رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە و بڕیاردانیشی لەسەر سکاڵای دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دواخست.
ئەکبەر غەریب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و یەکێک لە سکاڵاکاران، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نییە، رەتکردەوە."
ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتیشی: "دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێکردنی سکاڵای دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کردنە کاربەڕێکەری بۆ رۆژی 14ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ دواخست." هەروەها راشیگەیاند: "دادگە سکاڵای منی رەت نەکردووەتەوە، بەڵکو دوای خستووە بۆ رۆژی 14ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ".
ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە کە لەلایەن چەند پەرلەمانتار و کەسایەتییەکەوە تۆمار کراوبوون.
دۆسیەی یەکەم
دۆسیەی ژمارە (233 / فیدراڵی / 2026) کە یەکەمین دانیشتنیەتی، لەلایەن ئەکبەر غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.
بەگوێرەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵاکار داوا دەکات:
- دادگە بڕیار بدات کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگە بە بەردەوامبوونی نەدات لە پیادەکردنی دەسەڵاتی تەواو و بێسنووری کاتی بەبێ بنەمای دەستووری و یاسایی.
- سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەت دوای بەسەرچوونی وادەکەی وەک "حکومەتی کاربەڕێکەر" تەنیا بۆ کاری رۆژانە پێویست و کورتخایەنەکان دیاری بکرێت کە دواخستن هەڵناگرن.
- رێگری لە حکومەت بکرێت لە دەرکردنی بڕیاری ستراتیژی و درێژخایەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی نەوت، گاز، کارەبا، سامانە سروشتییەکان و پابەندییە دارایی و ئابوورییەکان.
- بڕیاری پێشووی دادگە بە ژمارە (233 و یەکخراوەکانی/فیدراڵی/2023) لە 30ـی ئایاری 2023 وەک پێشینەیەکی دادوەری لەبەرچاو بگیرێت بۆ رێزگرتن لە ماوە یاساییەکانی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
- هەردوو نووسراوی فەرمیی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەڵگە بن بۆ هۆشداریدان لە پەککەوتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و پێشێلکردنی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.
پێش دانیشتنەکە، ئەکبەر غەریب، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ،بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی دادگە ئامادە دەبێت، سکاڵای لە دژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (جگە لە سیفەتی وەزیفیی خۆی) تۆمار کردوە، سکاڵاکەش بە ئاگاداری بزووتنەوەکەی تۆمارکراوە. ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ باس لەوە کرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکانی تەواو بووە و پەرلەمانیش داخراوە، حکومەتیش بڕیار دەردەکات، لەکاتێکدا پێویست بکرێتە کاربەڕێکەر بۆ ئەوەی نەتوانێت بڕیاری گرنگ و ستراتیژی بدات."
دۆسیەی دووەم
دۆسیەی ژمارە (193 و یەکخراوەکەی 212 / فیدراڵی / 2026) کە لە 20ـی ئەیلوولی 2026ـەوە دواخرابوو، لەلایەن رێبوار ئەورەحمانö نەوزاد لەتیف و یوسف حەمید لە سکاڵای (193)، لەگەڵ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سکاڵای (212) دژی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
داواکارییەکانی ئەم دۆسیەیە بریتین لە:
- بڕیاردان بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 10ـی تەمووزی 2019 سوێندی یاسایی خواردووە، ماوە یاساییەکەی لە 10ـی تەمووزی 2023 کۆتایی هاتووە و لەو رێککەوتەوە تەنیا حکومەتی کاربەڕێکەری رۆژانەیە.
-قەدەخەکردنی واژۆکردن، هەموارکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە ستراتیژییەکان و بڕیارە درێژخایەنەکان لە بوارەکانی نەوت، غاز، کارەبا و سامانە سروشتییەکان.
-هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیار و رێکارانەی دوای تەواوبوونی ویلایەتە یاساییەکەی دەریکردوون و لە دەسەڵاتی کاربەڕێکەر بەدەر بوون، بەتایبەتی بڕیارەکانی تایبەت بە زیادکردنی نرخی کارەبا، سەپاندن و زیادکردنی باج و رسوومات، لەگەڵ هەموارکردن یان گرێبەستەکانی نەوت.
-پابەندکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکەی دادگە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ لە پەرلەمانێکی خاوەن شەرعییەتی دەستووری متمانە وەردەگرێت.
دۆسیەی سێیەم
دۆسیەی ژمارە (211 / فیدراڵی / 2026) کە ئەمیش لە 20ـی ئەیلوولی 2026ـەوە دواخرابوو، لەلایەن عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان (جگە لە سیفەتی وەزیفی خۆی) تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە بڕیار بدات بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم شوێنەوارە یاساییەکانی بەپێی دەستوور و یاسا بەسەر دۆخەکەدا جێبەجێ بکرێن.


