رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی دیداری مێری لە هەولێر کە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تێڕوانینی پارتەکەی بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی کورد خستەڕوو.
باکرهان باسی لەوە کرد کە کێشەی سەرەکیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا دەستوەردانی دەرەکی نییە، بەڵکو نەبوونی دیموکراسی، نکۆڵیکردنی مافی پێکهاتەکان و تاکڕەوییە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا 3 تریلیۆن دۆلاری لە جەنگی چەند دەیەی رابردوودا خەرج کردووە و هەربۆیە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری بۆ هەموو تورکیا گرنگە.
سەبارەت بە هەوڵە نوێیەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند کە ئەوان وەک پارتەکەیان ئامادەن تاوەکو کۆتایی لەسەر مێزی گفتوگۆ بمێننەوە، بەو پێیەی یەکەمین جارە لە مێژووی 100 ساڵەی کۆماردا، پەرلەمان یاسایەکی بۆ پرسی کورد دەرکردووە.
باکرهان پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد و رەخنەی لە کەمکردنەوەی زمانی کوردی بۆ تەنیا سێ کاژێر وانەی هەڵبژاردەیی گرت و داواشی کرد مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووری نوێی سووریادا مسۆگەر بکرێ.
دەقی گفتوگۆکە:
پرسیار: جەنابی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی). زۆر سوپاس بۆ هاتنت و بەشداریکردنت لە دیداری مێری. پێش ئەوەی پرسیارێک بکەم، تەنیا سەیری ئەم دیمەنە جوانە بکە؛ سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانی سێ پارچەی کوردستان لێرە ئامادەن. یەکێک لە شتە گرنگەکان ئەوەیە، ئەم سەرکردانە لە سەردەمێکی خەباتدان کە داکۆکی لە مافی سیاسی و مرۆیی کورد و کوردستان دەکەن، لە هەمان کاتدا لە پایتەختی وڵاتەکانن. لە عێراق و بەغدا خەبات دەکەن و بوونەتە بەشێک لە سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە. پێش پەنجا بۆ سەت ساڵ دەوڵەت بە دووژمن هەژمار دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ سەرکردەی سیاسیی کورد بەشێکە لە سیستمی حوکمڕانیی دەوڵەت. جەنابتان ئەندامی پەرلەمانی تورکیان و لەوێ دەسەڵاتی یاسادانان بەشێکە لە سیستمی حوکمڕانی. ئەو بەڕێزانەی دیکەش لە بەغدا خەبات دەکەن و پەرلەمانتار و وەزیریان هەیە. بەڕێز مەزڵووم عەبدی و براکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستانیش ئەمڕۆ چوونەتە دیمەشق و لەناو دەوڵەتی سووریا بۆ مافی گەلەکەیان خەبات دەکەن. پرسیارەکەم ئەوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە گەورەکانی دوای شەڕ و ریزبەندیی هێزەکان و بڕیاردانی هێزە هەرێمییەکان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێوە وەک دەم پارتی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی تورکیا چۆن دەبینن؟ تورکیا خۆی وەک دەوڵەت چۆن سەیری رۆژهەڵاتی نێوەراست دەکات؟ ئەوەندەی تورکیامان ناسیوە، چاوی لە ئەمن بووە، چاوی لە ئابووری بووە، هێزی هەیە لە سووریا، لە عێراق، لە قەتەر، لە لیبیا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و ئێوە چۆن سەیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن؟
تونجەر باکرهان: زۆر سوپاس. سەرەتا، سڵاو و رێزم بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، بەڕێز مەزڵووم عەبدی و سەرجەم نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئامادەبووی ئەم دیدارە، هەروەها سڵاوی گەرمی تورکیاتان پێ دەگەیێنم. پێش ئەوەی بچمە ناو وەڵامی پرسیارەکەوە، دەمەوێ روونکردنەوەیەک بدەم لەسەر ئەوەی چۆن دەڕوانینە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جیهان چیدیکە جیهانە کۆنەکە نییە، یاسا و دامەزراوەکان لە گۆڕاندان. لەم جیهانەدا ئێستا بەهێزەکان لاوازەکان دەچەوسێننەوە و دەست بەسەر سەرچاوەکانی ژێرزەوی و سەر زەوییاندا دەگرن. هەمووان لەبری بەهاکان، دیموکراسی و یاسا، بەهاکانی خۆیان پێشخستووە. ئەمریکا وەک بازرگانییەک دەڕوانێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رووسیا زیاتر هەوڵ دەدات بە هێزی سەربازییەوە بوونی هەبێت، چین دەیەوێت هێزە ئابوورییەکەی بگۆڕێ بۆ زەمینەیەکی سیاسی، هەروەها یەکێتیی ئەورووپاش خەریکی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیەتی و هەوڵ دەدات نایەکسانییەکان چارەسەر بکات. واتە کێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لەوەی کێشەی هێزە ئابووری و نێودەوڵەتییەکان بێت، کێشەی سەرەکیی گەلان و باوەڕییەکانی ناوچەکەیە. دەبێت ئێمە بە راشکاوی و بوێرییەوە گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی خۆمان بکەین و ئەو هەڵانەی لە رابردوودا کردوومانن دووبارەیان نەکەینەوە. گەورەترین کێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێڕوانینی تاکڕەوی، نکۆڵیکردن، مەزهەبگەرایی و دەسەڵاتخوازییە، کە ئەمەش وایکردووە هێزە دەرەکییەکان دەستوەردان بکەن. سەت ساڵە ئەو گەلانەی لە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهاندا دەژین، رۆژێکی خۆشیان نەدیوە. بۆ نموونە عێراق، دەوڵەمەندترین سەرچاوەی نەوت و گازی هەیە، بەڵام وەک بەڕێز قوباد تاڵەبانیش ئاماژەی پێدا، پارەکەی بەهای لەدەستداوە، ئابوورییەکەی بەهێز نییە و خەڵکەکەی لە دڵەڕاوکێی داهاتوودان. هۆکاری ئەوەی وڵاتێکی وەها دەوڵەمەند بەم شێوەیە دەژی، نەبوونی زەمینەیەکی دیموکراسییە کە هەموو رەنگەکان بتوانن تێیدا خۆیان ببیننەوە. سەیری ئێران بکەن، گەورەترین سەرچاوەی هەیە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی لە خۆشگوزەرانیدا بژی، بەڵام ساڵانێکە کورد، فارس، بەلووچ، ئازەری، تورکمان و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە هەژارییەکی سەختدا دەژین. ئێمە لێرەوە دەپرسین، چی وایکردووە وڵاتێک کە دەبێت لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بێت، بگاتە ئەم دۆخە؟ ئەگەر بتوانین بە دروستی کێشەکان دەستنیشان بکەین و رێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە، دڵنیابن هیچ کەسێک لەم ناوچەیەدا هەژاری و نەهامەتی نابینێت. سەبارەت بە تورکیا، تورکیا یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە و خاوەنی کێشەی کورد و پرسی دیموکراسییە. تورکیا سەت ساڵە نکۆڵی پرسی کوردی کردووە و هەوڵی توانەوەی داوە. کوردیش کە ئەمەی رەتکردووەتەوە، هەر جارێک رووبەڕووی تووندوتیژی بووەتەوە، راپەڕیوە و بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراسییەکانی خەباتی کردووە. تورکیا کە پێگەیەکی جوگرافی و ستراتیژیی گرنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، ئێستا لە قەیرانی ئابووریدایە، چونکە کێشەی کوردی بە رێگەی دیموکراسی چارەسەر نەکرد. تاوەکو ئێستا تورکیا 3 تریلیۆن دۆلاری بۆ شەڕ خەرج کردووە. ئەم پارەیە دەکاتە سێ هێندەی بودجەی گەشەپێدانی ئێستای تورکیا. لە تورکیا کرێکاران و خانەنشینان ناتوانن بژین، لیرەی تورکی بەهاکەی لەدەستداوە، هۆکارەکەشی تێنەگەیشتنی ئەو کەسانەیە کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن و ئەو 3 تریلیۆن دۆلارەیان لەبری ئاوەدانی، بۆ بێدەنگکردنی زمانی کوردی خەرج کرد. ئێستا لە تورکیا هەوڵێکی نوێ بۆ هەبوونی پرۆسەی ئاشتی هەیە. ئەگەر ئەو نکۆڵیکردنەی سەت ساڵە بەردەوامە کۆتایی بێت، تورکیا بە دیموکراسی و ئابوورییەکەیەوە دەبێتە وڵاتێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. چارەسەربوونی پرسی کورد لە تورکیا، سەقامگیری بۆ بەغدا و عێراق دەهێنێت، متمانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ لە سووریا بگێڕێ. هەروەها ئەگەر ئێرانیش هەمان رێچکەی تورکیا بگرێتەبەر وەک ئەوەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی باسی کرد، ئەوا دەتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات. ئەگەر ئەم پرۆسەیە کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و رێگری بکات لە کوژرانی خەڵک و بەهەدەردانی سەرچاوەکانی وڵات، ئەوا هەر دەستپێشخەرییەک بکرێ جێگەی بایەخە و ئێمەش وەک دەم پارتی پشتیوانی لێ دەکەین. بەڵام ئەگەر سەت ساڵی دیکە بەردەوامی بە هەمان عەقڵیەتی تاکڕەوی و توانەوە بدرێت، ئەوا ئەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەی هەموو گەلان بە ئازادی تێیدا دەژین، دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە دەرەکییەکان و وڵاتەکەمان وێران دەبێت. پێویستە پرسی کورد، عەلەوییەکان و هەموو پێکهاتەکان بە دەستوورێکی دیموکراسیانە مسۆگەر بکرێت، ئەوکات هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت دەستوەردان بکات. باوەڕم وایە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا (وەک بەڕێز ئەردۆغان، بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل) بتوانن ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش ببەن و توانەوە کۆتایی پێبهێنن، تورکیا پێگەیەکی زۆر گەورەتر لە ناوچەکەدا بەدەستدەهێنێت. ئێمە نامانەوێ تەنیا دیموکراسی بۆ تورکیا بێت، بەڵکو دەمانەوێت خوشک و براکانمان لە سووریاش لە ئارامی و ئاشتیدا بژین، هەروەها ئێزدییەکانی شنگالیش بە ئارامی بژین. ئەگەر هێزەکانمان یەکنەخەین، کەس لە دەرەوە یارمەتیمان نادات. ئەگەر نەتوانین حکومەتێکی نیشتمانیی دیموکراسی دابمەزرێنین، باوەڕ بکەن کەس سودی بۆمان نابێت. ئەمریکا ئەمڕۆ لێرەیە و بەیانی دەڕوات، هێزەکانی دیکەش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمە کێشەکانی خۆمان پێکەوە چارەسەر بکەین.
پرسیار: با لەسەر ئەو خاڵە گرنگە بووەستین کە باست لە دەوڵەتی نەتەوەیی کرد. زۆرجار تورکیا وەک دەوڵەتی نەتەوەیی تورک پێناسە دەکرێ. ئێمەش دەزانین تورکیا زیاتر لە نیوەی کورد لەخۆدەگرێ. ئایا کوردێک چۆن دەتوانێت لەناو ئەو دەوڵەتەدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکات لە کاتێکدا مافەکانی پارێزراو نین؟ بۆچی هێندە قورسە لە پەرلەمان یان لە دەستووردا بنووسرێ کە تورکیا دەوڵەتی نەتەوەیی تورک و کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەیە؟ بۆچی ئەو دانپێدانانە ناکرێ؟
تونجەر باکرهان: پرسیارێکی زۆر گرنگە، هەندێک جار بۆ ئەوەی ئازاد بیت، مەرج نییە تەنیا خاوەنی پارچە خاکێک بیت. ئەگەر دەوڵەت دیموکراسی بێت، ئەگەر زمان و ناسنامەی تێدا پارێزراو بێت و هەموو هاووڵاتییەک یەکسان بێت، ئەو دەوڵەتە موڵکی هەمووانە. بۆیە ئێمە دەپرسین بۆچی دەمانەوێ پێکەوە بە یەکسانی بژین؟ چونکە لە تورکیادا 25 ملیۆن کورد هەیە. ئەگەر بپرسن گەورەترین شاری کورد کوێیە، رەنگە زۆربەتان بڵێن ئامەد، بەڵام لە ئیستەنبووڵ 5 ملیۆن و نیو کورد دەژین. لە ئیزمیر، ئەدەنە و مێرسینیش ژمارەیەکی زۆری کورد هەن. بۆیە ئێمە تەنیا دیموکراسیمان بۆ کورد ناوێ، بەڵکو دیموکراسیمان بۆ هەموو تورکیا دەوێ. ئێمە بەرگری لە مافی عەلەوییەکان، ژنان، چەرکەسەکان، ئازەرییەکان و عەرەبەکان دەکەین. دەوڵەتی نەتەوەیی چارەسەر نییە. سەدام حوسێن و قەزافیش دەوڵەتی نەتەوەییان هەبوو، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی نەتەوەیی دیموکراسی نەبێت و سەرکوتکەر بێت و سێدارە دابمەزرێنێت، با ئەو دەوڵەتە هەر نەبێت باشترە. ئەگەر لە دەستووردا مافی هەموو پێکهاتەکان بچەسپێندرێ و دەوڵەت موڵکی هەموو هاووڵاتییان بێت نەوەک تەنیا نەتەوەیەک، ئەوکات دەوڵەتەکە دەبێتە دەوڵەتێکی هاوبەش. بەڵام ئەگەر یاساکان تەنیا بەپێی مۆزاییکی تورکیا دابڕێژرێن و تورکبوون بەسەر هەموواندا بسەپێندرێ، ئەوا تورکیا تەنیا موڵکی تورکەکانە و ئێمە وەک کورد و پێکهاتەکانی دیکە، دەبینە قوربانی. بۆیە ئێمە وەک دەم پارتی، کە سێیەم گەورەترین پارتی سیاسیین لە تورکیا و زیاتر لە 6 ملیۆن دەنگدەرمان هەیە و 70٪ بۆ 80٪ی شارەوانییەکانی ناوچەکەمان بەدەستەوەیە، بەردەوام دەبین لە خەبات. ئەو پارتەی ئێستا تێیدا هاوسەرۆکم، دوازدەیەمین پارتی ئێمەیە کە دامەزراوە، واتە 11 پارتی پێشوومان داخراون، سەتان هەزار ئەنداممان دەستگیرکراون و شەهیدمان داوە، بەڵام دەستبەرداری خەباتی دیموکراسی و پێکەوەژیان نەبووین. سوورین لەسەر ئەوەی تورکیا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی کە موڵکی هەر 86 ملیۆن هاووڵاتییەکەی بێت، نەوەک تەنیا نەتەوەیەک.
پرسیار: با بێینە سەر پرۆسەی ئاشتی. ئەو کاتەی پرۆسەی ئاشتی هەبوو لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015، تورکیا خێری لە خۆی دی، ئێمەش خێرمان لە خۆمان دی. پەیوەندییەکانمان زۆر باش بوون و خەڵکی ئێرە بە دڵخۆشییەوە روویان لە تورکیا دەکرد. تەنانەت دەکرا هەرێمی کوردستان ببێتە ئەو دەروازەیەی لە رووی ئابوورییەوە عێراقیش بە تورکیاوە ببەستێتەوە. بەڵام بەداخەوە کە شەڕ دەستی پێکردەوە، کاریگەرییەکەی گەیشتە ئەم دیوی سنوورەکانیش و سیاسەتی تورکیاش گۆڕا لە سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان، بووە کێشە لەگەڵ هەموو دراوسێکان. ئێمە هەموومان حەز دەکەین ئەو پرۆسەیە دەست پێبکاتەوە و زووش تەواو بێت، بەڵام جەنابت لەنێو هەناوی پرۆسەکەدایت، لە پەرلەمانی و ئاگاداری بنج و بنەوانی کێشەکان و ئاڵنگارییەکانن. ئێوە لە پەرلەمان چیتان کردووە؟ یاساتان بۆ داڕشتووە؟ لە حکومەت چی کراوە؟ زۆر جاریش حکومەت هەر بە "پڕۆسەی ئاشتی" ناوی نابات و پێی دەڵێ، "چەکدانان". ئێمە کێشەمان نییە چی پێ دەڵێن، بەلامانەوە گرنگە ئەم کێشەیە بنبڕ بێت و تورکیا لە ئارامی و سەقامگیریدا بژیت و لەگەڵ ئێمەش لە ئاشتەوایی بێ. لە رووی تەکنیکی و پراکتیکییەوە چیتان کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت؟ خەڵک دەیەوێ هەنگاوی کرداری ببینێت و تەنیا بە قسە نەبێت.
تونجەر باکرهان: بەڵێ، ناوی پرۆسەکە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە. یەکەمجار ئاشتی و لەگەڵ ئەوەشدا دیموکراسی. ئەوەی کێ چۆن پێناسەی دەکات لای ئێمە گرنگ نییە. ئێمە زۆر باش دەزانین چی دەکەین، زۆر باشیش دەزانین هەوڵی چی دەدەین. لەبەر ئەوەی کورد لە تورکیا کێشەیەکی هەبوو، شەڕ دروستبوو. ناوی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێک، ئاشتییە. بۆیە ناوەکەی ئاشتییە. بۆچی تورکیا کەوتە شەڕەوە، بۆچی کورد کەوتە شەڕەوە؟ چونکە زمان و ناسنامەی رەتکرایەوە. باشە ئەگەر ئاشتی بەدەستدێت، ئەی پێویست ناکات زمان و ناسنامەیشمان گفتوگۆی لەسەر بکرێ و لەسەر مێزەکە بێت؟ بۆیە ناوی ئەم پرۆسەیە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە. کورد و شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست و کرێکارەکانی تورکیاش بەم شێوەیە لێی دەڕوانن. واتە ئەمە کێشەیەکی 100 ساڵەیە. زۆر سەختە کێشەیەکی 100 ساڵە لە چەند مانگێکدا چارەسەر بکەی. بۆیە هاوڕام لەگەڵ گوتەکانی بەڕێز دلاوەر. پێویستە کەمێک ئارامگر بین. ئەگەر رێکخراو بیت، ئەگەر رێکخراوەیەکی بەهێزت هەبێت، ئەگەر گەل لەپاڵتدا بێت و لەگەڵتدا تێکۆشان بکات، ئەگەر لە سەختترین و دژوارترین رۆژەکاندا و لەو رۆژانەی زۆرترین سەرکوتکردن هەیە سەردانەوێنێت و لەگەڵتدا هەنگاو بنێت، هیچ شتێک نییە لێی بترسین. کورد 100 ساڵە لە گەڕاندایە بەدوای دیموکراسیدا. بۆیە پێویست ناکات ئەم ساڵ یان دوو ساڵەی رابردوو وەک رابردوویەکی زۆر دوورودرێژ سەیر بکرێ. پێویستە پەلە نەکەین، ئارامگر بین، وریا بین و هەستیار بین. پێویستە ئەو لایەنانەی لە تورکیادا دژی چارەسەری ئەم کێشەیەن، رازی بکرێن. سەیرکەن ئێمە چی دەکەین؟ بۆ نموونە کاتێک کێشەیەک لە هەولێر دروست دەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا. بەڵام ئێمە دەچینە ئارتڤین، دەچینە ترابزۆن، دەچینە سینۆپ. هەوڵ دەدەین بچینە 81 پارێزگاکەی تورکیا. لەو شوێنەی دەوڵەت رازی نەبووە، ئێمە هەوڵ دەدەین کۆمەڵگەی تورکیا رازی بکەین. بە هاووڵاتییە تورکەکەی ئەدرنە دەڵێین: 'سەیرکە براکەم، 3 ملیار دۆلاری ئەم وڵاتە رۆیشت بۆ ئەم شەڕە. مەخابن بۆ ئەمە، ئەم پارەیە هی هەموومانە. ئەگەر ئەم پارەیە لەبری شەڕ بۆ ئابووری، ژێرخان و وەبەرهێنان بڕۆیشتایە، ئێستا تۆ لەم هەژارییەدا نەدەبوویت. واتە ئێمە هەوڵ دەدەین ئاشتی بکەینە پرسێکی کۆمەڵایەتی'. بۆیە بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی، نەهێشتنی ئەو تێگەیشتنە هەڵە و نادروستانەی تاوەکو ئەمڕۆ هەبوون و رازیکردنی ئەو لایەنانەی دژی پرسی کوردن، کارێکی زۆر سەختە. ئەگەر کەسێک هەیە بڵێت لە ساڵێکدا ئەمە دەکەم، فەرموو با بێت، دەیکەینە سەرۆکی پارتەکەمان و با لەگەڵ ئێمەدا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات. بۆیە پێویستە ئارامگر بین. با گەلەکەمان متمانەی پێمان بێت. با دۆستەکانمان متمانەمان پێ بکەن. ئێمە کەسانێکین کە ساڵانێکە تێکۆشان دەکەین و باجە قورسەکانی ئەمەمان داوە. سەیرکەن، لەگەڵ مندا لە نێو شاندەکەماندا هاوڕێیەکم هەیە کە 32 ساڵ لە زینداندا بووە و ئێستا لەم هۆڵەدایە. ئێمە لەگەڵ کەسێکمان کە 32 ساڵ لە زیندان بووە دەچینە سینۆپ، باسی ئاشتی دەکەین، باسی پرسی کورد دەکەین. بۆیە ئێمە لەم رێگەیەدا دڵسۆز و پێداگرین. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەگەر هەموو کۆمەڵگەی تورکیاش نەبێت، زۆرینەیان لەسەر پرسی کورد و پرسی دیموکراسی بهێنینە سەر خاڵێکی هەستیار. ئاشتییەکی شکۆمەندانە، ئاشتییەکی هەمیشەیی، بە رازیکردنی بەرامبەر دەستپێدەکات. ئێمە هەوڵ دەدەین رازیان بکەین. سەبارەت بە پەرلەمان و یاساکە... هاوڕێ بەڕێزەکانم، بۆ یەکەمین جار لە 100 ساڵدا، ئەو دەسەڵاتەی کە کوردی رەتدەکردەوە و نکۆڵی دەکرد، بۆ ئەوەی پرسی کورد لە زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی گفتوگۆی لەسەر بکرێ، یاسایەکی لە پەرلەمان دەرکرد. بۆ یەکەمین جار لە 100 ساڵدا پەرلەمانی تورکیا گوتی "ئێمەش کێشەیەکی کوردیمان هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش پێویستمان بە یاسایەکی چوارچێوەیی هەیە" و یاسایەکی چوارچێوەیی دەرکرد. ئەمە زۆر گرنگە. بۆ یەکەمین جار، ئەو سیستمەی کە بەردەوام سێدارەی دادەنا وەک ئەوەی لە ئێران هەیە، شاندێکی لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان ناردە زیندانی ئیمراڵی بۆ لای بەڕێز ئۆجەلان. بۆ یەکەمین جار لە فراوانتری زەمینەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد دەکەین. یاسایەکی چوارچێوەیی دەرچوو، بەڵام پێشڤەچوونی ئەم یاسا چوارچێوەییە لەسەر زەمینەی پراکتیکی زۆر بەنرخ و گرنگە، واتە تەنیا بە دەرچوونی یاساکە کێشەکە کۆتایی نەهاتووە. ئێستا ئێمە لە قۆناخی جێبەجێکردنیداین. هەوڵ بۆ ئەمە دەدەین. رەنگە وێنەیەکی زۆر ئەرێنیم کێشابێت، بەڵام ئێمەی شۆڕشگێڕ هەندێک جار دەبێت ئەوەی ئەرێنیە بیخەینە پێشەوە، چونکە 100 ساڵە بەشی پێویست شتی رەشبینانە و خراپمان بینیوە. بۆیە ئێمە متمانەمان بە خۆمان هەیە، متمانەمان بەو 6 ملیۆن و نیو کورد و شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستە هەیە کە دەنگیان پێداوین. متمانەمان بەو ملیۆنان کەسە لە گەلەکەمان و گەلانی دیکە هەیە کە لە پاڵماندا وەستاون. متمانەمان بە خوشک و برا عەلەوییەکانمان هەیە کە شەو و رۆژ لەگەڵماندا تێکۆشان دەکەن. متمانەمان بەو ژنانە هەیە کە لە تورکیا تێکۆشانی ژنان دەکەن. متمانەمان بە گەنجان هەیە. رەنگە هەنگاوەکان کەمێک هێواش بن، بەڵام دڵنیابن بە تێکۆشانی پێداگرانەی خۆمان خێراترییان دەکەین. بۆ ئەوەی ئەم یاسا چوارچێوەییە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ، تێکۆشانی زیاتر دەکەین. شەو و رۆژ ناوەستین. بۆ ئەوەی تورکیا جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە نێو ئەو ئاژاوە، قەیران و ژینگەی پێکدادانەی کە 100 ساڵە تێیدایە، هەرچییەک لە تواناماندا بێت تاوەکو کۆتایی دەیکەین. دڵنیابن ئێمە ئەو مێزە جێناهێڵین. سەرەڕای هەموو شتێک، تاوەکو کۆتایی لەسەر ئەو مێزە دەمێنینەوە، چونکە زۆر باش دەزانین کە داهاتووی کورد لە دانوستاندن، دیالۆگ، دیموکراسی و بەردەوامبوونی مێزەکەدایە. بەڵام لێرەوە دەمەوێ بانگەوازی بۆ دەسەڵاتدارانیش بکەم. سەت ساڵ تێپەڕی، کار و پراکتیکەکانی رابردوو ئەنجامیان نەبوو. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لەم رێگە نوێیەدا بە شێوەیەکی راستەقینە، دڵسۆزانە و راستگۆیانە هەنگاو بنێین. پێم وایە دەسەڵات و دەوڵەتی کۆماری تورکیاش ئەم راستییەیان بینیوە. لێدان لە کورد و رەتکردنەوەی کورد تورکیای گەورە نەکرد، ئابووریی تورکیای بەهێز نەکرد. ئەمڕۆ دەیان هەزار زیندانیی کورد لە زیندانەکاندان. بە خستنە زیندان، پرسی کورد کۆتایی نەهات، داواکارییەکانی کورد لەنێو نەچوون. بۆیە دەبێت دەسەڵاتیش واز لەو تێگەیشتنە بهێنێت کە رێگە و شێوازەکانی رابردووی پێ جێبەجێ دەکرد. لەم دەرگا نوێیەدا دەبێت بە عەقڵێکی دیموکراسی، بە تێگەیشتنێک کە کورد و گەل و باوەڕە جیاوازەکانی نێو تورکیا لەخۆبگرێ، هەنگاو بنێت. تورکیایەک کە ئاشتیی خۆی مسۆگەر کردبێت، بۆ عێراقیش نیعمەتێکی گەورەیە. سەیرکەن، هەریەک لە ئێوە لە کۆماری عێراق دەژین. هاووڵاتیانی ئێمە لە هەرێمی فیدراڵیی کوردستان راستەوخۆ لەسەر سنووری تورکیان. 40 ساڵە سنووری عێراق و تورکیا تەنیا بە دیمەنی سەربازی و جموجووڵی سەربازییەوە بووەتە رۆژەڤ. ئەگەر ئەم پرۆسەی ئاشتییە بچێتە پێشەوە، لەبری ئەو دیمەنە سەربازییانە، بازرگانی، کولتوور و پشتیوانی دەبنە رۆژەڤ. ئەگەر تورکیا ئاشتیی خۆی مسۆگەر بکات، هەرێمی فیدراڵیی کوردستان لە ئاسایشی زیاتردا دەبێت. ئەگەر تورکیا ئاشتیی خۆی مسۆگەر بکات، رەنگە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق مانادارتر بێت و بگاتە ئەنجام. ئەگەر تورکیا ئاشتیی خۆی مسۆگەر بکات، کۆماری تورکیا و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ کورددا پەیوەندی و نزیکایەتییەکی زیاتریان دەبێت، رەنگە بازرگانیتان گەورەتر بێت. رەنگە وەک چۆن ئەمڕۆ لێرەین، هەموومان پێکەوە لە ئامەد، لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ، وەک چۆن ئەمڕۆ کێشەکانی ناوچەکە لێرە تاوتوێ دەکەین، کێشەکانی تورکیا و ناوچەکەش پێکەوە تاوتوێ بکەین. بۆیە ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ کوردەکانی تورکیا نییە، بەڵکو بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا پێویستییەکی راستەقینەیە و بۆ ناوچەکەش بەنرخ و گرنگە. با هەموومان پێکەوە بەهای ئەم پرۆسەیە بزانین. نامەوێ بەسەر شتێک تێپەڕم. سەیرکەن لەم پرۆسەی ئاشتییەدا بەڕێز مەسعود بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبوو. لێرەوە سڵاو، رێز و سوپاسی خۆمی پێدەگەیێنم. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکی زۆری دا. ئێمە دوو جار هاتینە ئێرە. بەڕێزیان هەموو بەرپرسیاریێتییەکی پێویستی بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە لەئەستۆ گرت. بەڕێز بافڵ تاڵەبانی شەو و رۆژی نەناسی و بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە هەوڵێکی زۆری دا. سوپاسی دەکەم. سوپاسی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان دەکەم. ئەگەر بتوانین ئەم هەڵوێستە بەردەوام بکەین، دڵنیابن هیچ کەسێک ناتوانێت کورد رەتبکاتەوە و هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لە مافە دیموکراسییەکانی کورد بکات. کە ئەم بابەتە کرایەوە، دەبێت بڵێم کورد پێویستی بە شتێکی زۆر گرنگە، پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراسیی کوردە. سەیرکەن، کاتێک دەڵێین یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراسیی کورد، هەندێک لایەن یەکسەر بێزار دەبن. یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراسیی کورد بە واتای دژایەتیکردنی دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتی ئێران، یان دەوڵەتی تورکیا نایەت. بەپێچەوانەوە، یەکێتییەکە کە لە بەرامبەر ئەو کێشانەی کورد لەوێ رووبەڕووی دەبێتەوە، دەتوانێت ببێتەهۆی گوتارێکی هاوبەش، هەوڵێکی هاوبەش و هاوکات مامەڵەیەکی بونیاتنەرانە. پێکەوەبوونی کورد، گفتوگۆکردنیان لەسەر کێشەکانیان پێکەوە و دروستکردنی عەقڵێکی هاوبەش لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی، هیچ زیانێکی بۆ تورکیا، عێراق، سووریا یان ئێران نییە. ئەو تورکیایەی لە نێو خۆیدا یەکگرتووە، دڵنیابن زۆرترین سوودی بۆ دەوڵەتی عێراق و بۆ پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەبێت، سوودی بۆ بەدیموکراتیزەکردنی تورکیاش دەبێت. وەک چۆن بەڕێز بافڵ تاڵەبانی گوتی، دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیەی کە پشتیونا بەخودا لە ئێران دەستپێدەکات، بە باشی بەڕێوەبچێت. بۆیە کورد، نەوەک وەک کوردی 100 ساڵ لەمەوبەر، بەڵێ دەیانەوێ ببنە هاووڵاتیی یەکسان لەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین؛ با ببن. رێز لەمە دەگرین و پشتگیری دەکەین. بەڵام بە راشکاوی دەڵێم، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر سلێمانی و هەولێر، خەڵکی سێرت و ئامەد ئازارێکی زۆر قووڵیان چەشت و قبووڵیان نەکرد. ئێمە دەمانەوێت کورد لە هەر وڵاتێک دەژی بەنرخ بێت، مافەکانی لە ژێر پارێزراویی دەستووریدا بێت. بەڵام دەشمانەوێ کورد هەستیار بن بەرامبەر ئەو کێشانەی خوشک و براکانیان و هاونەتەوەکانیان لە وڵاتانی دیکە رووبەڕوویان دەبنەوە.
پرسیار: لە کۆتاییدا ئەگەر پەیامێکت هەبێت بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بەتایبەتی کە بەڕێز مەزڵووم عەبدی لێرە ئامادەیە و باس لە پرۆسەی تێکەڵبوون و گفتوگۆ دەکرێت لەوێ.
تونجەر باکرهان: لە سووریا رژێمێکی نیو سەتەیی رووخا. کەمێک پێش ئێستا گوتم، هۆکاری رووخانەکەی ئەوە بوو کە گشتگیر و لەخۆگر نەبوو، واتە کوردەکان خاوەن ناسنامەی خۆیان نەبوون. لە سەتەی 21 و 15 بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر لە سووریا کورد ناسنامەی نەبوو. ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە سووریا بەدوای داهاتووی خۆیدا بگەڕێ، بەڵام دەمانەوێت ئەوەش بڵێین کە دەبێت لە سووریا و حکومەتی شام، مافە دیموکراسییەکانی کورد، عەلەوییەکان، دروزەکان، تورکمانەکان و سەرجەم گەل و باوەڕەکانی دیکە بە یاسا مسۆگەر بکرێن. لە سووریا دەستەبەریی دەستووری مەرجە. دەبێت داواکارییەکانی کورد لە سووریا سەبارەت بە زمان لەلایەن حکومەتی شامەوە جێبەجێ بکرێن. سەیرکەن هاوڕێیان، وەک چۆن زمانی عەرەب بۆ عەرەبەکان مافێکە و پیرۆزە، وەک چۆن زمانی تورک بۆ تورکەکان مافێکە و پیرۆزە، وەک چۆن زمانی فارس بۆ ئەوان ماف و پیرۆزە، بۆچی لە سووریا زمانی کورد بۆ ئەوان ماف نەبێت؟ ئێستا ئێمە رەخنە لەوە دەگرین کە کۆتوبەند خراوەتە سەر زمانی کوردی لە سووریا. لە سووریا لەبری پەروەردە بە زمانی دایک، فێربوون و پەروەردەی زمانی کوردی وەک 3 کاژێر وانەی هەڵبژاردەیی، دڵنیابن جێگەی رەخنەی ئێمەیە. من بڕوام وایە کە حکومەتی سووریا، بەتایبەتی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و هەموو هاوڕێ و دۆستەکانمان لە رۆژئاڤا، رێگەچارەیەک بۆ ئەمە دەدۆزنەوە. دڵنیابن زمان یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی مانەوەی هەر نەتەوەیەک. زمانی کورد کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سووریا، نابێت ئارەزوومەندانە بێت. نابێت زمانی کورد کۆتوبەندی لەسەر بێت. وەک چۆن عەرەبی زمانێکی فەرمییە، کوردیش دەبێت بتوانێت لەپاڵ ئەوەدا بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت. ئێمە پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەین لە سووریا کە بەڕێز مەزڵووم عەبدی سەرکردایەتی دەکات. کاک قوباد قسەیەکی زۆر جوانی کرد. بەڕێوەبەریی رۆژاڤا لە کوێ بێت، مەزڵووم عەبدی لە کوێ بێت، ئیلهام ئەحمەد لە کوێ بێت، ئەو گەلەی رۆژاڤا کە سەردەمانێک بێ ناسنامە بوون بەڵام بە تێکۆشانێکی شکۆمەندانە و پێداگرانە باجی گەورەیان دا و سووریایان گەیاندە ئەمڕۆ، ئەوان لە کوێ بن ئێمەش لەوێین. چاوی 25 ملیۆن مرۆڤ لە باکوور لەسەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سووریا بگاتە دیموکراسی، کوردەکان ببنە هاووڵاتیی یەکسان، مافەکانیان لە دەستووردا مسۆگەر بکرێ و پەروەردە بە زمانی دایک بخوێنن. لە گەڕان بەدوای ئەم رێگە نوێیەیشدا لە سووریا، هیوای سەرکەوتن بۆ کورد و بەڕێوەبەرایەتیی سووریا دەخوازم. پێویستە نەکەوینە نێو ئاژاوەگێڕییەکانەوە. پێویستە واز لەو سیاسەتەی 100 ساڵ لەمەوبەر بهێندرێت. سووریا بەشی پێویست ئازاری چەشت، باجی دا و وێران بوو. هیوادارم لەمەودوا لەگەڵ کورد لە گەڕان بەدوای رێگەیەکی نوێ و لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی، ئەم ئازار و وێرانکارییە نەهێڵن و پرۆسەیەکی نوێی بونیاتنانەوە دەستپێبکەن. سڵاو بۆ هەموو گەلانی ئەوێش دەنێرم. زۆر سوپاس.


