رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەریتانیا و فەرەنسا لە دادگای هەولێر، دادگاییکردنی تۆمەتبارێکی سەرەکی بە رێکخستنی کارەساتبارترین رووداوی نقومبوونی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز، رۆژی چوارشەممە 14ی ئەیلوولی 2026 لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
تۆمەتبارەکە ناوی (ب. م . ع)ـە و تۆمەتبارە بەوەی رێکخەری سەرەکی کاروانی کۆچبەرانی نایاسایی ئەو بەلەمه بووە کە ئێوارەی 23ی تشرینی دووەمی 2021 لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بەرەو دۆڤەر، کە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا ، بەڕێکەوت و، لانیکەم 21 کۆچبەری کوردی هەڵگرتبوو.
تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 8ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق (یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012) دادگایی دەکرێت، بەپێی ئەو یاسایە هەر کارێک لەو بوارەدا ببێتە هۆی مردنی قوربانییەکە، سزاکەی لە سێدارەدانە.
بەلەمەکە لە کەناڵی ئینگلیز نقووم بوو، بەهۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستدا و تەنیا دوو کەس رزگاربوون. دەسەڵاتدارانی فەرەنسا 27 تەرمیان دۆزییەوە، بەڵام تەرمی چوار قوربانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەرگیز نەدۆزرانەوە. دەگوترێت یەکێک لە قوربانییەکان ژنێکی دوو گیان بوو.
لە 30ی ئەیلوول دا، دادگایەک لە پاریس 6 ئەندامی تۆڕێکی قاچاخچێتیی مرۆڤی بە "کوشتنی نائەنقەست" تۆمەتبار کرد، دوای دادگاییکردنێکی چوار هەفتەیی تۆمەتەکان لەسەریان ساخبوونەوە و سزای 6 بۆ 10 ساڵ زیندانی بۆ دەرکردن. لە کۆی 14 تۆمەتباری بەردەم دادگای پاریس، تەنیا یەکێکیان بێ تاوان دەرچوو، 7ی دیکەشیان بە تاوانی پەیوەست بە قاچاخچێتیکردن تاوانبارکران و زیندانیکردنی تاوەکو چوار ساڵیان بۆ بڕایەوە.
دانیشتنی رۆژی چوارشەممە کاژێر 10:30ی بەیانی لە دادگای تاوانەکانی چواری هەولێر دەستی پێکرد، کە تێیدا کەسوکاری لانیکەم 10قوربانی ئامادەبوون.
تۆمەتبار (ب. م . ع)، بە جلی زەردی زیندانیکراوانەوە کە نیشانەی پۆلیسی هەولێری لەسەر بوو، هێنرایە نێو هۆڵی دادگا. ریشی تاشراو و بەشێوەیەکی رێکپۆشەوە، هاتە نێو هۆڵەکە، بەبێ ئەوەی سەیری دایک و باوک و خوشک و برای ئەو کەسانە بکات کە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو لە پشت پەردەیەکی قاوەییەوە دانیشت و دوو پۆلیس لە پشتییەوە وەستابوون.
دادوەر بە هاوکاری دوو دادوەری دیکە، دەستیان بە خوێندنەوەی ناوی قوربانییەکان و روونکردنەوەی ئەو رووداوانە کرد کە بوونە هۆی مەرگیان لە ئاوی ساردی مانگی تشرینی دووەمی کەناڵی ئینگلیزدا.
حەوت پیاو و پێنج ژنی تەمەن مامناوەندی بە سەرپۆشەوە لەبەردەم دادوەرەکان وەستابوون و داوای دادپەروەرییان بۆ کەسوکاریان دەکرد.
کاتێک دادوەر باسی کارەساتەکەی دەکرد، ژنانی نێو هۆڵەکە فرمێسکیان دەڕشت.
دادوەر لە کاتی خوێندنەوەی ناوی کەسوکاری قوربانیانی کەیسەکە، بانگی کرد: نووری محەممەد ئەمین.
زانا مامەند، کە نوێنەرایەتی خێزانەکان دەکات و براکەی (توانا) لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە، وەڵامی دایەوە: "ئامادە نییە. نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە."
بارانی کچی نووری یەکێک بوو لەو کەسانەی لەنێو بەلەمەکەدا بوو، بەوهیوایە ملی رێگەی گرتبوو تاوەکو لە بەریتانیا بگاتە لای دەستگیرانەکەی.
مامەند تاکە کەسوکاری قوربانییەکان بوو کە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا بانگکرا بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە.
ئەو باسی براکەی کرد کە یاریزانێکی تۆپی پێ بوو و تەرمەکەیشی نەدۆزراوەتەوە. دایکی توانا لە کۆتایی هۆڵەکەدا دەستی بە گریان کرد و ژنانی دیکەش لەگەڵی گریان.
مامەند بە دادگای راگەیاند کە بڕی 3200 دۆلاری لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی داناوە بۆ ئەوەی دەرچوون بۆ بەریتانیا بۆ براکەی و سێ هاوڕێی رێکبخات. گوتیشی ئەو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە راستەوخۆ لەگەڵ بەشدار کاری کردووە.
دواتر داواکاری گشتی لە مامەندی پرسی ئایا دەتوانێت تۆمەتبارەکە بناسێتەوە؟
داواکاری گشتی پرسی: "ئایا ئەو پیاوەی لە قەفەسی تۆمەتباراندایە، هەمان ئەو کەسەیە کە لە تەلەفۆن قسەت لەگەڵ کردووە؟". مامەند وەڵامی دایەوە کە پێش کارەساتی تشرینی دووەمی 2021 بەهیچ شێوەیەک تۆمەتبار (ب. م. ع) ی لە نزیکەوە نەبینیوە، بۆیە ناتوانێت بڵێت دڵنیایە.
هەروەها بە دادگای گوت کە بەشدار دوای کارەساتەکە پەیوەندی بە خێزانەکەی و کەسوکاری قوربانییەکانی دیکەوە کردووە بۆ ئەوەی رێککەون و رازییان بکات کە سکاڵا تۆمار نەکەن.
مامەند بە دادوەرەکانی گوت: "ئامادەبوو هەرچییەک داوا بکەین بیکات بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بێت و سکاڵا تۆمار نەکەین"، بەڵام خێزانەکان ئەو پێشنیازەیان رەتکردەوە.
دادوەر سەرسامی خۆی دەربڕی لەوەی کە خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ نەکراوە، سەرەڕای رۆڵەکەی لە وەرگرتنی پارەی قاچاخچێتییەکە.
لەبەرئەوە دادگا دانیشتنەکەی دواخست و فەرمانی دا بە لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵ خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکە، بەر لەوەی دادگاییکردنەکە دەست پێ بکاتەوە.
هیچ رۆژێک بۆ دانیشتنی داهاتوو دیاری نەکرا، تاوەکو ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەردەکەوێت.
بۆ ئەو خێزانانەی کە نزیکەی پێنج ساڵە بەدوای بەدەستهێنانی دادوەرین بۆ مافی کەسوکاریان، دانیشتنی رۆژی چوارشەممە هەنگاوێکی دیکە بوو لە رێگەی درێژی گەیشتن بە دادپەروەری.
رزگار حوسێن کاتێک لە هۆڵی دادگا دەهاتە دەرەوە گوتی: "تاوەکو ئەوکاتەی وزەم تێدا مابێت، دێمە دادگا بۆ ئەوەی مافی ئەوان بەدەستبێنم."

