لیژنەی ئاوارەکانی گرێ سپی) لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر هاونیشتمانییە سڤیلە کوردەکان. لیژنەکە باسی لەوە کرد، زیاتر لە 100 خێزانی کورد کە ژن و منداڵیان تێدایە، لەنێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی گرێ سپیدا گەمارۆ دراون و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی لیژنەی ئاوارەکانی گرێ سپی، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە لەسەر داوای بەڕێوەبەری ناوچەی گرێ سپی بووە، بۆیە داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتییەکە بگرنە ئەستۆ و دەستێوەردانی بەپەلە بکەن بۆ پاراستنی گیانی گەمارۆدراوەکان. هەروەها داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی "جدی و شەفاف" لەو هێرشانە بکرێت و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.
لیژنەکە هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییانی دیکەی کورد کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پێش چوونیان بۆ گرێ سپی و ناوچەکانیان پێویستە هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ لیژنەی ئاوارەکاندا بکەن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی گیان و سەلامەتییان.


