رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2027 "زۆر خراپە و دەبێت چاک بکرێ." فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بەم شێوەیە نادات. یەکگرتووی ئیسلامی و رەوتی هەڵوێستیش باس لەوە دەکەن، ئەگەر ماف و شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر نەکرێ، دەنگی پێنادەن.
فراکسیۆنی یەکێتی: پڕۆژە یاساکە خراپە و دەبێت چاکبکرێ
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی هەیە تەنیا پرۆژەیاسایەکە و بە فەرمی نەخراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە."
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو رەشنووسەی هەیە زۆر خراپە، بەتایبەتی مادەی 10ی رەشنووسەکە. دەبێت چاکی بکەین و بەردەوامیش دەبین. دڵنیایشم کە چاک دەکرێ، بۆیە بە چاککراوی دەنگی پێدەدەین، نەوەک بەو جۆرەی ئێستا."
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، "بابەتەکە دەنگنەدان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەبێت چاک بکرێ. ئێمە گەشبینین، چونکە بەشێک لە داهاتی عێراق لە رێگەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوەیە. دەکرێ لە داهاتوودا چارەسەرێک بۆ دۆسیەکانی نەوت، هەناردەی هەرێمی کوردستان، ئەسیکۆدا و داهاتی نانەوتی بدۆزرێتەوە."
فراکسیۆنی پارتی: دەنگی پێنادەین
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"فراکسیۆنی پارتی بەم شێوە داڕشتنەی ئێستا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 نادات. پرۆژەکە کاریگەری خراپی نەوەک تەنیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی عێراق هەیە و قابیلی جێبەجێکردن نییە".
دانەر عەبدولغەفار دەڵێ:" لە پرۆژەکەدا چەندین کۆت و بەند و مەرج بۆ هەرێمی کوردستان دانراون بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ، کە بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناتوانێ جێبەجێیان بکات، لەوانە دیاریکردنی هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە".
بەگوتەی دانەر عەبدولغەفار، "پشکی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە، دوای لێدەرکردنی خەرجی سەروەرەی، پشکەکەی لە 6٪ کەمترە کە بە 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینار دیاری کراوە،لەکاتێکدایە لە یاسای بودجەی 2023دا پشکی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 498 ملیار دیناربوو".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد: "گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێو پرۆژەیاساکە".
فراکسیۆنی یەکگرتوو: رازی نابین قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنی نەوتەوە ببەسترێتەوە
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەگەر لە پرۆژەیاسای بودجەدا ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین نەکرێن، فراکسیۆنەکەمان دەنگی پێنادات".
بە گوتەی موسەننا ئەمین، بابەتەکە تەنیا مووچە نییە، بەڵکو دەبێت پرسەکانی گرێبەست، خانەنشینی، پلەبەرزکردنەوە و زیندانییانی سیاسی چارەسەر بکرێن.
فراکسیۆنی یەکگرتوو پێشتریش دەنگی بە پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024 و 2025 نەدا، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا مسۆگەر نەکرابوو.
سەبارەت بە دیاریکردنی هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت وەک مەرجێک بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رازی نابین قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنی نەوتەوە ببەسترێتەوە."
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، نەوت بەرپرسیارێتیی وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای سۆمۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوتە؛ گوتیشی: "عێراق خۆی دەتوانێت وردبینی و پشکنین بکات کە توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، تاوەکو ئێستا بە فەرمی پرۆژەیاسای بودجەیان بەدەست نەگەیشتووە و هەفتەی داهاتوو وەک فراکسیۆن گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکەن.
هەر لەبارەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تاوەکو رەشنووسی کۆتایی پرۆژەیاسای بودجە نەبینین و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکەین، ناتوانین هیچ بۆچوونێک بڵێین... پرۆژەکەمان نەبینیوە و بە فەرمی بەدەستمان نەگەیشتووە."
فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست: بەم شێوەیەی ئێستا دەنگ نادەین
هیوا مەلا ئادەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست، رۆژی دووشەممە، 12-10-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم شێوەیەی ئێستا ئامادەنین دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 بدەین".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، ئەگەر لە پرۆژەکەدا گرێبەستەکان، یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێگیر نەکرێ، هەروەها بەهای دینار وەک پێشووی لێ نەکرێتەوە، ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاساکە نادەن.
هیوا مەلا ئادەم داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات سازش بکەن و رایگەیاند: "پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قسە کراوە لەبارەی بڕیاری 400 هەزار بەرمیل نەوت، جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی". بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "دیاریکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەسەر بنەمای داتا و ئامارەکانی رێکخراوی ئۆپێک بووە و حکومەتی عێراق دەزانێت هەرێمی کوردستان چەند توانای هەیە".
ژمارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەکە؛ پشکی هەرێمی کوردستان 13.3 تریلیۆن دینار
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوەن:
خەرجیی گشتی: 217.239 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
خەرجیی وەبەرهێنان : 47.897 تریلیۆن دینار
خەرجیی بەکارخستن: 169.342 تریلیۆن دینار
شایستەی فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی : 68.125 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.951 تریلیۆن دینار)
چاودێریی کۆمەڵایەتی : 33.032 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.329 تریلیۆن دینار)
مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی : 101.157 تریلیۆن دینار
داهاتی گشتی: 174.234 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
داهاتی نەوتی : 144.720 تریلیۆن دینار
هەناردەی نەوتی خاو : 127.020 تریلیۆن دینار (بەپێی هەژمارکردنی هەناردەی 4 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بە نرخی 58 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی 1500 دینار)
بڕگەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان: بۆ یەکەمجار بە بڕی 17 تریلیۆن دینار زیادکراوە (بەپێی نرخی 40 دۆلار و بڕی 776 هەزار بەرمیل رۆژانە هەژمارکراوە)
داهاتی کانزاکانی دیکە = 700 ملیار دینار
داهاتی نانەوتی: 29.514 تریلیۆن دینار
کورتهێنانی پێشبینیکراو : 43 تریلیۆن دینار
پشکی هەرێمی کوردستان: 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینارە.
لەکاتێکدایە پشکی هەرێـمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023دا، 16 تریلیۆن و 498 ملیار دیناربوو.
نرخی دۆلار، 100 دۆلار لە 130 هەزار دینارەوە کراوەتەوە 150 هەزار دینار، بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق، بەم شێوەیە داهات 19.204 تریلیۆن دینار زیاد دەکات .

