رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی مێرسیدیسی رەساسی لەبەردەم شوقەیەک لە شاری ئەدیرنەی تورکیا لەسەر سنوور وەستا. هەرێم محەممەدی تەمەن 41 ساڵ، لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەیان کە تەمەنیان 5، 9 و 12 ساڵ بوو، سواری ئۆتۆمبێلەکە بوون. ئەوانیان برد بۆ ناوچەیەکی دارستان و لەوێ دادەبەزێندرێن.
پیاوێک رێنیشاندەریی بۆ خێزانەکە کرد بەنێو زەوییە ئاوییەکاندا تاوەکو گەیشتنە پردی ناتۆ لەسەر رووباری ماریسا (مێریچ)، کە بە ئەفرۆس ناسراوە لە یۆنان و بەشێکە لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، هەرێم محەممەد ڤیدیۆی هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەی تۆمارکردبوو کە لە گەشتێکی ئاسمانیی دا بە فڕۆکەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەی جێت (AJet) بە ژمارە VF374 لە سلێمانییەوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەچوون. لە ڤیدیۆکەدا سێ منداڵەکە بە دڵخۆشییەوە سەیری یەکدییان دەکرد.
دوای گەیشتنە ئیستەنبووڵ خێزانەکە هیواخوازبوون بگەنە یۆنان و لەوێوە بچن ببنە پەنابەر لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەش دەیانویست بە قاچاخی و نهێنی لە سنووری ئاویی تورکیا بپەڕنەوە بەرەو یۆنان . ئەوان بڕی 55 هەزار دۆلاریان دانابوو تاوەکو هەر کە گەیشتنە ئەڵمانیا بدرێتە قاچاخچییەکە.

هەرێم بە بیرهێنانەوەی رووداوەکە دەڵێت: "بەلەمێکی بچووک لە کەناری رووبارەکە بوو، هەوامان تێکرد." سێ کەسی دیکەش چاوەڕێی پەڕینەوەبوون لە رووبارەکە، کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەوە ئاستی ئاوەکەی بەرزببووەوە.
هۆزان رۆستەم، تەمەن 37 ساڵ، کە هاوژینی هەرێم محەممەدە، ترسی هەبووە، چونکە بینیویەتی کە ئەو بەلەمە بچووکە کە 8 کەس و بڕێکی زۆر جانتا و کەلوپەلی هەڵگرتبوو، بەرگەی پەڕینەوەکە نەگرێت.
ترس و دڵەڕاوکێیەکانیان زۆریان نەخایاند و بوونە راستی.
بەلەمەکە سەرەتا هەر کە بەڕێکەوت خێرا وەرگەڕا، بەڵام دایک و باوکەکە توانییان سێ منداڵەکەیان رزگار بکەن.
کوڕە گەورەکەیان (هەستیار) 12 ساڵ بوو، دوای ئەو (هەریاد)ی تەمەن 9 ساڵ و بچووکترینیان (مێلا)ی تەمەن 5 ساڵ بوو.
دایک و باوکەکە کە بەهۆی ئەو رووداوە تووشی شۆک ببوون، ناڕەزایییان دەربڕی و گوتیان پەڕینەوەکە زۆر مەترسیدارەو ناڕۆین.
یاریدەدەرێکی قاچاخچییەکە بە ناوی (سەرباز) بە دایک و باوکە ترساوەکەیان گوت: "دەبێ بەردەوام بین و بڕۆین و بپەڕینەوە، ئەگەرنا پۆلیسی تورکیا دەستگیرمان دەکات."
ئەو دوو رێنیشاندەرەی کە بە کوردی پێیان دەگوترێت "رێبەر"، کاریان لەگەڵ قاچاخچییەک بە ناوی (رێکان) دەکرد، کە خەڵکی هەولێرە و لە ئەدیرنە دەژیت. سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانیان، بنەماڵەکە بۆ جاری دووەم سواری بەلەمەکە بوونەوە.
محەممەد لە پەیامێکی دەنگیدا کە لە رێگەی رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەرانەوە گەیشتووەتە (رووداو- ئینگلیزی) دەڵێت: "دیسان سواری بەلەمەکە بووینەوە و کەلوپەلێکی زۆرمان پێ بوو. چووینە نێو ئاوەکە و شەپۆلەکان بەلەمەکەیان راوەشاند و بەلەمەکە بە تەنیشت قەدی دارێک کەوت و وەرگەڕاین."
محەممەد گوتی: "توانیم ژنەکەم رزگار بکەم، بەڵام سێ منداڵەکەم، خودا وەک فریشتە لێی سەندینەوە."
شەپۆلە بەهێزەکانی ئاوەکە منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان برد.
هۆزان رۆستەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە بە گریانەوە قسەی دەکرد، ئەو ساتە ترسناکانەی بیرهێنایەوە کە بەلەمەکە وەرگەڕا.
ئەو گوتی چاوەکانی داخستووە و شایەتمانی خوێندووە، چونکە باوەڕی وابوو ئەو و تەواوی خێزانەکەی لە مردن نزیک بوونەتەوە. گوتی: "منداڵەکانم لەبەر چاوەکانی خۆمدا خنکان."
بەپێی قسەکانی رەنج پشدەری، دوو لە منداڵەکان بەهۆی شەپۆلی ئاوەوە بردران و تائێستا بێسەروشوێنن. سێیەمیان لە رووبارەکە دەرهێنراوە، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانەیەکی ئەدیرنە گیانی لەدەستدا.
ئێستا ئەو دایک و باوکە دڵشکاوە هیوادارن تیمەکانی رزگارکردنی حکومەتی تورکیا تەرمی دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەیان بۆ بدۆزنەوە.
هەرێم محەممەد بە خەمێکی زۆرەوە دەڵێت: "سێ منداڵەکەم لەدەست چوون، ماڵەکەم وێران و سەرەوژێر بوو. یەک منداڵم لە نەخۆشخانە مردووە و ئەوانیدیکەش بێسەروشوێنن."
ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵی تورکیا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دەزگای بەهاوارچوونی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (AFAD) لەگەڵ تیمەکانی پۆلیسی سەربازی (جەندرمە) رۆژی پێنجشەممە بەشێوەی هاوبەش ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنیان لە ئاسمان و ئاودا بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکان کردووە.
پێش رووداوەکە، هۆزانی دایکی سێ منداڵەکە باسی هەستێکی ناخۆشی کردبوو کە پێیوابوو شتێکی ترسناک روودەدات.
ئەو دەڵێت: "شەوی پێشتر منداڵەکان بەردەوام پرسیاریان لێدەکردم، بەڵام نەموێرا وەڵامیان بدەمەوە. هەستم دەکرد شتێک لە جێگای خۆیدا نییە."
ئەو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات یارمەتی بدەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکانی.
هۆزان رۆستەم بە گریانەوە و بە زەحمەت کۆنترۆڵکردنی خۆیەوە گوتی: "کچەکەم زۆر جوان بوو. خوایە ژیانیان [قاچاخچییەکان] وێران بکە."
دایک و باوکەکە ئێستا لە بنکەیەکی پۆلیس لە ئەدیرنە راگیراون، محەممەد دەڵێت ئەفسەرانی تورکیا بە میهرەبانییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و دەڵێت: "پۆلیسەکان زۆر باش بوون لەگەڵمان، بە ڕێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن."
دایکی منداڵەکان بە گریانەوە گوتی: "تەنیا داواکاری من ئەوەیە تەرمی منداڵەکانم بگەڕێنمەوە کوردستان و لەوێ بەخاکیان بسپێرم".
