رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، زەوینەسازی بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کراوە و هەوڵی جیددی لە ئارادایە؛ جەختیش دەکاتەوە کە واقیعی سیاسیی کوردستان بەجۆرێکە "نە یەکێتی بەبێ پارتی و نە پارتیش بەبێ یەکێتی دەتوانن حکومەتێکی سەرکەوتوو پێکبهێنن." هاوکات لەبارەی دەنگۆی ناردنی هێز لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، لێدوانەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق گشتی بووە نەک تایبەت بە کوردستان.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو حیزب و گوتی: "بانگەوازەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەربڕی ئیرادەیەکی سیاسیی حەقیقیی پارتیمانە بۆ بەشداریکردنی لایەنەکان لە حکومەتێکی بنکەفراواندا؛ ئێستاش هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ زەوینەسازی تاوەکو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە."
سەبارەت بە ئەگەری بایکۆتکردنی دانوستاندنەکان لەلایەن یەکێتییەوە، ئەشواق جاف گوتی: "با چاوەڕێی هەڵوێستیان بین. یەکێتی و پارتی هاوپەیمانی ستراتیژیی یەکدین؛ مەبەست تەنیا کورسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو خەباتە هاوبەشەوە هەیە کە هەیە. بۆیە زۆر گرنگە پێکەوە هەنگاو بنێین، چ ئەوانەی بەشدار دەبن لە کابینەی دەیەم و چ ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی حکومەت نەماوەتەوە."
لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی روونیکردەوە کە دەستووری عێراق رێگرە لە هەر پاشەکشەیەک و گوتی: "ماددەی 117 دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت، ماددەی 121 دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتی پێداوە و ماددەی 126ـیش رێگری دەکات لە هەر دەستکارییەکی دەستوور کە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەمبکاتەوە، بەبێ رەزامەندیی خەڵک و پەرلەمانی کوردستان؛ بۆیە هیچ بەندێکی دەستوور رێگە بە دوو ئیدارەیی نادات و خەڵکی کوردستانیش یەک حکومەت و یەک پێشمەرگەی یەکگرتوویان دەوێت."
سەبارەت بە لێدوانەکەی حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق کە گوتبووی "ئەگەر پێویست بکات هێز دەنێرنە هەرێمی کوردستان"، د. ئەشواق جاف بە رووداوی راگەیاند: "ئەو لێدوانە گشتی بوو و ئاراستەی تەواوی عێراق کراوە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان؛ مەبەست لێی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوی نایاساییە لە هەموو وڵاتدا. ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بە کردەیی پرۆژەی چاکسازیمان جێبەجێ کردووە و دژی گەندەڵین و پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێکی دەستووریی دەوڵەت دەکەین."
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
رووداو: هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە کوێ گەیشتوون و ئایا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن یەکێتییەوە هەبووە؟
د. ئەشواق جاف: پێموایە دوێنێ بەڕێز مەحموود محەممەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتیمان، بەڕوونی ئاماژەی بەو هەوڵە جیددیانە کرد کە بۆ ئامادەکردنی زەوینەیەکی لەبار بۆ کۆبوونەوە لە ئارادان. دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە بەندە بە وەڵامی لایەنە سیاسییەکانەوە. هەوڵەکان بەردەوامن و بانگەوازەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی داواکارییەکی فیعلییە و لە بەیاننامەکەیدا بە جددی داوای کردووە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداری لە حکومەتێکی بنکەفراواندا بکەن. ئەم داواکارییە دەربڕی ئیرادەیەکی سیاسیی حەقیقیی پارتیمانە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە گرنگە.
رووداو: ئەگەر وەڵامدانەوەیەک لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەبوو، هەڵوێستی پارتی چی دەبێت بەرامبەر بەم دۆخەی کە دروست بووە؟
د. ئەشواق جاف: وەک لە بەیاننامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، ئێمە وەک پارتی حەز دەکەین هەموو لایەنێک بەشداری لە حکومەتێکی بنکەفراواندا بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا رێز لە ئیرادە و مافی دەستووریی هێزە سیاسییەکان دەگرین لە بڕیاردانیان بۆ بەشداریکردن یان نەکردن. سەبارەت بە برایانی یەکێتی، با چاوەڕێی هەڵوێستیان بین. پێموایە ئەوانیش رەچاوی ئەوە دەکەن کە هاوپەیمانی ستراتیژیی پارتین و پارتیش هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەوانە. واقیعی سیاسیی کوردستان بە شێوەیەکە کە یەکێتی بەبێ پارتی و پارتیش بەبێ یەکێتی ناتوانن حکومەتێکی سەرکەوتوو پێکبهێنن. مەبەست لێرە تەنیا ژمارەی کورسی نییە، بەڵکو حوکمی ئەو هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەیە کە لە قۆناغی خەباتی چەکداری و دواتریش خەباتی سیاسییەوە لەنێوانماندا هەیە. بۆیە پێویستە هەموو لایەک، چ ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە کابینەی دەیەمدا بکەن و چ ئەوانەی دەیانەوێت لە پەرلەمان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن، پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە کاتێکی زۆر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە.
رووداو: زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کابینەی نوێ پێکنەهاتووە، هۆکار چی بوو کە زۆربەی کێشەکان چارەسەر کران، بەڵام دیسانەوە پرۆسەکە وەستا؟
د. ئەشواق جاف: راستە، هەموو ئەو خاڵانەی کە یەکێتی گلەیی لێی هەبوو لە پارتی و پارتیش گلەیی هەبوو لە یەکێتی، لە قۆناخی رابردوودا خرانە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەی لیژنەی تەکنیکیی مەکتەبی سیاسیی هەردوولاوە چارەسەریان بۆ دانرا. تەنیا دوو یان سێ خاڵ مابوونەوە کە دوای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، و بافڵ تاڵەبانی، رێگەچارەیان بۆ دۆزرایەوە و لیژنەکە کارەکانی تەواو کرد. کەواتە، ئەو کێشانە چارەسەر کراون و نەخشەڕێگەی کارکردن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانیش دانراوە. پارتی دوای هەڵبژاردن زۆر راشکاو بوو کە دەبێت حکومەت و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو بن و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بکەن، بەڵام دیارە لە قۆناخێکدا برایانی یەکێتی پێیان باش بوو پرۆسەکە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئێستا هەڵبژاردنی عێراقیش کراوە و حکومەتیش پێکهاتووە، هیچ بیانوویەک نەماوەتەوە. ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیدایە، بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە کە پەلە بکەین لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم بۆ خزمەتکردنی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان.
رووداو: لەم دواییانەدا دەنگۆی دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هەرێمی سەربەخۆ دێتە ئاراوە. هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
د. ئەشواق جاف: هەر کەسێک شارەزایی لە دەستووری عێراقدا هەبێت، دەزانێت کە هیچ بەندێکی دەستووری نییە رێگە بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بدات. ماددەی 117ی دەستوور دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا دەنێت و ماددەی 121یش ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێم دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و جێبەجێکردن (حکومەت)ـی هەیە. هەروەها، ماددەی 126 رێگری دەکات لە هەر هەموارکردنێکی دەستوور کە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەم بکاتەوە، بەبێ رەزامەندیی پەرلەمان و زۆرینەی خەڵکی هەرێمەکە. لەڕووی سیاسی و مێژووییشەوە، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان قوربانیی زۆریان داوە و خوێنیان رشتووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم قەوارە دەستوورییە. بۆیە ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین و زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش دژی ئەم بیرۆکەیەن. خەڵک خوازیاری یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوون کە خزمەتی هەمووان بکات. هەر گلەیی و گازندەیەکیش هەبێت، باشترین چارەسەر مێزی گفتوگۆیە، هەروەک چۆن لە رابردوودا کێشەکان چارەسەر کران.
رووداو: گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە ئەگەر پێویست بکات هێز دەنێرنە هەرێمی کوردستان، ئەم لێدوانە چ مانایەک دەگەیەنێت و هەڵوێستی ئێوە چییە؟
د. ئەشواق جاف: ئەو لێدوانەی بەڕێز باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، گشتی بوو و ئاراستەی هەموو عێراق کرابوو، نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، مەبەست لێی رووبەڕووبوونەوەی هەر هەنگاوێکی نایاسایی و گەندەڵییە لە هەر شوێنێک بێت. ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەنگاوی نادەستووری و نایاساییدا نین. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، پرۆژەی چاکسازیی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەستپێکردووە و بە کردەیی جێبەجێی دەکات. ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم دژی گەندەڵییە. ئێمە وەک کورد و کوردستان بەرگری لەم دەستوورە دەکەین، چونکە مافەکانمانی تێدا چەسپاوە، هەرچەندە بەداخەوە بەهۆی تەفسیری میزاجی بۆ بەندەکانی، وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە. بۆیە ئێمە پاڵپشتیی هەموو هەنگاوێکی دەستووریی حکومەتی فیدراڵی دەکەین و لە هەمان کاتدا پشتیوانیی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی.
.webp&w=3840&q=75)


.webp&w=3840&q=75)