رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزانی ئیتاڵیا، رۆمانیا و فینلاند دەڵێن، پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا و عێراق لە قۆناخی "هاوکاریی مرۆیی"ـیەوە پێیان ناوەتە قۆناخی "هاوبەشیی ستراتیژی و ئابووری"؛ هاوکات لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و مانەوەی لەدەستی دەوڵەت و سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکان دەردەبڕن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پانێڵێکی تایبەتدا لە دیداری مێری لە شاری هەولێر بە ناونیشانی "هاوبەش نەوەک بەخشەر" کە لە لایەن (کامەران پاڵانی) توێژەری پێشکەتوو، بەڕێوەبرا، باڵیۆزانی هەرسێ وڵاتی ئەورووپی لە عێراق (نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا؛ رادو دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا و ئانتی پوتکۆنێن، باڵیۆزی فینلاند) تیشکیان خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، مەرجەکانی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، پرسی بەهای دینار، کێشەی سیستمی بانکی و چارەنووسی 300 هەزار پەنابەری سووریایی لە هەرێمی کوردستان.
ئیتاڵیا؛ کاتی هاوبەشیی ئابوورییە
نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق گۆڕانکاریی تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق خستەڕوو و گوتی: "لە چەند ساڵی رابردوودا جیهان لە ئاوێنەی فریاگوزاری و سەقامگیرییەوە سەیری عێراقی دەکرد، بەڵام ئێستا دەچینە نێو قۆناخێکی نوێوە کە تێیدا لە چوارچێوەی بەخشەر تێدەپەڕین بەرەو هاوبەشیی ستراتیژی و جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریی بەهێزی ئابووری. بە کورتی، ئێمە چیدیکە باسی خێرخوازی ناکەین، بەڵکو باسی پێکەوەکارکردن و هاوبەشی دەکەین."
فۆنتانا ئاماژەی بەوە کرد، سەربازانی ئیتاڵیا لە کاتی شەڕی داعش شانبەشانی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە شەڕیان کرد و دواتریش مەشقیان پێکردن کرد تاوەکو ئاستی توانایان بەرزبکەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە رۆژی 30ی ئەیلوول وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بە رادەستکردنی تەواوی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بە هێزە فەرمییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سەرنجەکان لە کەرتی ئەمنییەوە بگوازرێنەوە بۆ کەرتی ئابووری.
باڵیۆزی ئیتاڵیا باسی لە هەمەجۆرکردنی ئابووریی وڵاتەکەی کرد لە عێراق و گوتی: "پێشتر کۆمپانیاکانی ئێمە لە بەسرە و ناسریە لە کەرتی نەوتدا چڕببوونەوە، بەڵام ئێستا لە کەرتەکانی ژێرخان، ئەندازیاری، پیشەسازی و تەندروستیدا دەچنە ناوچەکانی دیکەی وڵات، وەک ئەوەی کۆمپانیای (ترێڤی) کردی لە پاراستن و جێگیرکردنی بەنداوی مووسڵ لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019."
فۆنتانا پەیوەندیی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانی بە "تایبەت و لێکچوو لە رووی کولتوورییەوە" پەسن دا و دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی کەرتی تایبەت لە کوردستان کرد. سەبارەت بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم وەبەرهێنەرانیش، گوتی: "ئاسانکردنی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان گەورەترین ئاستەنگە تاوەکو وەبەرهێنەر لەنێو رێکارە یاساییەکاندا کاتی بەفیڕۆ نەچێت. سەنگاپوورەش باشترین نموونەیە لەم بوارەدا."
پشتیوانیی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و بەڵێنی حکومەتی عێراق بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، باڵیۆزانی ئەورووپا هەڵوێستی وڵاتەکانیان روونکردەوە.
ماتی پۆتکۆنێن، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق بە تەواوی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی بەغدا دەربڕی و گوتی: "لە هەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدا، هەبوونی چەکی قورس لە دەستی هێزێکدا کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نەبێت شتێکە دەبێت بگۆڕدرێ. ئێمە دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکەین کە لە سەرەتای کارەکانیدا زۆر بە پەرۆشییەوە گرنگی بە ئەم دۆسیەیە دەدات. بێگومان ئاستەنگ هەیە بەڵام دەبێ پشوودرێژی هەبێ و بڕیاری بەکارهێنانی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بێت."
رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق هاوڕایی خۆی دەربڕی و گوتی: "بڕیاری سیاسیی حکومەتی عێراق بۆ خستنەژێر کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەت هەنگاوێکی ئاسایی و پێویستە بەرەو سەقامگیری و هاندانی گەشەی ئابووری. لەم قۆناخەیشدا هێزەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق زۆر باش راهێنراون و ئامادەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە. هیواداریشم ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و رێکخراو کۆتایی بێت."
دابەزینی بەهای دینار، سیستمی بانکی و رێککەوتنی باج
سەبارەت بە دابەزاندنی بەهای دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ کورتهێنانی بودجە بەهۆی قەیرانی تەنگەی هورمز، باڵیۆزی رۆمانیا ئاماژەی بەوە کرد ئەمە سیاسەتی دارایی دەوڵەتە و کێشە بۆ پەیوەندییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان دروست ناکات، بەڵکو کێشەی سەرەکی پەیوەستە بە سیستمی بانکی.
دۆبری روونیکردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا کار دەکات بۆ ئەوەی بانکەکانی عێراق بە سیستمەکانی ئەورووپاوە ببەستێتەوە بە رێککەوتنی بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (EBRD) و رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بانکی وەبەرهێنانی ئەورووپی (EIB)؛ هاوکات بانکی هەناردەی رۆمانیا دەیەوێ کەناڵ لەگەڵ ئەو بانکە عێراقییانە بکاتەوە کە بە سیستمی سوویفتەوە بەستراونەتەوە.
باڵیۆزی رۆمانیا ئەزموونی وڵاتەکەی لە گواستنەوەی 10 ساڵە بەرەو دیموکراسی و ئابووریی تایبەت لە دوای ساڵی 1989 خستەڕوو کە تێیدا توانیویانە ئابوورییەکەیان 10 هێندە گەورە بکەن، پێشنیازیشی کرد بەغدا رێککەوتننامەی نەهێشتنی باجی دووبارە لەگەڵ وڵاتان واژۆ بکات تاوەکو کۆمپانیا بیانییەکان لە هەردوو وڵات باجیان بەسەردا نەسەپێندرێت.
هاوکات باڵیۆزی فینلاند جەختی لەوە کردەوە کێشەی حەواڵە و گواستنەوەی پارە لە رێگەی بانکەکانەوە هەمیشە تەوەری گفتوگۆکانیان بووە لەگەڵ بەغدا و گوتی: "سیستمی بانکیی کارا و بێبەربەست بەردی بناخەی هەر ئابوورییەکە و هێشتا کاری زیاتری دەوێ؛ هەروەها دەکرێت ئەزموونی فینلاند لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان سوودی لێوەربگیرێت."
پۆتکۆنێن رۆڵی رەوەندی کوردی و عێراقی لە فینلاند بەرز نرخاند و بە پردێکی بەهێز بۆ بەستنەوەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ناوی بردن کە کۆمپانیاکانی فینلاند دەتوانن لە شارەزایی و زمانزانیی ئەوان سوودمەند بن.
چارەنووسی 300 هەزار رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان
لە وەڵامی تۆبی هاروود، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) سەبارەت بە گۆڕینی سیاسەتی هاوکارییەکان بۆ گەشەپێدان، لە کاتێکدا زیاتر لە 300 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستانن، باڵیۆزی فینلاند جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ کردەوە.
پۆتکۆنێن گوتی: "زۆرجار ئەم قەیرانە درێژخایەنانە لە گفتوگۆکاندا فەرامۆش دەکرێن. پێویستە چارەسەری بەردەوام بدۆزرێتەوە لە رێگەی تێکەڵکردنی بژێوی ژیانیان لەو شوێنەی لێین لەگەڵ کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە لە کاتی گونجاودا. نابێت ئەم خەڵکە لەبیربکرێن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە میواندارییان دەکات."
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەورووپا
لە تەوەرێکی دیکەدا باڵیۆزانی ئەورووپا تیشکیان خستە سەر کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر ئابووریی ئەورووپا.
نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا نموونەیەکی کرداری لەسەر گرانبوونی خەرجییەکانی ژیان لە ئەورووپا هێنایەوە و گوتی: "لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 کاتێک لە ئیتاڵیا بووم، نرخی یەک لیتر بەنزین 1.6 یۆرۆ بوو، بەڵام لە هاوینی ئەم ساڵ و لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ گەیشتە 2.2 یۆرۆ. داخستنی تەنگەی هورمز و کێشەکانی تەنگەی بابولمەندەب هاتووچۆی کەشتیوانیی پەکخستووە و زیانی گەورەی بە ئاسایشی وزە و خۆراک لە ئەورووپا و ئەفریقا گەیاندووە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە تەنیا رێگە بۆ بەرەوپێشچوون دیپلۆماسییە."
باڵیۆزی رۆمانیا ئاماژەی بەوەدا جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی ئۆکراینا ململانێی هەرێمین، بەڵام کاریگەریی جیهانییان هەیە و رێڕۆ بازرگانییەکانیان پەکخستووە. باڵیۆزی فینلاندیش ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە باکووری ئەورووپا بەهۆی تێچووی گواستنەوەوە زیاتر تووشی گرانیی سووتەمەنی بووە، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێ لەسەر بەڵێنە درێژخایەنەکانی وەکو هاوپەیمانێکی جێی متمانە بۆ عێراق لە کاتە سەختەکاندا.
دیداری مێری لە شاری هەولێر لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە عێراق بە قۆناخێکی نوێی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێ. لە 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵدا، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گەڕانەوە. هاوکات جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پشێوی لە تەنگەی هورمز و کێشەی هەناردەی نەوت، بارگرانیی دارایی لەسەر بەغدا دروستکردووە.



