رووداو دیجیتاڵ
دادگەی شۆڕشی تاران جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بۆ بەندکراوێکی سیاسیی کورد دەرکرد؛ پارێزەرەکانی دەڵێن، تاوەکو 20 رۆژ مۆڵەتی تانەدان لە بڕیارەکەی دادگەیان پێدراوە.
ئەمیر سەجادی و کەیوان عەزیزی، دوو پارێزەری وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد پشتڕاستیان کردەوە، دوێنێ چوارشەممە 14-10-2026، جارێکی دیکە لقی 15ـی دادگەی شۆڕشی تاران، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو هاونیشتمانییە دەرکردووە.
بەگوتەی پارێزەرەکانی، ئەم جارە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی کە پێشتر 10ـی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ''گرووپێکی یاخی''ـیەوە، دەرکراوە.
ئەمیر سەجادی رایگەیاند، لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە پێیان راگەیێندراوە، تاوەکو 20 رۆژ مۆڵەتی تانەدان لە بڕیارەکەی دادگەیان هەیە.
وەک پارێزەرەکانی دەڵێن: ''ئەم سزایە بەبێ لێکۆڵینەوەی پێویست لە دیوانی باڵای دادوەری و تەنیا بە گۆڕینی ناونیشانی تۆمەتەکە دراوە و، لە بواری یاسایییەوە هیچ رەواییەکی نییە''.
وریشە مورادی، خەڵکی سنەیە و رۆژی 3ـی ئابی 2023 لە رێگەی نێوان مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بەتۆمەتی "بەغی" واتا ئەندامیێتی لەو گرووپانەی دژی حکومەتی ئیسلامی چاڵاکی چەکدارانەیان کردووە، بە لەسێدارەدان حوکمدرا.
بەڵام کۆتاییەکانی ساڵی 2025، لقی 9ی دیوانی باڵای دادوەریی وڵاتەکە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا، سزاکەی هەڵوەشاندەوە.
بەغی، تۆمەتێکی ئاسایشییە و بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکدارییە دژی حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەپێی مادەکانی 287 و 288 یاساکە، سزای بەغی لەسێدارەدان، یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەبێت.



