رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی سێشەممە بارانبارین بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش نزم دەبێتەوە.
شەوی دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی بەیانی رۆژی سێشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی باران کە هەندێکجار هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، باران بارینەکە تایبەت لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور، پارێزگای دهۆک و زاخۆ دەبێت.
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، کە لە کاتەکانی نیوەڕۆدا، کاریگەریی بارانبارینەکە بە لاوازی درێژدەبێتەوە بۆ سەر ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین، هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی، سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان. لە کاتەکانی ئێوارەشدا کەش ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێ.
هاوکات کەشناسی بڕی بارانبارینی 12 کاژێری رابردووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە:
خەبات: 2.0 ملم
هەڵشۆ: 0.4 ملم
بارزان: 0.2 ملم
حاجی ئۆمەران: 0.2 ملم
سلێمانی: 0.1 ملم
زاخۆ: 0.1 ملم
دهۆک: دڵۆپ دڵۆپ
چەمچەماڵ: دڵۆپ دڵۆپ




