رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکە و دوایین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی دیکەی بە مادەی 56ـی سزا کۆتاییهات، دادوەر لاهوور شێخ جەنگی و نۆ لە گیراوانی لالەزاری حکوم دا دوو لە گیراوانیش بێ تاوان دەرچوون.
دادوەرانی دۆسیەکە، لاهوور شێخ جەنگییان بە 5
ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن سزا دا. هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە 3 ساڵ و 6 مانگ و رێبوار
حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ بە "توندی" سزا دران.
دوو لەو کەسانەی تۆمەتباربوون، لەو مادەیەدا ئازاد کران، کە ناویان
عومەر شێخە، پاسەوان و کەیوان محەممەد بوو. رێنوار زینوار، رێبوار قودرەت یەکی بە
دوو ساڵ و شەش مانگ حوکم دران.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی یاسا دەبوو هەموویان ئازاد بکرێن، ئێمەش پێشوەختەش دەمانزانی سزایان دەدەن و ئامادەکاریمان کردووە تانە لە بڕیارەکە دەدەین و بە گشتیی رەتیدەکەینەوە، چونکە هیچ توانێکی رێکخراو نەکراوە و لەبەرنامەی کاریشیاندا نەبووە".
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگە
ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەشداریی لە دادگەییکردنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026ـی لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی کردووە، دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی بەشێوەیەکی ئاسایی و بە تیشێرتێکی سپیی نیوقۆڵەوە هاتە هۆڵی دادگە، جگە لە سپیبوونەوەی پێستی، هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر رووخساری دیار نەبووە.
لەو هۆڵەی ئەمڕۆ دادگەیی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی کرا، کە بە تۆمەتێکە گوایە هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان داوە، بە پارێزەران و کەسوکاری دەستگیرکراوانەوە نزیکەی 100 کەس ئامادەبوون، هۆڵەکە بە 16 گڵۆپ رووناککرابووەوە و تەنیا 1 پانکە کاری کردووە.
نێردراوی رووداو بۆ دادگەی تاوانەکانی سلێمانی باس لە قسەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگە دەکات و دەڵێت: "ئەو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوەو گوتی ئەو گوتانەی لە ئەو و هاوڕێکانی وەرگیراون دەستکاریی نێوەڕۆکیان کراوە".
لەگەڵ قسەکانی دادوەردا، لاهوور شێخ جەنگی جار جار پێدەکەنی و وەکو ئاماژەی رەتکردنەوە سەری رادەوەشاند، هەروەها جارجار دەموچاوی گرژ دەکرد. رۆژنامەڤانەکەی رووداو گوتی: "لاهوور شێخ جەنگی بە دەستەی دادوەرانی گوت: "من لە سێدارە بدەن، بەڵام کوڕی خەڵک؛ ئەوانەی دەستگیرکراون با ئازاد بکرێن".
یەکێکی دیکە لە قسەکانی لاهوور شێخ جەنگی ئەوە بووە، کە ساڵێک و دوو مانگە دەستگیرکراوە وەکو تۆمەتبار "یەک جار" لەلایەن دادوەرانەوە گوتەی لێوەرگیراوە، بۆیە هەموو شتێکی رەتکردووەتەوە.
گوتەی تۆمەتبارانی دیکەی لالەزار
لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە ئەمڕۆ لە هۆڵی دادگەی تاوانەکان لە سلێمانی ئامادە بوون. پۆڵاد شێخ جەنگی هاوشێوەی براکەی تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و بە دادوەرانی گوتووە، ئەو داوای پارێزەری کردووە و بۆی دابین نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەهۆی نەبوونی پارێزەر و نەزانینی خوێندنەوەی کوردی، کاتێک گوتەی لێوەرگیراوە کاخەزێکی واژۆ کردووە کە نێوەڕۆکەکەی نازانێت و ئێستا رەتیدەکاتەوە".
لەکاتێکدا کە تۆمەتباران لە قەفەزی دادگە وەستابوون، پارێزەران قسەی بەشێکی تۆمەتبارەکانیان گەیاندە دەستەی دادوەران، ئەو قسانەی تیمی پارێزەران دەیانگەیاند، هیچیان لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە رەتنەکرانەوە.
رەمەزان حوسێن کە پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی بووە، هەروەها عومەر شێخە پاسەوان، سەربەست مینە حەمە پاسەوان، کەیوان محەممەد باخەوان ئەو کەسانە بوون لە دادگە کە پارێزەران گوتیان: "هەموویان جەخت دەکەنەوە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا گوتەیان لێوەرگیراوە".
پارێزەران بە دادوەرانیان گوت، تۆمەتبار ئاراس حەمەعەلی دەڵێت، چەندین جار داوای پارێزەری کردووە و بۆی دابین نەکراوە. هەروەها رێنوار زنیار، کە لە بەشی کارگێڕیی هۆتێل لالەزار بووە ئاماژەی بەوە کردووە، بە زۆر گوتەیان لێوەرگرتووە.
بە گوتەی پارێزەرەکانیان، پێشەوا حەسەن کە قاپشۆر بووە لە لالەزار گوتوویەتی لەژێر ئەشکەنجەدا گوتەی لێوەرگیراوە، هاوکات تۆمەتبار بۆتان مستەفا گوتوویەتی، ئەو کاری دیزاینی ریکلامی کردووە و بەرپرس نییە لە هیچ بابەتێکی دیکە.
رێبواری قەناس: من شێت نیم و تەندروستیم باشە
رێبوار حامی حاجی غالی، ئەفسەر لە پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، هەروەها رێبوار قودرەت کە بە "رێبواری قەناس" دەناسرێت بە دادوەرەکانی گوتووە، "ئەو وەکو شێت ناسراوە و ناوی دەرچووە، بەڵام هەموو ئەوانە درۆن".
رێبوار حامی حاجی غالی کە دواجار ئەمڕۆ حوکمدرا ئەفسەر بووە لە بەرگری و فریاکەوتن، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی، وەکو عەقید لە ئەنجوومەنی ئاسایش ناسێندراوە و بە دادوەرانی گوتووە، "بێ پارێزەر لێدوانمان لێ وەرگیراوە و بێ پارێزەر داوای وەرگێڕمان کردووە".
رێبوار قودرەت بە دادوەرانی گوتووە، "چەند جارێک چوومە دەرەوەی وڵات و گوترا دەمارێکی سەرم وەکو پێویست کار ناکات، دوایین جار ساڵی 2021 چوومەوە دەرەوە گوتیان ئێستا باشیت و کێشەت نەماوە".
لاهوور شێخ جەنگی وەکو پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی رێبوار قودرەت بە دادوەرانی گوت، راست دەکات و ئەو چەند جارێک بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵاتی کردووە.
رەمەزان کە تۆمەتبارێکی دیکەیە لە دەستەی دادوەرانی پرسی: "کاتێک دەستگیرکرام ئۆتۆمبێلێکی رەش هاتە تەنیشتم و گوتی، ئەگەر نەوەستابای تەقەم لێ دەکردیت، لە ئاسایش دەپرسم، بە چ یاسا و رێگەپێدانێک مافی هەبووە تەقە لە من بکات؟".
لە دانیشتنەکەدا لاهوور شێخ جەنگی وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکانی دۆسیەکە گەنجێک بوو بە ناوی ئاراس، لە قسەکانیدا گوتی، لە ئاسایش هیچ ئەشکەنجەیەک نەدراوە، بەڵام "لە دەرەوەی ئاسایش کاری ناشایستەم لەگەڵدا کراوە".
قسەی داواکاری گشتی
داواکاری گشتی کە لە دانیشتنەکەدا بەشداربوون، ئەندامێکیان پێش حوکمدرانی دەستگیرکراوان داوای ئازادکردنی بۆ عومەر شێخە و کەیوان محەممەد کرد، بەگوێرەی ئەوەی تۆمەتیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە.
بۆ لاهوور شێخ جەنگی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی داوای لە دەستەی دادوەران کردووە: "جگە لە مادەی 56، داواکارین بە مادەی 58ـیش لاهوور شێخ جەنگی سزا بدرێ".
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی، بووە هەشتەمین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی و حەوتیان لەسەر مادەی 56 بوو کە ئەمڕۆ یەکلایی کرایەوە.
لە مادەی 56ـدا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و 1 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4)ـی ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
دوای دۆسیەی مادەی 56، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقە و تایبەتە بە کوشتن.



