رووداو دیجیتاڵ
"لە عێراق لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات و 20٪ـی مێرمنداڵانیش لە ماوەی یەک ساڵدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە"؛ ئەمە بەشێکە لەو زەنگە مەترسیدارەی کریستیان شۆڵتس، نوێنەری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو لێیدەدات.
نوێنەری یونیسێف لە عێراق دەڵێت، لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە تووندی کەرتی ئاویان لە وڵاتەکەدا شێواندووە و نیوەی خێزانەکانیش لە پاکوخاوێنیی پێویستی ئاو بێبەشن، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دۆخەکەی سەختتر کردووە. لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە، کریستیان شۆڵتس ئاماژە بەوە دەکات کە 80٪ـی منداڵان لە ماڵەکانیاندا رووبەڕووی پەروەردەکردنی تووندوتیژانە بوونەتەوە و هەژاریی فرەڕەهەندی بووەتە هۆی کارپێکردنی 5٪ـی منداڵان.
سەبارەت بە هەوڵەکانی رێکخراوەکەشیان، نوێنەری یونیسێف تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە رێگەی سیستمی دیجیتاڵییەوە ساڵی رابردوو نیو ملیۆن منداڵیان لە کاتی لەدایکبووندا تۆمار کردووە و کار لەسەر دابینکردنی بەڵگەنامەی فەرمی بۆ ئاوارەکان دەکەن، هاوکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی نزیکەی نیوەی ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانەکان دابڕابوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری یونیسێف جەخت لە پێویستیی داننان بە مەترسییەکانی تەندروستیی دەروونی لە عێراق دەکاتەوە و داوا دەکات دەروونناس لە قوتابخانەکاندا جێگیر بکرێن، لە هەمان کاتدا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات لە میوانداریکردن و تێکەڵکردنی خێزانە ئاوارەکان لە نێو کۆمەڵگەدا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ملیۆنان منداڵ لە سەرانسەری عێراقدا رووبەڕووی مەترسی، وشکەساڵی و چەندین ئاستەنگیی دیکە دەبنەوە. نوێنەرایەتی یونیسێف لە عێراق لێرەیە بۆ پاراستنی منداڵان و یارمەتیدانی حکومەت و لایەنە ناوخۆییەکان بە مەبەستی باشترکردنی ژیانی منداڵان لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئێستا لەگەڵمدا بەڕێز کریستیان سکوگ، نوێنەری یونیسێف لە عێراق ئامادەیە. بەڕێز کریستیان، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت. سوپاس کە لێرە لەگەڵماندا بەشداریت.
کریستیان شۆڵتس:سوپاس. مایەی دڵخۆشییە بۆ من کە لەگەڵتانم.
رووداو: سوپاس. با لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراقەوە دەستپێبکەین. دەزانین کە رەنگە تاوەکو رادەیەک رووبەرێکی بەرفراوانی عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی دیکەی گۆڕانی کەشوهەواوە. ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر منداڵانی عێراق دروستدەکات؟ یونیسێف چی دەکات بۆ پاراستنی منداڵان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا؟
کریستیان شۆڵتس: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە زۆر گونجاوە. گۆڕانی کەشوهەوا بەڕاستی زیاتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە. بە شێوەیەکی یەکجار زۆر کاریگەریی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئاودا. کوالیتی و بڕی ئاو بە شێوەیەکی فراوان کاریگەریی لەسەر دروستبووە. گوتم کوالیتیی ئاوەکە چونکە بەهۆی هەموو گۆڕانکارییەکان و کێشەکانی بەڕێوەبردنی ئاوەوە، لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات. هەروەها لەسەر ئاستی خێزانەکانیش، نیوەی خێزانەکانی وڵاتەکە لە پاکوخاوێنی و پاڵفتەکردنەوەی ئاو بێبەشن. هەموو شتێک کە دەیکەین لەگەڵ حکومەتدا ئەنجامی دەدەین. ئێمە پشتیوانی لە حکومەت دەکەین لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانەدا دەکات. لە کاتێکدا کە ئاو کەمتر دەبێتەوە، بەڕێوەبردنی ئاو گرنگتر دەبێت، بۆیە رێگەگەلێک هەن بۆ کۆکردنەوەی ئاوی زیاتر، بۆ نموونە لە رێگەی دروێنەکردنی باشتر لە ئاوی باران. واتە گلدانەوەی ئەو ئاوە و دڵنیابوونەوە لەوەی دەچێتە ناو ئاوی ژێرزەوییەوە و ئاوی ژێرزەوی زیاتر دەبێت. هەروەها ژمارەیەک سیستەم هەن بۆ دڵنیابوون لەوەی پشتیوانی لە تەکنەلۆژیا بکەین بە مەبەستی جیاکردنەوە و فلتەرکردنی ئاو، بەجۆرێک ئەو ئاوەی پێویستە بۆ خواردنەوە پارێزراو بێت لەو ئاوە جیا بکرێتەوە کە بە هەمان کوالیتی پێویست نییە. بۆیە چەندین تەکنیک هەن بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو، بۆ باشترکردنی کوالیتیی ئاو و بۆ کۆکردنەوەی بە شێوازێکی باشتر. بەڕاستی ئەمە وەبەرهێنانی زەبەلاح و گەورە نییە، بەڵکو باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاوە لەو ئاستەی کە حکومەت دەتوانێت بیکات، لە هەمان کاتیشدا لەسەر ئاستی خێزانەکان. کەواتە چەندین دەستپێشخەری هەن.
رووداو: ئایا ئێوە لە رێگەی دابینکردنی ژێرخانەوە یارمەتیی حکومەت دەدەن، بەتایبەت لە بواری دابینکردنی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودا؟
کریستیان شۆڵتس: نەخێر، ئەمە زیاتر پەیوەستە بە تەکنیکەکانەوە. ئێمە بودجەمان نییە وەبەرهێنان لە ژێرخانی گەورەدا بکەین. بەڵام فلتەر و تەکنیک هەن بۆ گلدانەوەی باشتر و دابەشکردنی باشتر. بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە، وەک گوتم...
رووداو: دەتوانین بزانین کام شار یان ناوچەی دیاریکراو لە عێراق کامانەن کە زۆرترین کاریگەریی وشکەساڵییان لەسەرە و ئاوی پاکی پێویستیان پێناگات؟
کریستیان شۆڵتس: پێموایە بەتایبەتی ناوچە گەرمەکان، گەرماکە لە پارێزگاکانی باشوور بەهێزترە. بۆیە ئەمە کەموکوڕیی سەرەکییە لەوەی منداڵان رووبەڕووی دەبنەوە. کەواتە ئەگەر بتەوێت، لەم دۆخەدا ئەوە گرنگترین ناوچەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە تاقیدەکەینەوە و پشتیوانیی لێدەکەین لە شوێنی جیاوازدایە، لەو شوێنانەی ئیرادە و وەبەرهێنان هەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەم تەکنیکە جیاوازانە.
رووداو: چۆن ئامۆژگاریی ئیدارە خۆجێییەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون، پیسبوونی ئاو لە عێراق؟
کریستیان شۆڵتس: پێموایە ئەمە لە قوتابخانەکان و لە ماڵەوە روودەدات. پەیوەستە بە کەمپینەکانی هۆشیاری و خودی پەروەردەوە لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانیت بەڕێوەبردنی ئەو ئاوە بکەیت کە هەتە، بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە هیچ پیسبوونێک روونادات، چ بەهۆی پلاستیک یان پاشماوەوە بێت یان ئەو ئاوەی کە لەبەردەستتدایە، تاوەکو بە باشی لەسەر ئاستی خێزان، قوتابخانەکان و لە کۆمەڵگەکاندا بەڕێوەی ببەیت بۆ ئەوەی نە بەفیڕۆچوون هەبێت و نە پیسبوون.
رووداو: لە رابردوودا لە عێراق بۆشایی لە کوتانی منداڵاندا هەبووە بە دیاریکراوی. ئایا عێراق توانیویەتی ئەم بۆشاییانە پڕبکاتەوە لە رێگەی دابینکردنی ئەو ڤاکسینانەی منداڵان پێویستیان پێیەتی؟
کریستیان شۆڵتس: کوتان کارێکی زۆر گرنگە. رەنگە گەورەترین پشتیوانی بێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەشی جیهانی کردبێت لە کەمکردنەوەی مردنی منداڵاندا. بۆیە زۆر گرنگە کە ئەمە بە باشی کاربکات. عێراقیش لەم بوارەدا زۆر باش کاردەکات. کاتێک سەیری ڤاکسینی دی تی پی وەن دەکەین کە لە ڤاکسینە سەرەکییەکانە کە منداڵی تازەلەدایکبوو پێویستی پێیەتی، دوایین ئامارەکانی پار دەریدەخەن 96٪ی منداڵان ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە، بەڵام پێویستە ئەمە نوێبکرێتەوە. پاشان بۆ ژەمی دووەم و سێیەم نزیکەی 84٪ە. ئەمە هێشتا ژمارەیەکی تاوەکو رادەیەک بەرزە بەراورد بە وڵاتانی دیکە. لە دوای پەتای کۆڤید-19 بینیمان دوودڵیی زیاتر لە وەرگرتنی ڤاکسین لە سەرانسەری جیهاندا دروستبوو، ئێمەش هیوادارین عێراق بە رێژەیەکی زۆر دانەبەزیبێت، چونکە نزیکەی هەموو وڵاتێکی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. کەواتە دوو شت هەن کە پێویستە بکرێن: یەکەمیان لەسەر سیستەمەکان، راپۆرتدان، تەکنیکەکان و ئەو داتایانەیە کە هەن، هەروەها دڵنیابوونەوە لە کوالیتیی ڤاکسینەکان، هێشتنەوەی کوالیتییەکەیان و گەیشتنیان بە هەموو گۆشەیەکی وڵاتەکە. دووەمیشیان مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم دوودڵییە لە کاتێکدا هەندێک کەس دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسین، تاوەکو لە گرنگیی کوتان و سوودەکانی ئاگادار بکرێنەوە، هەروەها لەوەی کە ئەمە پارێزگاری لە خۆت، منداڵەکەت و منداڵانی دیکەش دەکات، چونکە پێویستی بە ئاستێکی بەرزی کوتانی کۆمەڵگە هەیە بۆ ئەوەی نەخۆشی بڵاونەبێتەوە. پێموایە عێراق زۆر باش هەنگاو دەنێت. دەبێت وشیار بین بۆ ئەوەی ئەو ئاراستە زۆر ئەرێنییەی پێشتر هەبووە لەدەست نەدەین. بەڵام لە رێگەی پشتیوانیکردنی ئەو خاڵانەی باسم کرد، بەتایبەت کارکردن لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە، عێراق زۆر باش کاردەکات.
رووداو: تۆ زۆر باش ئاگاداری کە ئاوارەبوون یەکێکە لە کێشە نێوخۆییەکانی عێراق و منداڵانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەمە. لە نزیکەوە لەگەڵ خێزانە ئاوارەکان و منداڵەکانیاندا کارتان کردووە. هێشتا هەندێکیان بێبەشن لەو بەڵگەنامە یاساییانەی کە بۆ چوونە قوتابخانە، خوێندن و دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە پێویستییەکانی ژیان دەیانەوێن. یونیسێف چی دەکات بۆ هاوکاری لەم دۆخەدا؟
کریستیان شۆڵتس: دەمەوێت بەتایبەتی دوو شت باس بکەم: یەکەمیان ئەوەیە کە بۆ هەموو منداڵێک لە عێراق گرنگە لە کاتی لەدایکبووندا ناوی تۆماربکرێت. ئێمە زۆر کارمان لەگەڵ فەرمانگەی باری شارستانی و وەزارەتی تەندروستیدا کردووە بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە هەموو منداڵێک تۆماربکرێت، ئەمەش لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوەیە. ئەمە شێوازێکی زۆر کاراترە بۆ ئەنجامدانی. بەو هۆیەوە پار، نیو ملیۆن، واتە 500 هەزار منداڵ لە رێگەی ئەم سیستەمەوە تۆمارکران. منداڵانێک هەن بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە لە سەرەتاوە هەرگیز تۆمار نەکراون، یان بەڵگەنامەکانیان ونکردووە، یان وەک باستان کرد لە کاتی ئاوارەبووندا هەندێکجار شوێنپێیان ون دەبێت. بۆیە هەوڵێکی زیاتر دراوە بۆ گەیشتن بەو منداڵانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن، چ ئاوارە بن یان ئەوانەی بەڵگەنامەی تۆمارکردنیان نییە، تاوەکو بەڵگەنامەکانیان بۆ دابینبکرێت و دەستیان بە هەموو خزمەتگوزارییەکان بگات. ئەمە کارکردنە لەگەڵ بەشە جیاوازەکانی حکومەتدا بۆ دڵنیابوون لە روودانی. پشتیوانیی یاسایی هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەوەی چ بەڵگەنامەیەک ونە. رەنگە دۆخی خێزانەکەیان کەمێک ئاڵۆز بێت و پێویست بکات بەڵگەنامەکان سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە. چەندین هەنگاوی یاسایی هەن بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵەکە هەمان ئەو کەسەیە کە کەسە پێگەیشتووەکان بانگەشەی دەکەن. بۆیە دەستنیشانکردنەوەی هەنگاوەکان و رێکخستنی هەموو بەڵگەنامەکان لە شوێنی خۆیاندا دەکرێت کارێکی تاوەکو رادەیەک سەخت بێت. بەڵام بە کارکردن لەگەڵ بەشە جیاوازەکانی حکومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریشدا، هەوڵدەدەین لەم بوارەدا بەرەوپێش بچین و پێموایە پێشکەوتنی زۆر هەیە. دۆخە سەختە تایبەتەکان ئەوانەن کە لە وڵاتێکی دیکەوە دەگەڕێنەوە کە رەنگە دایک و باوکیان لە ژیاندا نەمابن، یان ون بن، یان تەنیا یەکێکیان مابێت. بۆیە هەبوونی بەڵگەنامەی ئەوەی باوک کێیە و دایک کێیە، یەکجار گرنگە. بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزە کە پێویستە دابنرێت، بەڵام پێویستە دڵنیابین لەوەی دروستە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاردەکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەم هەوڵە زیاترانە تاوەکو پڕۆسەکە خێراتر بکرێت و دڵنیابین لەوەی هەموو بەڵگەنامەکان لە شوێنی خۆیاندان. چونکە وەک دەڵێیت، ئەمە بۆ هەر کەسێک پێویستییەکی حەتمییە؛ خودی ناسنامەکەیە. بەبێ بەڵگەنامەی دروست، ناتوانیت دەستت بە پەروەردە، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بگات، بۆیە یەکجار گرنگە.
رووداو: رێکخراوەکەتان داکۆکی دەکات دژی کارپێکردنی منداڵان. لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هێشتا دەکرێت ئەمە بۆ هەندێک خێزان و منداڵ راست بێت. هەنگاوەکانتان چین بۆ رێگری لە کارکردنی منداڵان، یان دابینکردنی سەقامگیریی ئابووریی پێویست لە ماڵەکانیاندا تاوەکو ناچار نەبن کاربکەن، بەتایبەت لە بارودۆخی سەختدا؟
کریستیان شۆڵتس: لەم بارەیەوە چەندین بابەت هەن: پێش هەموو شتێک، دوایین ئامار کە لەبەردەستماندایە هی ساڵی 2018ـیە لە رێگەی راپرسیی خێزانییەوە، بۆیە ژمارەکان کەمێک کۆنن، بەڵام دەبێت زۆر بەمزووانە نوێبکرێنەوە چونکە ئێمە راپرسییەکی خێزانیمان ئەنجامداوە و هیوادارین لە ماوەی مانگێک یان کەمێک زیاتردا ژمارەی نوێمان لەبارەی کارپێکردنی منداڵان و زۆر شتی دیکەوە دەستبکەوێت. دواجار لە ساڵی 2018ـدا 5٪ی منداڵان کاریان دەکرد. ئەمە ژمارەیەکی زۆر بەرز نییە، بەڵام 5٪ هێشتا زۆرە. کارپێکردنی منداڵان نابێت بوونی هەبێت. بۆچی کارپێکردنی منداڵانمان هەیە؟ بەتایبەتی بەهۆی هەژارییەوە، زۆرێک لە خێزانەکان خۆیان تێدا دەبیننەوە، چ هەژاریی دارایی بێت کە پارەی پێویستیان نییە، یان ئەوەی پێی دەڵێین هەژاریی فرەڕەهەند، بەو مانایەی دەستیان پێیناگات یان لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بێبەشن. کەواتە منداڵەکە ناچێتە قوتابخانە، یان ئاوی پاکی نییە، یان چاودێریی تەندروستی نییە یان هەر شتێکی دیکە بێت. بۆیە ئەم بارودۆخە سەختانە و ئەو گوشارەی لەسەر خێزان هەیە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، هەندێکجار ناچاریان دەکات منداڵەکە بخەنە کار. بەرەنگاربوونەوەی ئەمەش لە چەندین رووەوەیە یان چەندین رێگەی جیاواز هەن بۆ کردنی. یەکێکیان ئەوەیە ئەگەر بۆ نموونە نەچنە قوتابخانە، رێگرییەکان چین؟ پێویستیان بە چییە؟ ئایا پارەیە؟ گواستنەوەیە؟ ئایا پێویستیان بە قوتابخانەیەکە کە نزیکتر بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونیان؟ بۆیە زۆر کار لەسەر دەستنیشانکردنی بەربەستەکان و گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە دەکەین بە پشتیوانیی وەزارەتی پەروەردە. ئایا دەستڕاگەیشتنە بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان؟ دووبارە، رێگرییەکان بۆ ئەوە چین؟ ئایا بەهۆی کەمیی پارە و نەختینەوەیە؟ ئێمە لەگەڵ حکومەت لە سەرانسەری عێراقدا کاردەکەین بۆ بەهێزکردن و باشترکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی، تاوەکو کاراتر و کاریگەرتر بن و دۆخی منداڵان لەبەرچاو بگرن. بۆیە بەهێزکردنی هەموو ئەم لایەنانە بریتییە لە زاڵبوون بەسەر ئەو بەربەستانەی کە خێزانەکان و منداڵەکانیان رووبەڕوویان دەبنەوە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر زاڵبین بەسەر ئەم بەربەستانەدا، رێژەی کارپێکردنی منداڵان دەبێت کەمببێتەوە یان بە تەواوی نەمێنێت. کەواتە چەندین لایەن هەن و ئێمە کار لەسەر جیاوازەکان دەکەین.
رووداو: یەکێکی دیکە لەو کێشانەی منداڵان لە عێراق رووبەڕووی دەبنەوە، جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژییە. پێشتر توندوتیژیی خێزانیمان هەبوو و ئێستاش بەردەوامە، ئێستاش جۆری جیاوازی توندوتیژیمان هەیە؛ بۆ نموونە لە رێگەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنییەوە دژی منداڵان کە روودەدات. یونیسێف لەم رووەوە چی دەکات؟ ئایا هیچ سیاسەتێکی دیاریکراوتان هەیە کە لەم بوارەدا ئامۆژگاریی حکومەت بکات، یان کەمپینی هۆشیاریی تایبەت بۆ ئەوەی ئەمە رابگیرێت؟
کریستیان شۆڵتس: ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە. دوایین ئامارەکان دەریدەخەن 80٪ی منداڵان لە ماڵەوە رووبەڕووی شێوازێک لە پەروەردەکردنی توندوتیژانە بوونەتەوە. ئەوە ژمارەیەکی یەکجار بەرزە. هەروەها 37٪ی بەخێوکەران دانیان بەوەداناوە کە شێوازێک لە توندوتیژییان بۆ بەخێوکردنی منداڵان بەکارهێناوە. دووبارە، هیوادارین بەمزووانە داتای نوێمان دەستبکەوێت و هیوادارین ئەم رێژەیە دابەزیبێت. توندوتیژی بە چەندین شێواز کاریگەری لەسەر منداڵان دروستدەکات. بێگومان هەندێک جار لە رووی جەستەییەوە کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، بەڵام لە رووی دەروونیشەوە کار دەکاتە سەریان. هەندێک جار ئەگەر توند بێت، زەبری دەروونی دروستدەکات. کاریگەری لەسەر توانای سەرنجدان، فێربوون و مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی دیکە و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتییان دادەنێت، دەکرێت کاریگەریی درێژخایەنیشی هەبێت. بۆیە زۆر گرنگە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت و رێگریی لێبکرێت. شتێکی دیکەش کە دەمویست ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە؛ زۆرجار ئەگەر خۆت بەدەست توندوتیژییەوە ناڵاندبێتت، کاتێک دەبیتە کەسێکی پێگەیشتوو، ئەگەری زۆر زیاترە توندوتیژی بەرامبەر کەسانی دیکە بەکاربهێنیت. رێگریکردن لێی پێویستی بە جۆرێک لە هەنگاونانی سەرتاسەریی کۆمەڵگەیە. لە بنکە تەندروستییەکاندا توندوتیژی دەستنیشان دەکرێت، لە قوتابخانەکاندا رێگری لە توندوتیژی دەکرێت و ئەگەر رووبدات، وەڵامدانەوەی بۆ دەبێت. ئێمە زۆر کار لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا دەکەین لەسەر یەکەکانی پاراستنی منداڵ، تاوەکو ئەو منداڵانەی قوربانیی توندوتیژین گرنگی و پشتیوانیی تایبەتیان پێبدرێت، چ پشتیوانیی دەروونی بێت یان جیاکردنەوەیان لەو کەسەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکات. بەڵام پێویستی بە گۆڕینی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش هەیە، کە توندوتیژی دژی منداڵان قبوڵکراونەبێت. ئەمەش پێویستی بە یاسایەک هەیە کە ئەمە قەدەخە بکات. بۆیە یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکان کە بەڕێوەیە، کۆنفرانسێکی نێوان وەزارەتەکانە لە فلیپین لەم مانگەدا، کە وڵاتان پابەندبوونی خۆیان رادەگەیەنن لەسەر سیاسەت، یاسا و ئەو هەنگاوانەی دەیگرنەبەر بۆ کەمکردنەوە یان بنبڕکردنی توندوتیژی دژی منداڵان. ئێمە یارمەتیی ئامادەکردنی شاندی عێراقمان داوە و کار لەسەر ئەو بەڵێنانە دەکەین کە دەیدەن بۆ ئەوەی قوتابخانەکان و کۆمەڵگە پارێزراوتر بکەن و توندوتیژی دژی منداڵان کەمبکەنەوە.
رووداو: ئایا ئێوە هیچ پشتیوانییەک پێشکەش دەکەن؟ بۆ نموونە بۆ قوتابخانەکان، بۆ ئەو شوێنەی کە منداڵان و مێرمنداڵانی لێیە. ئاماژەت بە ئاڵنگارییەکانی تەندروستیی دەروونیش کرد. ئایا هیچ هاوکارییەکی کردەیی پێشکەش دەکەن؟ بۆ نموونە دابینکردنی پزیشکی دەروونی، پسپۆڕان لەم بوارەدا بۆ ئەوەی گوێ لە منداڵان بگرن و یارمەتییان بدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن؟ لەوانەیە لە ناوخۆدا سەرچاوەکان لەم بوارەدا سنووردار بن. ئایا یونیسێف لەم بوارەدا یارمەتیی عێراق دەدات؟
کریستیان شۆڵتس: پشتیوانیی ئێمە بەتایبەتی دەتوانم بڵێم تەکنیکییە، پەیوەستە بە رێنمایی و پاکێجەکان بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن لە قوتابخانەکان یان لە ماڵەوە بۆ دایک و باوکان یان مامۆستایان، بۆ نموونە چۆن منداڵان پەروەردە دەکەین؟ چۆن دڵنیادەبینەوە لەوەی توندوتیژی بەکارناهێنن؟ هەروەها خودی منداڵەکان، چۆن ئەو ئامرازانەیان هەبێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە توندوتیژی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان یان بێئومێدییەکان نەک لە رێگەی توندوتیژییەوە، بەڵکو بە رێگەی ئاشتییانە. هەروەها بۆ ئەوەی مامۆستایان ئەمە دەستنیشان بکەن، بێگومان پەروەردەی منداڵەکان بکەن، بەڵام دەستنیشانیشی بکەن کاتێک بارودۆخی توندوتیژیی ئەگەری سەرهەڵدەدات و بیاننێرن بۆ لای کەسانی پسپۆڕتر. ئێمە خۆمان پزیشکی دەروونی دابین ناکەین، بەڵام گرنگە دەروونناس لە قوتابخانەکاندا هەبن و لەم یەکانەی پاراستنی منداڵدا هەبن کە ئاماژەم پێکردن، بۆ ئەوەی هەوڵی پێشگرتنی بدەین، بەڵام کاتێک روودەدات، پێش ئەوەی تەشەنە بستێنێت بە خێرایی دەستنیشان بکرێن.
رووداو: ئەی لەبارەی ئەو منداڵانەی کە تووشی زەبری دەروونی بوون، بۆ نموونە لە کاتی ئاوارەبوون یان جەنگدا، خێزانە ئاوارەکانی ناوخۆ لە عێراقدا؟ ئایا هیچ هاوکارییەکی تایبەتیان پێشکەش دەکەن؟
کریستیان شۆڵتس: ئەمەش وەک باستان کرد بەستراوەتەوە بە توندوتیژییەوە، بەڵام عێراق خاوەنی مێژوویەکی زۆر سەخت و پڕ لە ململانێیە و لە رابردووی نزیکیشدا ئاوارەبوونی زۆر، زەبری دەروونی و کێشەی تەندروستیی دەروونی هەبووە؛ نەک تەنیا بەهۆی بارودۆخی عێراقەوە، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا دەبینین زیاتر و زیاتر مێرمنداڵان بەتایبەتی بەدەست کێشەکانی تەندروستیی دەروونییەوە دەناڵێنن. بۆیە لایەنێکی زۆر گرنگ لێرەدا دانپێدانانی ئەمەیە، داننان پێیدا و ئامادەکردنی باشتری قوتابخانەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، تاوەکو تەندروستیی دەروونی ببێتە خزمەتگوزارییەکی سەرەکی کە لە بنکە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا پێشکەش دەکرێت. من ئامارێکی زۆر نیگەرانکەرم پێیە، ئەویش ئەوەیە نزیکەی 20٪، واتە نزیکەی یەک لە هەر پێنج منداڵ، لە راپرسییەکدا کە پار لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامماندا، رایانگەیاندووە لە ماوەی 12 مانگی پێش راپرسییەکەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. کەواتە یەک لە پێنج کەس نەک هەر بیریان لە خۆکوشتن کردووەتەوە، بەڵکو بە کردەیی هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. بۆیە بەڕاستی کێشەی زۆر گەورە و بەرچاوی تەندروستیی دەروونییە.
رووداو: ئەم داتایە بە دیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ چ ساڵێک؟
کریستیان شۆڵتس: ئەمە هی ساڵی 2025ـە.
رووداو: کەواتە داتایەکی نوێیە کە دەریدەخات یەک لە هەر پێنج منداڵ لە عێراق بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە یان هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
کریستیان شۆڵتس: ئەمە بۆ گرووپی تەمەنی 13 بۆ 17 ساڵانە لە قوتابخانەدا.
رووداو: کەواتە ئەم داتایە چیت پێدەڵێت لەبارەی دۆخی منداڵان و مێرمنداڵان، بەتایبەت لە رووی تەندروستیی دەروونییەوە لە عێراق؟ پێویستە چی بکرێت؟ ئامۆژگاریت بۆ پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هەر رێکخراوێک کە لێرەیە چییە؟ ئامۆژگاریت بۆ حکومەت و ئیدارەی خۆجێیی چییە؟ چ هەنگاوێک پێویستە بنرێت؟ چونکە ئەمە بەڕاستی داتایەکی نیگەرانکەرە.
کریستیان شۆڵتس: بەڵێ، زۆر نیگەرانکەرە. یەکەمیان داننانە بە کێشەکەدا، چونکە ئێمە مەیلمان بەلای ئەوەدایە باس لە تەندروستیی جەستەیی بکەین و خەڵک نەخۆشن و ئەمە و ئەوە و ئەوی دیکە. ئەوە ئاساییە، بەڵام بەشی تەندروستیی دەروونی بەزۆری بەو شێوەیە نییە؛ کێشە دەروونییەکان بەزۆری بە ئاشکرا باس ناکرێن. بەڵام ئەمە بارودۆخەکەیە، ئەوە ئەو جیهانەیە کە ئێستا تێیدا دەژین. کەواتە داننان پێیدا، پاشان ئامادەکردن و دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوانەی رۆژانە مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا دەکەن، لەوانە توێژەرانی کۆمەڵایەتی، کارمەندانی تەندروستی، مامۆستایان و بەڕێوەبەران و بێگومان خودی دایک و باوکەکان، دان بەمەدا بنێن و زانیاری و هۆشیاریی پێویستیان هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کاتێک کێشەیەک بەدی دەکرێت، تاوەکو بە ئاشکرا لەم بارەیەوە لەگەڵ منداڵاندا بدوێن و بزانن چۆن قسەیان لەگەڵ بکەن. بۆیە ئێمە زۆرێک لەم ئامۆژگاری و رێنماییانە دابین دەکەین.
رووداو: ئایا هیچ زانیارییەکی ورد هەیە سەبارەت بەو منداڵانەی هەوڵی خۆکوشتنیان داوە؟ ئایا ئەوان زیاتر لەو خێزانە ئاوارەبووانەن لە ناوخۆی عێراقدا، یان لە خێزانە ئاوارەکان نین و تووشی زەبری جەنگ و شتی لەو شێوەیە نەبوون؟ پۆلێنبەندییەکە لێرەدا چۆنە؟
کریستیان شۆڵتس: من زانیاری وردم لەبەردەستدا نییە. ئەمە لە سەرانسەری وڵاتدایە. رەنگە دابەشکاری بەپێی شوێن هەبێت، من نایزانم. بەڵام نایزانم، هیچ پاشخانێکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری تۆمار نەکراوە. بۆیە ناتوانم ئەوە بەراورد بکەم، نایزانم. دیسانەوە بەمزووانە لە رێگەی ئەم راپرسییە خێزانییەوە زانیاریی زیاترمان دەبێت، ئەو راپرسییەی کە لەگەڵ حکومەتدا ئەنجامی دەدەین، زانیاری دەبێت لەسەر ئەوەی کێشەی تەندروستیی دەروونی تاوەکو چەند توندە، کەمێک زیاتریش لەسەر هۆکارەکان و ئەوەی چ جۆرە کێشەیەکی تەندروستیی دەروونییان هەیە کە رووبەڕووی دەبنەوە. ئەوە وەک گوتم ئاراستەیەکی جیهانییە کە لەگەڵ هەموو... مەبەستم ئەوەیە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئەو خێراییەی کە هەموو کەسێک لەم کاتەدا ناچارە ژیانی پێ بەڕێوەببات، لەگەڵ لێشاوی زۆری زانیاری و دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر خێزانەکان و منداڵان لەو جیهانەی دروستمان کردووە.
رووداو: تاوەکو ئەم بەروارە، هۆکارێکی راستەقینە بۆ نموونە، یان هۆکاری سەرەکی لە پشت هەوڵدانی مێرمنداڵان بۆ خۆکوشتن لە عێراق بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە؟
کریستیان شۆڵتس: نەخێر، ناتوانم بڵێم دەستنیشانکراوە یان نا. بەڵام دەزانم کێشەکە تاوەکو چەند توندە، بەڵام وردەکاریی دابەشکارییەکە نازانم.
رووداو: بەڵێ. سەبارەت بە پەروەردە، هاوکاریتان لە یارمەتیدانی سیستەمی پەروەردە لە عێراقدا، وەک ئاگادارین ناسەقامگیرییە ناوخۆییەکان رەنگە وایکردبێت ببێتە ئاڵنگاری بۆ هەندێک خێزان تاوەکو منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە و بۆ هەندێک منداڵیش کە بەبێ قوتابخانە بەردەوام بن. بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە و چۆن لەم دۆخەدا یارمەتیدەر دەبن؟
کریستیان شۆڵتس: عێراق لە کەرتی پەروەردەدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە. یەکێکیان گەشەی دانیشتووانە؛ منداڵی زیاتر و زیاتر هەن کە پێویستە بچنە قوتابخانە، بەڵام ژێرخانەکە بەڕاستی بۆ ئەوە لەبار نییە. بۆیە رێگەگەلێک هەن بۆ... سیستەمی دوو دەوامی بۆ نموونە، کە مامۆستایان پۆلێک لە بەیانی و پۆلێک لە دوانیوەڕۆدا دەڵێنەوە. ئەمانە هەندێک لە رێگاکانن. هەروەها دیجیتاڵکردن؛ هەندێک پلاتفۆرمی ئۆنلاین بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە کاریان لەسەر کراوە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و زۆر باش بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی کاتێک قوتابخانەکان ناچار دەبن دابخرێن، چ لەبەر هۆکاری ئەمنی بێت یان هۆکاری کەشوهەوا، داخستنی کاتی بێت. کەواتە چەندین رێگە هەن کە ئێمە کاریان لەسەر دەکەین یان وەزارەتی پەروەردە بە پشتیوانیی ئێمە و پشتیوانیی کەسانی دیکە کاری لەسەر دەکات. لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵێکی دیاریکراو هەبووە بۆ سەیرکردنی ئەو کەسانەی واز لە خوێندن دەهێنن؛ کەسێک کە ساڵی خوێندنی لە سەرەتای ئەمساڵدا تەواو کردووە و پاشان ناگەڕێتەوە. بۆیە ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانکردنی ئەمانەمان کردووەتە ئامانج. ئێمە هەموو منداڵەکان دەستنیشان دەکەین، بە خۆشحاڵییەوە وا دیارە کەمترن، چەند ساڵێک لەمەوبەر نزیکەی 275 بۆ 295 هەزار منداڵ بوون. نزیکەی نیوەیان توانیمان دەستنیشانیان بکەین و بیانگەڕێنینەوە بۆ قوتابخانە. پێشتریش ئەمەم باس کرد؛ بەربەستەکە چییە؟ بۆچی کەسەکە ناگەڕێتەوە؟ ئایا هۆکاری ئابوورییە؟ هۆکاری تەندروستییە؟ ئایا شوێنی خۆیان گواستووەتەوە یان هەر شتێکی دیکە؟ کەواتە دەستنیشانکردنی هۆکارەکە، زاڵبوون بەسەر ئەو هۆکارە و گەڕاندنەوەیان بۆ قوتابخانە زۆر گرنگە. پاشان بێگومان هەوڵدان بۆ هێشتنەوەیان لە قوتابخانەدا، بۆ ئەوەی هیوادار بیت بە شێوەیەکی هەمیشەییتر بەسەر ئەو بەربەستەدا زاڵ بیت. هەروەها باشترکردنی کوالیتیی قوتابخانەش هەیە لە شێوازی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی قوتابخانەکاندا، بەشداریکردنی زیاتری دایک و باوکان و خوێندکاران لە بەڕێوەبردنی قوتابخانەدا، بۆ ئەوەی دەنگی منداڵان و دەنگی دایک و باوکان ببیسترێت، چونکە ئەوکاتە خاوەندارێتییەکی کۆمەڵگەیی لەسەر قوتابخانە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دروستدەبێت، بەمەش کوالیتی بەرزدەبێتەوە و ئەوەش زۆر گرنگە.
رووداو: یونیسێف چۆن پشتیوانی لەو منداڵانە دەکات کە لە کەمپی هۆلی سووریاوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق؟ چۆن پشتیوانی لە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ قوتابخانە و شیاندنەوەیان دەکەن؟ چ شتێکی دیکەیان بۆ دابین دەکەن تا دڵنیابن لەوەی داهاتوویەکی پارێزراوتر و باشتر لە رابردوویان دەبێت؟
کریستیان شۆڵتس: پێموایە ئەمە نموونەیەکی باشە لەوەی عێراق توانیویەتی بیکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان بە شێوازێکی رێکخراو، پاشان لە رێگەی ئەم ناوەندی گواستنەوەیەی وەک ئەلمەل و پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ کۆمەڵگەکانی خۆیان یان کۆمەڵگەیەکی نوێ. یونیسێف لەگەڵ چەندین ئاژانسی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانی لە دانیشتووانی ناوەندی ئەلمەل کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە هەموو خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی، خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە، خزمەتگوزارییەکانی خۆراک، تەندروستیی دەروونی، ئاو و ئاوەڕۆ و ئەوانی دیکەیان هەیە؛ هەروەها کارکردن لەسەر تۆماری شارستانی و ئەو بەڵگەنامانەی خێزانەکان بۆ گەڕانەوە پێویستیان پێیەتی و دەبێت بڵێم، لە ماوەی ساڵاندا پشتیوانییەکی زۆر زۆر باشیان پێگەیشتووە و گەڕانەوەی زیاتر نەماوە، بۆیە ئێمە ئێستا لە ناوەندی ئەلمەل تەواوبووین لە گەڕانەوەکان و خەڵک دەچنە ناو کۆمەڵگەکان. بەڵام پەروەردە، پێدەچێت یەکێک بێت لە باشترین ئاسانکارییە پەروەردەییەکان و کوالیتیی پەروەردە لە کەمپەکەدا زۆر زۆر باش بووە و یەکێک لە لایەنە گرنگەکان ئەوەیە ئەمە بە شێوەیەکی هاوتەریب نییە لەگەڵ سیستەمەکەدا، ئێمە سوودی لێوەردەگرین و مامۆستاکان سەر بە وەزارەتی پەروەردە یان سیستەمی پەروەردەن، بۆیە مامۆستای کاتی نین و منداڵەکان هەندێک جار پێویستە فێرببن و کار لەسەر توانستە زمانەوانییەکانیان بکەن بۆ نموونە ئەگەر پێشتر بە عەرەبی یان هەمان شێوەزاری عەرەبی قسەیان نەکردبێت، کەواتە چوونە نێو سیستەمی پەروەردەیی ئاسایی تاوەکو کاتێک لە ناوەندەکەوە دەچنە ناو کۆمەڵگەکانیان، لەسەر رێڕەوی دروست بن؛ پۆلی قەرەبووکردنەوە، لەوانەیە یەک، دوو یان سێ ساڵی خوێندنیان فەوتا بێت، بۆیە پرۆگرامی خێرا لە کەمپەکەدا هەیە تا بتوانن بە ئاسانی تێکەڵ ببنەوە کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک کە هەڵیانبژاردووە بچنە ناوی. کەواتە چەندین لایەن هەن، بەڵێ.
رووداو: بەڵێ، هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا میوانداریی هەزاران و زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکانی کردووە، هێشتا خێزان و منداڵان هەن کە لە کەمپەکاندا دەژین. چ جۆرە پشتیوانییەکیان پێشکەش دەکەن و گەورەترین ئاڵنگارییان چییە چونکە ئێوە لە نزیکەوە لەگەڵیاندا کارتان کردووە؟ گەورەترین ئاڵنگاری لە بەردەم تێکەڵبوونەوەیان و لە رووی پەروەردە و چاودێریی تەندروستییەوە لە کوێدایە؟ رووبەڕووی چ شتێک دەبنەوە کە پێویستە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر، ژیانێکی باشتریان لە کەمپەکاندا هەبێت؟
کریستیان شۆڵتس: پێموایە ئەو راستییەی کە لە کەمپدا دەژین و کاتێک لە کەمپدا دەژین ئەوە رەنگە گەورەترین ئاڵنگاری بێت، ئەوەی کە جیاکراونەتەوە؛ تا ئەو ئاستەی کە هەر پەنابەرێک یان کەسێکی ئاوارەی ناوخۆ بتوانێت لە کۆمەڵگەدا بژیت و ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگە و بەشێک لە قوتابخانە ئاساییەکان، باشترە، چونکە ئەوە رێگەی تێکەڵبوونە و نەبوونە بە بارگرانی بۆ سەر کەس و بۆ ئەوانیش ئاسانترە. کەواتە کاتێک منداڵ و خێزانی زیاتر بتوانن بە تەواوی تێکەڵ ببن تاوەکو لە کۆمەڵگەدا بژین و ببنە بەشێک لە سیستەمی ئاسایی، ئەوەندە باشترە. بەڵام ئەوەش بەستراوەتەوە بە شێوەیەکی زۆر هاوشێوە بەوەی پێشتر باسم کرد لەبارەی هەبوونی سیستەمی قوتابخانە و تەندروستی بۆ ئەوان، نەک هەبوونی سیستەمێکی جیاواز. ئەمە دەبێت بەشێک بێت لە سیستەمی کارای حکومەتی عێراق، سیستەمی گشتی و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە هاتوون لە زمانەکەوە دەستپێدەکات وەک ئاماژەم پێدا؛ ئەگەر هاتوون و بە زمانێکی جیاواز دەستتان پێکردووە، یان بە عەرەبی دەستتان پێکردووە و لە کوردستان نیشتەجێ دەبن، گرنگە فێری کوردی ببن، بۆیە ئەوە دەبێت بەشێک بێت لەو گرنگیدانە تایبەتەی دەدرێت بە منداڵان تاوەکو بتوانن لە رووی زمانەوانیشەوە تێکەڵ ببن و زاڵ بن بەسەر هەر بەربەستێکی زمانەوانیدا. بەڵام بە گشتی پێموایە چیرۆکێکی سەرکەوتنیشە لە ناوچەکەدا، ئەو شێوازەی کە عێراق میوانداریی کردووە و میواندۆستییەکی یەکجار گەورە هەبووە، باسی هەرێمی کوردستانمان دەکرد لە میوانداریکردنی پەنابەران یان کەسانی ئاوارەبوو لە سەرانسەری ناوچەکەدا و پشتیوانیکردنیان کاتێک هەوڵدەدەن نیشتەجێ ببن و تێکەڵی کۆمەڵگە ببن. کەواتە تاوەکو کۆمەڵگە زیاتر گرنگییان پێبدات، دەرەنجامەکان باشتر دەبن. بۆیە لە راستیدا هەوڵدانە بۆ ئەوەی... وەک گوتم ئاڵنگاریی سەرەکی ئەوەیە کاتێک جیاکراوەیە ئەوەندە باش کارناکات، بۆیە تاوەکو زیاتر بتوانن تێکەڵ ببن و لە نێو کۆمەڵگەکاندا بژین و ئەو خزمەتگوزارییانە بەکاربهێنن کە لەبەردەستدان، باشترە.
رووداو: وەک نوێنەری یونیسێف لە عێراق، پێت وایە ئاڵەنگاری سەرەکی کە رووبەرووی منداڵان و گەنجان لە عێراقدا دەبێتەوە چییە؟ وەکو یونیسێف، چۆن پلانتان هەیە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە لە عێراقدا باشتر بکەن؟
کریستیان شۆڵتس: سەختە لەپێشینەکان دیاری بکەیت، ئێمە باس لە مافەکانی منداڵ دەکەین و هەموو مافێک وەک یەک گرنگە، بەڵام پێموایە ئێوە بە باسکردنی گۆڕانی کەشوهەوا دەستان پێکرد و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، لەسەر تەواوی دانیشتووان بەڵام بەتایبەتی منداڵان، کەمئاوی، کوالیتیی ئاو، پێموایە ئەوە بە دڵنیاییەوە لەپێشینەی کارەکانە. بۆیە بەشێک لەوەی دەیکەین لەگەڵ بەشە جیاوازەکانی حکومەت و خودی گەنجان، هاندانیان و دروستکردنی پلانێکی ستراتیژییە بۆ وڵاتەکە بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و باشترکردنی ئەو لایەنانەی ئاو کە پێشتر باسم دەکرد، تاوەکو دڵنیابین لەوەی قوتابخانەکان دەتوانن بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرن لە کەمبوونەوەی ئاو یان کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و دۆزینەوەی رێگەی نوێگەرانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەدا، بەڵام منداڵان بەشێکن لە چارەسەرەکە. ئێمە ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی گەنجمان هەیە و زۆرێک لە گەنجانی زۆر زۆر چالاک کە دەیانەوێت بەشێک بن لە چارەسەرەکان؛ ئەوان چارەسەریان پێیە، بیرۆکەیان هەیە و دەیانەوێت بەشێک بن لەم هەنگاونانە بۆ پێشەوە لە بڕیاردان لەسەر ئێستا و بەتایبەتی داهاتووی وڵاتەکە. بۆیە بەشداریکردنی ئەوان لە هەموو ئەمانەدا یەکجار گرنگە و گرنگ بووە و پێموایە ژمارەیەکی زۆر لە وەزارەتەکان، گەنجان و لایەنەکانی دیکە بەشدارن، بۆیە ئەمە ئاڵنگارییەکی سەرەکییە بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتێکیشە چونکە زۆرێک لە کاراکتەرەکان پێکەوە کاردەکەن. ئێوە باسی توندوتیژیتان کرد دژی منداڵان و ئەوە بە تەواوی بنەڕەتییە کە لە سەرەتاوە منداڵان بتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا گەورە بن کە قیژە و هاوار و لێدانی تێدا نەبێت، چ لە ماڵەوە بێت یان لە قوتابخانەکان، بۆیە ئەگەر پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەمان هەبێت کە کێشەکان بە شێوازێکی دۆستانە و قبووڵکراو چارەسەر بکرێن، ئەوا دەبێتە بنەمایەکی نایاب بۆ داهاتوویەکی باش بۆ منداڵان لە عێراق. لە هەمان کاتدا، کوالیتیی پەروەردە کە ئاماژەشمان پێدا، ئەوە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک پێویستە؛ ئەگەر دانیشتووانێکی خوێندەوارت هەبێت، هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن لەگەڵ سەرهەڵدانیاندا چونکە کێشە هەر دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوان بتوانن بە چارەسەری خۆیانەوە بێن و بە دروستی بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکەن، دەتوانن گەشە بکەن و هاووڵاتیی زۆر بەرپرسیار و چالاکی وڵات بن، ئەوەش بنەمایە ئەگەر پەروەردەیەکی کوالیتی باش هەبێت.
رووداو: بەڵێ، بەڕێز کریستیان سکوگ، نوێنەری سندووقی هاریکاریی نێودەوڵەتیی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵماندا بوویت.
کریستیان شۆڵتس: سوپاس بۆ کاتەکەت، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بە منداڵان. زۆر سوپاس بۆ بینینتان.
رووداو: بەڕێز کریستیان، سوپاس بۆ کاتەکەت، ئێمە تەواو بووین لە تۆمارکردنەکە.



