رووداو دیجیتاڵ
شۆڕش ئەبوبەکری ناسراو بە (شۆڕەسوار) هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئامادەبوونی لە دادگەی شارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، شۆڕش ئەبوبەکری، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگەی گشتیی شارەکە دەستبەسەر کراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، شۆڕش ئەبوبەکری لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بۆ دادگای گشتی و شۆڕشی سەردەشت بانگ کراوە و دوای چوونی بۆ دادگە، دەستبەجێ دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە.
ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و شوێنی راگرتنی ئەو هونەرمەندە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو هونەرمەندە ساڵی 2024یش بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و تێکدانی رای گشتی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کرا و دواتر بە دانانی دەستەبەری ئازادکرا.
شۆڕش ئەبوبەکری ناسراو بە (شۆڕەسوار) ساڵی 1979 لە شاری سەدەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمی زانستە مرۆییەکانە، ساڵی 2005 یەکەم گۆرانی بە ناوی (بەهەشتی ئارەزوو) لەگەڵ شەهباز شاهینپوور تۆمارکرد، لە 2002 فێرگەیەکی میوزیکی بە ناوی (ماهور) لە سەردەشت دامەزراند، هەروەها لە پاییزی ساڵی 2009دا فێرگەیەکی دیکەی هونەری بە ناوی (ئاوای کورد) دامەزراند.

