رووداو دیجیتاڵ
کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێ، تاوەکو ئێستا 402 کۆچبەریان لە لیبیاوە گەڕاندوەتەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەحمەد سەحاف، کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو ساڵ و 10 مانگدا 402 کۆچبەری خەڵکی عێراقییان لە لیبیاوە گەڕاندووەتەوە کە سەرجەمیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەکرد، باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلووس بۆ 10 ساڵ داخرابوو، بەڵام دوای کردنەوەی، دەستی بە کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانە کرد کە لەو وڵاتە گیریان خواردووە.
لیبیا یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.
سەبارەت بە رێکارەکانی ئەنجامی پشکینەکانی ئەو کۆچبەرانەی کە گومان دەکرێ خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، ئەحمەد سەحاف گوتی: "پشکنینەکانمان لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست گەیشتوون، بە یاداشتێکی فەرمی رادەستی وەزارەتی دەرەوەی لیبیامان کردوون و ئەوانیش رادەستی مانگی سووری لیبییان کردوون. کارکردن بۆ بەراوردی ئەنجامەکان بە وردی بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێی ئەنجامی فەرمی و جێگەی متمانەین بۆ ئەوەی لایەنە نیشتمانییەکانی عێراق و لە سەروویانەوە وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا ئاگادار بکەینەوە."
کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتیشی: "لەگەڵ مانگی سووری لیبی لە هاوئاهەنگیداین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی پشکنینەکان."
رۆژی 22ئەیلوولی 2026 رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست پێش زیاتر لە مانگێک ژێرئاو کەوتووە و دەرکەوتووە 18 کۆچبەری کورد تێیدا خنکاون". بەڵام هەر زوو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا گوتی: "هیچ کۆچبەرێکی کورد لە نێو ئەو 18 کەسەدا نییە".
رۆژی یەکشەممە 04ـی تشرینی یەکەمی 2026 عوسمان مستەفا، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە بارەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە بە رووداوی گوت: "لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی بێسەروشوێنن، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ 16 کەس لە ئیدارەی راپەڕین کرا".
دوای دەرچوونی پشکنینەکان، سەنتەری دی ئێن ئەی لە هەولێر ئەنجامەکان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوانیش لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق داویانەتە باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەگەڵ دی ئێن ئەی کۆچبەرە خنکاوەکان بەراورد دەکرێ.
بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، ئەو کەسانەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ کراوە 16 هاونیشتمانین؛ 12 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن و سێ کەسی دیکەش دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و یەک کەسیش دانیشتووی دووکانە.

