رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا دەڵێن، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چوار بارەگای لە ناوچەی بازێ لە سنووری مەتینای هەرێمی کوردستان چۆڵکردووە. ئەم هەنگاوە وەک نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی پرۆسەی چارەسەری بەشێوەیەکی پشوودرێژانە دادەنرێ.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵیان راگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی مەترسیی پێکدادانیان تێدایە، پەکەکە رۆژی 8-10-2026 چوار بارەگای خۆی چۆڵ کردووە.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان کە بۆ ئاژانسەکەیان باس کردووە، پەکەکە بارەگاکانی "خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن"ی لە ناوچەی بازێ لە مەتینا چۆڵکردووە.
هەواڵەکە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی بزووتنەوەکەوە بڵاویکردەوە، رایگەیاند، چەند رۆژێک پێش ئەو کاتە تەواوی هێزەکانیان لەناو تورکیا کشاندووەتەوە و تونێل و سەنگەرەکانیشیان لە زاپ و مەتیناش (هەرێمی کوردستان) چۆڵکردووە.
ناوچەی مەتینا یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهوک.
.jpg&w=3840&q=75)