رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێی بڕیارەکانی خودی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، تاوەکو داتاکانی سەرژمێریی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەگەڵ تۆماری ساڵی 1957 بەراورد (مقاطعە) نەکرێن، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری نایاساییە و دەشڵێت: "کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ 12.7% پووچەڵە و هیچ نرخێکی یاسایی نییە." هەروەها داوا فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات، وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکەن.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2026، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەگوێرەی بڕگەی 4ی بڕیاری ژمارە 24860ی ساڵی 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بە روونی جەخت کراوەتەوە کە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و پارێزگاکانی دیکە، تەنیا دوای تەواوبوونی پڕۆسەی بەراوردکردنی داتاکان و تۆماری تایبەت رادەگەیێندرێت و پشتڕاست دەکرێتەوە.
"وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بەراوردکردنی داتاکان خۆی دزیوەتەوە"
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان روونی دەکاتەوە: "پێش تەواوبوونی بەراوردی داتاکانی سەرژمێری لەگەڵ تۆماری ساڵی 1957 بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، نابێت ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رابگەیێندرێت؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بەراوردە نەکراوەە و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ خۆی لێ دزیوەتەوە."
ئامانج رەحیم جەخت دەکاتەوە کە لەسەر ئەم بنەمایە، "دیاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ 12.7% هیچ نرخێکی یاسایی نییە و پووچەڵە، ناکرێت وەک ئەنجامی کۆتایی هەژمار بکرێت تا ئەو کاتەی بەراوردکردنی داتاکان بە تەواوی دەکرێت."
پێویستە پشکنینەکە هاوبەش بێت نەک تاکلایەنە
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە بەپێی هەردوو بڕگەی 3 و 4 لە بڕیاری ژمارە 24853ی ساڵی 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پرۆسەی بەراوردکردنی داتاکانی ناوچەکانی ماددەی 140 لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957، دەبێت بە هاوبەشیی نێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و هەردوو دەستەی ئاماری هەردوولا بکرێت، نەک بە رێکاری تاکلایەنە لەلایەن بەغداوە.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە: "لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا بەراوردکردنی داتاکان و پشکنینی هاوبەش ئەنجام نەدراوە، راگەیاندنی هەر ئەنجامێکی کۆتایی و بەکارهێنانی بۆ دیاریکردنی پشکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی نایاسایی و پووچەڵە و دەبێت رێگریی لێ بکرێت."
ئامانج رەحیم باس لەوەدەکات، لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵگەنامە و بنەما دەستوورییانەی پێشتر خستوونیەتە روو، داوا لە تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکات بە یەک هەڵوێست ئیمزا کۆبکەنەوە تاوەکو وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشت بکرێت، بە مەبەستی روونکردنەوەی بنەما یاسایی و ئامارییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریی 2024 و هەنگاونان بۆ راستکردنەوەی.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوا کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ (کە بە وەکالەت ئەرکی وەزیری پلاندانانیش بەڕێوەدەبات)، "بە دەنگێکی بەرز و بە بەڵگەنامەی فەرمیی خودی دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەم بابەتەمان خستووەتەڕوو و داوای چارەسەرکردنمان کردووە."
هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ماف و شایستەکانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تەنیا ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە، بەڵکو بەپێی ماددەی 61ـی دەستوور و یاسای پەرلەمان، پەرلەمانتاران دەسەڵاتی چاودێریکردن و داواکردنی ڕوونکردنەوەیان لە وەزیرەکان هەیە.
هۆشداری لە کاریگەریی سەرژمێری لەسەر بودجە
ئامانج رەحیم هۆشداریی تووند دەدات لەوەی ئەم کەمکردنەوەیە راستەوخۆ کار لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 دەکات، هەربۆیە پێویستە پێش پەسەندکردنی یاساکە یەکلایی بکرێتەوە و دەڵێت:"ئەگەر ئەم رێژەیە وەک ئەوەی لە رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی هاتووە پەسەند بکرێت، دەبێتە یاسا و لە داهاتوودا سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان دەیکەنە بنەما بۆ بڕیاردان لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەوەش بابەتەکە لە ناکۆکییەکی ئامارییەوە دەگۆڕێت بۆ ناکۆکییەکی تەشریعی."
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستی بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش و یەکگرتوویی هەموو نوێنەرانی کورد هەیە، هاوکات بڕیاری ژمارە 24853ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی عێراق بە بنەمایەکی سەرەکی دەزانێت بۆ بەدواداچوونە یاساییەکان.



