رووداو دیجیتاڵ
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باس لە پرسی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و دەڵێت: "ئێمە هەر لە زووەوە پێشوازیمان لە رێگەچارەی ئاشتیانە کردووە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەکە و نێوخۆی ئێرانەوە، ئێستا زەوینەی دانوستاندن نابینین."
خالیدی عەزیزی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر داوایەکی فەرمی لە حیزبەکەیان بکرێ، ئەوا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بڕیاری لەسەر دەدەن.
سەبارەت بەو تۆمەتانەی کۆماری ئیسلامی ئاراستەیان دەکات، خالید عەزیزی جەخت دەکاتەوە کە کەمپەکانیان مەدەنین، حیزبەکەشیان هیچ کات تیرۆری بە تیرۆر وەڵام نەداوەتەوە و خەباتەکەیشان پشتی بە قووڵایی خەڵک لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت. ئێوە وەک گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دوو سێ جار باسی پێویستی دانوستاندنتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێستاش ئامادەن بۆ دانوستاندن؟
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە زووەوە هەمیشە لەو باوەڕەدا بووین پێشوازی بکەین لە رێگەچارەی ئاشتیانە. رێکاری گفتوگۆ، دانیشتن و دیالۆگ ئەوە وەک ئەسڵێک لای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو کاتەکاندا هەبووە، دوای ئینقلابی ئێرانیش کە دانوستاندنەکان بە ئەنجام نەگەیشتن و هێرش کرایە سەر کوردستان دیسان بە بیانووی جۆراوجۆر لە سەردەمی جۆراوجۆر، ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە دانیشتندا بووین. ئاخرین دانیشتنی فەرمیش کە لە نەرویج روویدا و بە دەستپێشخەری رێکخراوێک و لە ژێر چاودێری وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بوو، بۆیە لەبارەی باوەڕەوە حیزبی دیموکرات لەو باوەڕەدایە کە کێشەی کورد هەمیشە لە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێ.
رووداو: بە بڕوای بەڕێزتان، ئێستا زەوینەی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە ؟
خالید عەزیزی: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای نێوخۆی ئێران و ئێران و کێشەکانی ناوچەکە و ئەوەی کە لە تاران دیار نییە کێ دەسەڵاتی هەیە و هەر جارێک کەسێک قسەیەک دەکات؛ هەروەها ئەو دۆخەی کە نزیکەی ساڵێکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل سەرقاڵی رێککەوتن و شەڕن، ئەو زەمینە نابینم. سەرەڕای ئەوە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ خۆیان داوا لە حیزبی دیموکرات بکەن بڵێن ئێمە پێمان خۆشە قسەتان لەگەڵ بکەین، حیزبی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە گوێیان لێبگرێ، دواتر رێوشوێنی دانوستاندن دێتە ئاراوە و ئەو کات دەردەکەوێ چی دەگۆڕدرێ، چی لێ بەسەر دێت و بەرەو کوێ دەچێت. کۆمەڵێک فاکتەری تەکنیکی کاریگەری لەسەر هەموو ئەو رەوتە دادەنێت.
رووداو: ئێستا ئێوە بەشێکن یان بەشێکی سەرەکین لە هاوپەیمانیی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هاوپەیمانییە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ دەکات یان تەنیا ئێوەن؟
خالید عەزیزی: تاوەکو ئەم کاتە، ئەو بابەتە لەنێو هاوپەیمانی نەهاتووەتە بەرباس ئەوەندەی من ئاگادار بم، بەڵام ئەگەر رۆژێک لە رۆژان داوایەکی وەها لە حیزبی دیموکرات بکرێ بە دڵنیاییەوە حیزبی دیموکرات ئەو بابەتە لەگەڵ هاوپەیمانی باس دەکات. ئێمە لە رابردوویشدا لە دانیشتنەکانی نەرویج دوولای دیموکرات و دوولای کۆمەڵە بووین و لەگەڵ یەکدی باسمان کرد و پێکەوە چووینە نێو ئەو پرۆسەی دانیشتنانە کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
رووداو: کێ لە ئێوە بڕیار لە دانوستاندن دەدات؟ پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئایا ئێوە سەربەخۆیانە ئەم بڕیارانە دەدەن وەک حیزب یان دەرەوەی ئێوە بڕیار دەدات کە دانوستاندن بکەن یان نەیکەن ؟
خالید عەزیزی: بە درێژایی مێژوو لە هەموو ئەو دانوستاندنانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەمانبووە، هەر دوای کودەتا هەموو ئەو گفتوگۆ و دانوستاندنانە رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڕیاری لێداوە. حیزبی دیموکرات لەو حیزبانەیە کە هەرچەندە تۆ چاو لە رابردووی پەیوەندییەکانی بکەیت، کاتی خۆی لەگەڵ عێراق سەردەمی سەدام حوسێن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ ئەورووپاییەکان، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، هەمیشە بۆ خۆی بە خوێندنەوەیەک و سەنگ و قورسایی بەرژەوەندی کورد لە کوردستانی ئێران بڕیاری لەسەر داوە؛ بۆیە دەتوانم بە راشکاوی بڵێم ئێمە حیزبێکین لەسەر ئەو بابەتە پشت بە بۆچوونی خۆمان دەبەستین و خۆمان بڕیار دەدەین. حیزبی دیموکرات حیزبێکی دامەزراوەییە، ئەندامانێکی زۆری هەیە، کۆمیتەی ناوەندی هەیە، دەستەی کارگێڕی هەیە، هەمیشە ئەو بابەتانە لەوێ تاوتوێ دەکرێن و بڕیار دەدرێت.
رووداو: کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە پێنجشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، رازیبوون بە دانوستاندن لەگەڵ ئێوە و پارتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی رەتکردەوە. ئێران ئەو ماوەیە هیچ هەوڵی داوە کە لەگەڵ ئێوە دابنیشێت یان ئێوە هیچ داوایەکی لەو شێوەیەتان کردووە؟ مەبەستم لەم ماوەیەی رابردووە ؟
خالید عەزیزی: یەکەم کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر وەک هەموو کۆنسووڵەکان و باڵیۆزەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە وڵاتانی دراوسێی ئێران، هەر بە دانپێدانانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی رووحانی کە هەشت ساڵ وەزیری دەرەوە بوو، ئەو رۆژانەش باسی کردووە، بە دەیان جار دەڵێت ئەو باڵیۆز و کۆنسووڵانەی ئێمە لەو وڵاتانە هەموو سەر بە سوپای قودسن، دیپلۆمات و بزنسمان نین، ئەوەی کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر گوتی لە راستیدا زۆرتر بۆچوونی کاربەدەستانی ئێرانی کە هەموویان دەکرێ بڵێم لە ئێستادا سوپای پاسدارانن، زۆرتر ئەوانە بڕیار دەدەن لەو پەیوەندییەدا.
رووداو: ئێوە پێشتر لە ساڵی 1959 لە ڤیەننا، لە ساڵی 1992 لە ئەڵمانیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتوون و لە هەردوو جارەکەیشدا هەردوو سکرتێری ئێوە دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو و دکتۆر سادق شەرەفکەندی تیرۆرکراون. کۆنسووڵی گشتی ئێران دەڵێت لە ڤیەننا هێرشکراوەتە سەر هەردوو لاتان پێکەوە و ئەوان قاسملوویان تیرۆر نەکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دادگاکانی ڤیەننا و میکۆنۆس هیچیان سەلماندووە ؟
خالید عەزیزی: بەداخەوە ئەوەندەی پەیوەندی بە تیرۆری دکتۆر قاسملوو لە ڤیەننا هەیە، ئێستایشی لەگەڵدابێ دادگاییەک دروست نەبوو. ئەو کاتە دۆسیەی تیرۆری دکتۆر قاسملوو بووە بابەتی مامەڵەی ئەو کاتی وڵاتان کە ئەو کات جەنگی ئێران لەگەڵ عێراق کۆتایی هاتبوو، ئینجا بۆیە ئەوەی لە ڤیەننا روویدا ئەوە کۆماری ئیسلامی کردی و ئەوەی کە بریندار بوو لەوێ لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و لە دانوستاندابوو و هەرگیز حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە نەبووە کە لایەنێکی دیکە دژی ئەو دانوستاندنە بێت و هاتبێ لەوێ تەقەی کردبێت. نەخێر، هەموو ئەوانە بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بوون. ئەوانە پاسداری تیرۆریست بوون بە ناوی کەسانی دیپلۆمات هاتبوونە ئەوێ و تەواوی گەشتەکانیان و گەڕانەوەیان ئەوەی دەرخست.
دووەم، سەبارەت دۆسیەی میکۆنۆس، لە راستیدا دادگای لەسەر دروستکرا و چوار، پێنج ساڵ دواتر دادگایەک لە ئەڵمانیا دروستکرا بە ناوی دادگای مێکۆنۆس. ئەو دادگەیە قەیرانی لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئێرانیش دروستکرد. دادگاکە بڕیاریدا کە ئەو رووداوە بە بڕیار و چاودێری رێبەرانی سەرەوەی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراوە.
رووداو: ئێران ئیوە بە تیرۆری خەڵکی سڤیل لە نێوخۆی وڵاتەکە تۆمەتبار دەکات. بۆچی ئەو تۆمەتە ئاراستەی ئێوە دەکرێ ؟
خالید عەزیزی: مێژوو ئەوەیشی سەلماندووە. ئەوان دکتۆر قاسملو و دکتۆر شەرەفکەندیان تیرۆر کرد و دەیان کادریان لە کوردستانی عێراق لێ تیرۆر کردین، لە نێوخۆی وڵات خەڵکیان لە سێدارەداین، موشەکبارانیان کردین. هەرگیز حیزبی دیموکرات تیرۆری بە تیرۆر وەڵام نەداوەتەوە و مێژووی حیزبی دیموکرات و پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکانی ئێرانی پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی، لە وڵاتانی دەرەوە و ئەمریکا لە هەموو شۆێنێک رێبەر و نوێنەرانی حیزبی دیموکرات وەک حیزبێکی سیاسی ناسراون و پێشوازییان لێدەکرێ و هەرگیز هیچ لایەنێک ناوی تیرۆری لەسەر ئێمە دانەناوە. ئەو ناوە پڕ بە بەژن و باڵای کۆماری ئیسلامییە و لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناوەشێتەوە.
رووداو: دوای هەڤپەیڤینەکەی ئێمە لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی ئێران، هێرش کرایەوە سەر کەمپی پەنابەران.
ئایا ئەو کەمپانە لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و هێزی چەکداری تێدایە؟
خالید عەزیزی: ئێمە لەسەر بابەتی ئەو کەمپانە بۆ ئاگاداری جەنابت، بۆ ئاگاداری بەتایبەت خەڵکی باشووری کوردستان، چەندین ساڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە گفتوگۆدا بووین و خۆم بەشداربووم لە دانیشتنێک لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەند و چۆنی ئەو کەمپانە. ئەو کەمپانە هەرگیز کەمپی چەکداری نەبوون، بەڵکو کەمپی مەدەنین. دامەزراوەی حیزبی ئەگەر لەوێشدا بووبێت، ئەوا یەکێتی لاوان، یەکێتی ژنان و منداڵپارێز و خەستەخانە و قوتابخانە و هەمووی ئەوانە بوون و نەتەوە یەکگرتووکان و کاربەدەستدانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەزانن. کاتێک ئەو کەمپانە بە ئامانج گیراون، لە راستیدا شوێنی چەکداری نەبوون. ئێمە نە ئێستا و نە لە داهاتوویشدا ئامادە نین ئەو کەمپانە بکەینە ناوەندێکی سەربازی. ئەو بانگەشەیەی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی نادروستە و لەجێی خۆیدا نییە.
رووداو: ئێوە پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ئەوەی کۆنسووڵی گشتی ئێران لە هەولێر گوتی؟
خالید عەزیزی: ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش باسمان کردووە و بەڵێنمان داوە کە ئێمە کوردستانی عێراق و عێراق ناکەینە بەرەی پشتەوەی جەنگ. بۆ ئاگاداری بەڕیزتان، لەنێوخۆی وڵات جموجووڵێکی فراوانی مەدەنی هەیە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆشییەوە هەم هەستی نەتەوایەتییان بەرزە و هەم هەستی سیاسیان لەسەرەوەیە. ئەوان لە تەواوی ئەو چەند ساڵەدا پێشانیان داوە لە مەیداندان. حیزبی دیموکرات ئەوە بە پێویست نابینێت لەو خەبات و تێکۆشانەی خۆیدا دەستەیەک پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی کوردستانی ئێران و شەڕی چەکداری بکات، لە کاتێکدا بە سەتان هەزار کەس لە نێوخۆی وڵات سەرقاڵی خەبات و قوربانیدانی مەدەنی خۆیانن.
رووداو: کەواتە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک لەگەڵتانە؟ چونکە کۆنسووڵی گشتی دەڵێت کەستان لەگەڵ نییە؟
خالید عەزیزی: هەر خودی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و کۆنسووڵی گشتیش هەموویان باش دەزانن بە تایبەت لەو دواییانەدا یەکەم، نزیکەی چل و حەوت ساڵە هێرشیان کردووەتە سەر کوردستان و ئەو هەموو ئەندام و کادیرەی حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکەیان گرتووە و لەسێدارەیان داون و لە زیندانیان کردوون، ئەو حیزبە هەر لە جێگای خۆیەتی.
دووەم، جووڵانەوەی ژینا دەریخست کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندە لە مەیداندا بوون و بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانیان لە حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە کردووە. سێیەم، لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا دەرکەوت کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا راوەستاون و لە هەموو ئەوانەش گرنگتر کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات جووڵانەوەی ئێمە و دۆزی ئێمە تەنیا بە حیزبەکان پێناسە بکات. ئەو حیزبانەش ریشەیان لەنێو ئەو خەڵکەدا هەیە. ئەوان لە راستیدا وا بە ئاسانی نەدەتوانن ئەو حیزبانە لە نێوببەن و نە ئەو هەموو خەڵکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە بە سەتان هەزاران کەس و بە ملیۆن خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر دێنە مەیدان. نەخێر ئەو بانگەشانە دروست نین ، بەڵکو خۆیان دەیانەوێ و ئامادەن.
