رووداو دیجیتاڵ
منداڵانی گوندی بۆڵقامیش لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی خوێندن رۆژانە سەرکێشی بە ژیانیانەوە دەکەن؛ بەشێکیان بە بەلەم و "سیم و بەکرە" بەسەر شەپۆلە خێراکانی زێی بچووکدا دەپەڕنەوە، بەشەکەی دیکەشیان ناچارن رێگەیەکی حەوت کیلۆمەتریی پڕ لە قوڕ و چاڵ ببڕن کە لە وەرزی بارانباریندا هاتووچۆی تێدا پەکیدەکەوێت.
گوندی بۆڵقامیش سەر بە شارەدێی ئاغجەلەرە، ماوەی 18 ساڵە بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتووان و نەبوونی مامۆستاوە قوتابخانەکەی داخراوە. ئێستا 13 قوتابیی گوندەکە بۆ درێژەدان بە خوێندن، بەسەر قوتابخانەکانی گوندەکانی دراوسێدا (بۆگد، گۆپتەپە و کلێسا) دابەش بوون.
بە بەلەم و سیم لەسەر رووبار؛ ترسی خنکانی رۆژانە
بەختیار ئیسماعیل، باوکی سێ قوتابییە لە گوندەکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو گوتی: "شەش ساڵە رۆژانە دووجار واز لە شوانکاری دەهێنم و منداڵەکانم بە بەلەم دەپەڕێنمەوە، پاشان 20 خولەکیش بە پێ دەڕۆن تا دەگەنە قوتابخانە. ئەمساڵ ئاوی زێی بچووک زۆر زیادی کردووە و بەردەوام مەترسیی لەسەر ژیانمان هەیە."
دڵشاد تۆفیق، موختاری گوندەکە و باوکی پێنج قوتابی، منداڵەکانی بە شێوازێکی مەترسیدارتر و بە "سیم و بەکرە" بەسەر ئاوەکەدا دەپەڕێنێتەوە و دەڵێت: "هەفتەیەکە لە ترسی زۆربوونی ئاوەکە نەمناردوون بۆ قوتابخانە. چەند رۆژێک پێش ئێستا سیمەکە پچڕا کاتێک خۆم لەسەری بووم؛ ئەگەر منداڵ بوونایە ئاو دەیبردن و دەگەیشتنە تەقتەق."
ئەو خێزانانەشی نایانەوێت پەنا بۆ ئاو بەرن، بە رێگەیەکی قوڕاوی و ناڕێکدا منداڵەکانیان دەگەیێننە قوتابخانە. نەوزاد عەباس، باوکی سێ قوتابی لە (بەرپرسیار) رایگەیاند: "رێگەکە هێندە خراپە لە کاتی باراندا ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسلیش (پاترۆڵ) ناتوانێت پێیدا بڕوات، بەهۆی ئەم سەختییەشەوە پار منداڵەکانم لە خوێندن دابڕان و کوڕە گەورەکەشم بە یەکجاری وازی لە خوێندن هێنا."
سەبارەت بە داخستنی قوتابخانەکە، مامۆستا فەهمی لە بەشی پلاندانانی پەروەردەی چەمچەماڵ روونیکردەوە کە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت، هەر قوتابخانەیەک ژمارەی قوتابییەکانی لە 15 کەس کەمتر بێت، دادەخرێت.
هاوکات، پێشڕەو حەمە شەریف، نوێنەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە بەرنامەی بەرپرسیار داوای لە کەسوکاری قوتابییەکان کرد سەردانیان بکەن تاوەکو لیژنەی بەدواداچوونیان بۆ پێکبهێنن و راپۆرتەکە بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "چاککردنی رێگەوبان لە دەسەڵاتی پەروەردەدا نییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رێگەکە چاک بکەن بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت هاتووچۆ بکات."
دانیشتووانی بۆڵقامیش دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە مافی خوێندن بێبەش نەبن: یان دووبارە کردنەوەی قوتابخانەی گوندەکەیان، یاخود دروستکردنی پردێک بەسەر زێی بچووکدا تاوەکو لە مەترسیی مەرگی رۆژانە رزگاریان بێت.


