رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دابەشکردنی نەوتی ماڵان تەواو کردووە و خشتەی دابەشکردنەکەش ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی بەغدان بڕی پێویست بنێرێت و دەڵێ: "داواکارین عێراق وەک پارێزگاکانی دیکە بەشە نەوتی ئێمەش بدات."
رۆژی دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات نەوتی ماڵان بۆ کوردستان بنێردرێت."
سەبارەت بە رێکارەکانی دابەشکردن لە سنووری پارێزگاکەدا، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و گوتی: "خشتەی دابەشکردنی نەوت ئامادەیە، تەنیا ماوە لە بەغدا بڕەکەمان بۆ دیاری بکرێت و بگات، راستەوخۆ دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین".
پارێزگاری هەولێر گوتی:"داواکاریشمان لە عێراق ئەوەیە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ناوچەکە سەیری ئێمەش بکات و بەشی خۆمانمان پێ بدات."
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی ماڵان دیار نییە، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو لە مانگی ئەیلوولەوە پڕۆسەکە دەستی پێدەکرد.
ئەم دواکەوتنەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، بەجۆرێک لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 160 هەزار دینار بوو، لە نێوەڕاستی مانگی تەممووز گەیشتە 200 هەزار دینار و لە مانگی ئەیلوولیش نرخەکەی گەیشتە 325 هەزار دینار.
.webp&w=3840&q=75)



