رووداو دیجیتاڵ ژمارەی بریندارانی تەقینەوەی گاز لە ماڵێکی پارێزگای کرماشان زیادی کرد و یەکێکیشیان گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، بەهۆی تەقینەوەی گاز لە ماڵێک لە گەڕەکی جەعفەرئاوای شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خانووی ماڵەکە بە تەواوی رووخا و لە ئەنجامدا 12 کەس بریندار بوون، هاوکات زیان بە زیاتر لە 8 ماڵی دراوسێش گەیشت. لەوبارەوە هاونیشتمانیەک لە شاری کرماشان بە رووداوی گوت؛ یەکێک لە بریندارەکان کە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵە، بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گیانی لەدەستدا. بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و لە ژێر چاودێری چڕدان. سەعید قادری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و سەلامەتیی شارەوانیی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 13:21ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە و دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. بەڕێوەبەرەکە گوتیشی: "بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکەوە، خانووەکە بەتەواوەتی رووخاوە و زیانی زۆریش بە زیاتر لە 8 ماڵی دەوروبەری کەوتووە، بۆیە داوای هاوکاری لە تیمی پشکنین و سەگی زیندوودۆزەرەوەی مانگی سوور کرا تاوەکو دڵنیابین کەس لەژێر داروپەردوودا نەماوەتەوە." بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە لێچوونی گازی ماڵان بووە. بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی 10 ساڵدا نزیکەی 1000 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار کەسی دیکەیش بریندار بوون.