رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاسۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نادیارە. پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانیش هۆکاری ئەم چەقبەستووییە بۆ رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی دەگەڕێننەوە و هۆشداری لە مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن.
محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی کارانەبوونی پەرلەمان، نەگەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ دانیشتنەکان و دەڵێت: "هەردوو حیزبی براوەی یەکەم و دووەم لە هەڵبژاردنەکان، دوای یەکەم دانیشتن نەهاتنەوە بۆ دانیشتن. ئێمە داوامان لێکردن بێن بۆ ئەوەی دانیشتنەکە و کارەکانمان تەواو بکەین، بەڵام کەسیان بە دەنگمانەوە نەهاتن."
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان باسی لەوە کرد، بەبێ رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە نە حکومەت پێکدێت و نە پەرلەمان کارا دەبێت. گوتیشی: "پێویستە بە زووترین کات رێکبکەون تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین. من وەک سەرۆکی تەمەن هەوڵی خۆم داوە و 15 رۆژ لەمەوبەریش بانگەوازم کرد کە هەر کاتێک هەموو لایەنەکان ئامادە بن، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوەی دەستبەجێ بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەین."
پارتی: ئامادەین بۆ دانیشتن و گوتاری هەردوولا نەرم بووە
لە بەرامبەردا، ئەحمەد محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی چاوەڕوانیی هاونیشتمانیان دەربڕی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم بابەتە لای هەموومان زۆر گرنگە و بەڕاستی خەڵک لەم چاوەڕوانییە نیگەرانە، ئەگەر بۆ خەڵک ناخۆش بێت، بۆ ئێمە دووجار ناخۆشە چونکە ئێمە شەرمەزارین لەبەردەم دەنگدەرانمان."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوە کرد، سەرۆکی حکومەت داوای کردووە تەواوی فراکسیۆنەکان بچنە پەرلەمان و پێکەوە دابنیشن بۆ کاراکردنەوەی و گوتیشی: "ئێمە هەموو جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکەینەوە. ئەم جووڵانەی ئێستا هەیە نیشانەی خێرە بۆ ئەوەی دەرگایەک بکرێتەوە، پەرلەمان کارا بێتەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنرێت. لە دانیشتن و لێدوانەکانیشدا نەرمی نواندن لەنێوان هەردوولا بەدی دەکرێت، بۆ ئەوەی ئومێدێک بۆ خەڵک بگەڕێتەوە."
یەکێتی: پەرلەمانتاران رۆڵیان لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکاندا نییە
هەڵمەت هۆشیار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو کە پەرلەمانتاران رۆڵیان لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکاندا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان سەرکردایەتیی لایەنەکانەوە، ئەو بە رووداوی گوت: "پێویست نییە هەموو لایەک سوور بن لەسەر ئەوەی سەدا سەدی داواکارییەکانیان جێبەجێ بێت، بەڵکو دەبێت بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت."
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی رەخنەی لە سیستمی بەڕێوەبردنی پێشوو گرت و رایگەیاند: "گرنگترین خاڵ ئەوەیە عەقڵیەتی حکومڕانیمان بگۆڕین، پێمان وا نەبێت حیزبی پلە یەک و پلە دوو هەیە، یان لەسەر بنەمای میزاجی کەسی و حیزبی بەڕێوەببرێت."
هەروەها گوتیشی: "دەبێت نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ حکومڕانی دابڕێژرێت بە بەشداریی هەموو لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان، چونکە ئەگەر ئەم کەشتییە زیانی پێبگات، هەموومان زەرەر دەکەین، بەرپرسیارێتیی یەکەمیش لە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە."
یەکگرتوو: قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە
د. بوخاری جەمیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێشووی حیزبەکەی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاش دوو ساڵ هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە. مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین لە نێوان لایەنەکان بەردەوام لە هەوڵدا بوو، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکان سەریان نەگرت. ئێستاش دەبیستین رێککەوتن لەسەر پۆست و پلە دەکرێت، لە کاتێکدا بەرژەوەندیی گشتی پشتگوێ خراوە."
د. بوخاری هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر بە زوویی کێشەکان چارەسەر نەکرێن، مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و گوتی: "ئەمریکا هێزەکانی کشاندووەتەوە، بەغداش هەر رۆژە و بە شێوازێک و لەڕێگەی کێشە و ناکۆکیی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە دەیەوێت لە دەسەڵاتی هەرێم کەم بکاتەوە و وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکات."
هەڵوێست: هاوپەیمانیی دژبەری دروست ناکەین
بەدەل بەرواری، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست بە رووداوی راگەیاند، ئەوان وەک ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانی لە هیچ لایەنێک ناکەن دژی لایەنێکی دیکە: "ئێمە نابینە بەشێک لەوەی بچینە بەرەی لایەنێک دژی لایەنێکی تر بۆ پێکەوەنانی پەرلەمان و حکومەت، چونکە کاری ئۆپۆزیسیۆن ئەوە نییە. ئەگەر پەرلەمان کارا کرا و دانیشتنی گشتی بەڕێوەچوو، ئەو کاتە بڕیار لەسەر بەشداریکردنمان لە دانیشتنەکان دەدەین."
پەرلەمانتارەکەی رەوتی هەڵوێست باسی لەوە کرد کە زۆرینەی کورسییەکان بەدەست پارتی و یەکێتییەوەیە، بۆیە بەرپرسیارێتیی یەکەم و کێشەی سەرەکیی کارانەکردنی پەرلەمان لای ئەوانە: "ئەگەر لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن بووایە، دەیانگوت خەتای ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام ئەوان زۆرینەن و دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان بکرێت نەک بەپێی داواکاریی تاکلایەنە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.

