رووداو دیجیتاڵ دانیشتنی شانبەشان و پێکەنینی بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیارترین دیمەنی دیداری مێری بوو. گوتاری سەرکردەکانی هەردوولا ئاماژە بوون بۆ ئەوەی کە قەت هێندەی ئێستا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لێکنزیک نەبوونەتەوە. لە دیداری مێری دەرکەوت کە ئەو کۆبوونەوانەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەستیان پێکردووەتەوە، بەردەوامییان دەبێت. کاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئینشائەڵای بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو کرد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانیش ئامینێکی بۆ کرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "من شەخسی بەو مەلەفە سەرقاڵم. بیستم کاک بافڵ باسی ئەوەی کردووە، نە لە خوارەوەین نە لە سەرەوە، بەڵکو لە ئاستی ناوەندین، منیش دەتوانم تەئکیدی لەوە بکەمەوە. لە هەفتەی رابردوو چەند کۆبوونەوەی باشمان کرد و چاوەڕێ دەکەین ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە بکەین، بەو هیوایەی بگەینە چارەسەرێک." هاوکات بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند جارێک لە گوتارەکەیدا ئامادەیی یەکێتیی بۆ رێککەوتن دووپاتکردەوە و لە کۆتاییدا پەیامێکی دۆستانەی ئاراستەی پارتی کرد و گوتی: "پەیامێکی تایبەتم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نە دەیەوێت بەبێ ئێوە حکومڕانی بکات، نە پێی دەکرێت. ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئێوە بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک. باوەڕم پێبکەن ئەمە دەرفەتە لەکاتێکدا هەموو دونیا ئاڵۆزە." گوتارەکانی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئومێدیان لای ئامادەبووان دروستکرد. حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان گوتی: "بە ئومێدم، هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیک رێککەوتنێکی باش ببینین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە داواکاریی هەموو خەڵکی کوردستانە." 20ـی ئەم مانگە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتووە.
کوردستان12-10-2026کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی خانەقین؛ کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و نیگەرانی لە کێشەی کارگێڕی