رووداو دیجیتاڵ
لە دیداری مێری 2026 کە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت کرد و ئامادەیی حیزبەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان دا.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: "ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ پارتی و دەرفەتە، پێکەوە بین دەتوانین عێراق بەڕێوەببەین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین.. با دانیشتنەکان بە فەرمی دەستپێبکەینەوە."
هەر سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سەرۆکی یەکێتی باسی لە چەند کۆبوونەوەیەک کرد و ئاشکرای کرد: "پەیوەندیم لەگەڵ پارتی هەیە و دەتوانین بە 24 سەعات حکومەت پێکبهێنین." بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنەی لە پرۆسەی دانوستانەکانی رابردوو گرت و گوتی: "16 جار هاتوومەتە هەولێر هیچ ئەنجامی نەبووە، لەکاتێکدا دوورنین لە یەکدی."
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی دا و گوتی: "خۆتان تێکمەدەن، ئەمریکا نەچووەتە مەریخ، بیەوێ بە چەقەنەیەک دێتەوە."
هاوکات هۆشداری دا لە مەترسییەکانی سەر ناوچەکە و رایگەیاند: "هەموو ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی زۆر گەورەدایە، بەڵام مەترسیی دەرفەتیشە، من دەرفەتێکی زۆر گەورە بۆ کورد دەبینم." سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریش و گوتی کە هەموو دونیا لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی خراپدایە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "دۆخی بەغدا زۆر خراپە و دۆخی کوردستانیش خراپ دەبێت."
لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرسە ناوچەییەکان، بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە ئێران پێشنیازی کردووە پرۆسەیەکی ئاشتیی گشتی دروست بکرێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەموومان دەبێت پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی بین لە تورکیا،" و ئاماژەی بەوەش دا کە توانیویانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر زیندوو بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کرد و گوتی: "لە بەغدا رێککەوتنی جێنتڵمانیمان لەگەڵ زۆرینەی گرووپەکان هەیە." هەروەها پێی وابوو کە حکومەتەکەی زەیدی "دەرفەتێکی زێڕینە" بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆش، سەرۆکی یەکێتی باسی لە لێکتێگەیشتنەکانی دوایی کرد و گوتی: "رێککەوتنی ئێمە و نەوەی نوێ جیدییە و رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ دەرفەتە بۆ پارتی."

