کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
هەڤپەیڤین

قسەی وەزیری دارایی لەسەر دامەزراندن، خانەنشینی و گرێبەستەکان

هیوا جەمال

هیوا جەمال

24-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
هیوا جەمال
هیوا جەمال24-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات
هەڤپەیڤین23-11-2026

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن
هەڤپەیڤین23-11-2026

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین
هەڤپەیڤین21-11-2026

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین

رووداو دیجیتاڵ


لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژی هیوا جەمال ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکردووەتەوە و هێشتا بە یاسایی لە پۆستەکەیدایە.


ئاوات شێخ جەناب ئامادەیی تەواوی خۆی پێشان دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی و تەنانەت چەککردنەشان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. هاوکات زەنگی مەترسی لێدەدات لەسەر بڕیارەکانی بەغدا لە رەشنووسی بودجەی نوێدا، نیوەی بودجەی خانەنشینی بڕیوە و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ دامەزراندنی دەرچووان دانەناوە، هۆشداریش دەدات ئەگەر پارتی و یەکێتی سازش بۆ یەکدی نەکەن و دژی دووئیدارەیی یەکڕیز نەبن، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بەرەو دۆخێکی زۆر خراپتر هەنگاو دەنێن.


دەقی هەڤپەیڤینەکە


رووداو: ئەم کاتەتان باش بەڕێزان، بیستم کە کاک ئاوات شێخ جەناب سەردانێکی هەولێری کردووە، بە پێویستم زانی سەرێکی لێ بدەم، بزانم هۆکاری سەردانەکەی چی بووە و لە هەمان کاتیشدا حەزم کرد چەند خولەکێک لە کاتی بگرم بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پرسیار هەیە لێی بکەم، بەتایبەتی کە ئێستا زۆر شت هەیە پێویستی بە کەسایەتییەکی وەکو ئەو هەیە، هەم قسەی تێدا بکات، هەم رۆڵی تێدا هەبێ و لە هەمان کاتدا مەترسییەک باس دەکرێت، ئایا مەترسییەکە بەراستی هەیە یان نییە؟ کێ ئەم مەترسییەی دروستکردووە و کورد چۆن دەتوانێت رووبەڕووی بێتەوە؟ بەتایبەتی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت چی بکەن؟ لە هەمان کاتیشدا لێی بپرسم ئایا چۆنە سەردانی هەولێری کردووەتەوە؟ ئایا دەگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی یان هەر بەردەوام دەبێت لە دەستلەکارکێشانەوەکەی. سوپاسی دەکەم میواندارییەکەی قبووڵ کردین و قبووڵیشی کرد کۆمەڵێک پرسیاری لێ بکەم و وەڵامیشمان بداتەوە، کاک ئاوات زۆر سوپاست دەکەم.


ئاوات شێخ جەناب: هەر بژیت، بەخێربێن.


رووداو: دەتوانم بڵێم ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، چونکە تاوەکو ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەت قبووڵ نەکراوە، وانییە؟


ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، راستە، دەستلەکارکێشانەوەکەی من تاوەکو ئێستا قبووڵ نەکراوە، نەک قبووڵ نەکراوە، جەنابی سەرۆکوەزیران هەر رەتی کردووەتەوە.


رووداو: کەواتە بە یاسایی، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیت؟


ئاوات شێخ جەناب: دەتوانین وا بڵێین، بەڵێ وایە.


رووداو: باشە، سوپاس دەکەم، ئینجا باسی ئەوەم کرد ئێستا کۆمەڵێک شت باس دەکرێت وەکو مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەمە دوو لایەنی هەیە؛ لایەنێکی پەیوەندیی بە کاروباری جەنابتانەوە هەیە وەکو لایەنە دارایی و ئابوورییەکەی، لایەنێکیشی بەراستی لایەنێکی دەتوانی بڵێین سیاسییە و ستراتیجییە، دەمەوێت سەرەتا لەم روانگەیەوە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە چ روانگەیەکەوە هەیە؟


ئاوات شێخ جەناب: بە بڕوای من مەترسییەکی گەورە هەیە دەتوانم بڵێم لە دوای رووخانی سەددامەوە ئەم مەترسییە بەقەدەر ئێستا گەورە نەبووە، من لەبەر ئەوەی وەکو باوەڕی سیاسی من خۆم کەسێکی سەربەخۆم، لە لووتکەی سلێمانیش من بۆچوونی زانیاریی خۆم بە زۆر بە روونی گوت، پێش نزیکەی دوو مانگ، رای خۆمم بە روونی، هەست دەکەم کە هەرەشەیەکی وجوودی هەیە.


رووداو: لە چ روانگەیەکەوە؟


ئاوات شێخ جەناب: ئێستا بەشێکیان لە رووی سیاسییەوە با بڵێین هەوڵدانە بۆ بچووککردنەوەی قەبارەی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە باسی میلیشیای لە یاسادەرچووی عێراق دەکەن، دەیبەستنەوە بە پێشمەرگەوە؛ بۆ نموونە دزینی نەوت دەکرێت لە بەسرە و لە جورفوسەخر، میلیشیاکان دەیدزن، دەبەسترێتەوە بە نەوتی هەرێمی کوردستان کە هەمووی لە چەند سیستەمێکی نێودەوڵەتی وردبینی بۆ دەکرێ و چاودێری دەکرێ ، بەیەکەوە دەیبەستنەوە، بۆ نموونە لەم دواییەدا هەندێک دەنگۆی خەتەرناک بڵاودەکرێتەوە لەسەر ماددەی 140 و ئەو سنوورانە. لەو روانگەوە ئێستا قسە لەوە دەکرێ لە راگەیاند سوپا بچێت بۆ سنوورەکان، بە زەبری سوپا بیرەکان لە دەست کورد دەربهێنرێت، واتە کۆمەڵێک لەم شتانە ئێستا باس دەکرێ، بە دەنگێکی بەرز لە راگەیاندنی عێراقییەوە دەبیسترێت، لە شیعەوە دەبیسترێت، لە کەسایەتییەکانی ناو شیعەوە دەبیسترێت. هەروەها لە درێژەی ئەو گوشارانەی هەیە، کە ئەمەیان شتی بەرجەستەیە، ئەو گوشارەی لە رێگەی بودجەوە دەیکەن. یانی ئێمە لە وەزارەتی دارایی لە کاتی خۆیدا، رەنگە بڵێم پێش زۆر وەزارەت و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش، ئێمە ئیشی خۆمان لە مانگی هەشت تەواو وابزانم ناردوومانە بۆ بەغدا و دوای چوون رادەستمان کردووە و رێککەوتنمان لەسەر کردووە و مەحزەرمان پێ نووسی، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، ئەوەی پێمان گەیشتووە لە رەشنووسەکە ، زوڵمێکی زۆر لە کورد دەکرێت. بێگومان ئەو مەترسییانەی باسم کرد، لە لووتکەی سلێمانیش من باسم کرد و گوتم هێشتا بە عەرەبکردن و راگواستن و کۆچپێکردن بەردەوامە.


رووداو: ئەو مەترسییانە، لە رووی سیاسی و ستراتیجییەوەهەندێک لەسەری بوەستم؛ خۆت مامەڵەت لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان کردووە، لەو شاندانەدا سەرۆکی شاند بوویت، لەگەڵ شیعەدا مامەڵەت کردووە؛ ئەمە باسی دەکەن هەر راگەیاندنە یان فیکر و ستراتیجە دەیانەوێت ئەمە بکەن، مەبەستم بچووککردنەوەی قەبارەی هەرێمی کوردستان؟


ئاوات شێخ جەناب: بە تێگەیشتنی من ئەمە سیاسەتێکی بەرنامە بۆداڕێژراوە، یانی شتێکی لەخۆڕا نییە، ئەمە بۆ نموونە وەزیری دارایی ئەمە بکا، یان کەسێک سەرۆکوەزیران هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی هەرێم بە باشی نییە، یا زانیاری زۆری نییە، یان هەڵەیەکی لاوەکی دەکرێ، نەخێر ئەمە سیاسەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراوە. چونکە رێژەی دانیشتووان کەس ناتوانێ بە بڕیارێکی سیاسی لە 14 کەمیکاتەوە، بە زەوقی خۆی دوو پۆینتی بۆ زیاد بکات، بۆ نموونە ناتوانی ئەوەی تا ئێستا حیسابی پێشمەرگە وەکو حەشدی شەعبی ناکات، یانی وەکو شتێکی سادە سەیری بکەی، بۆ نموونە بەرەوپێشنەچوونی ماددەی 140، ناتوانی تۆ لەم هەموو ساڵەدا پێی بڵێی بڵێی وەڵڵا نەیانزانی، نەیانکرد، مەجالیان نەبوو؛ یانی لەم هەموو ساڵەدا کاتی هەبوو. پرسی دەرنەکردنی یاسای نەوت و گاز بۆ نموونە، ئەو کێشەیە هەڵپەسێردراوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا . دواخستنی ئەم هەموو ساڵە، و دووجار رەشنووسەکەی نووسرا و بچێتە پەرلەمان و نەخرایە دەنگدانەوە، ئەمانە، ئەم جووڵانە و کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم بە درێژایی کات، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم بە یاسای خەرجی کرداری ، کە یاساکە قەبارەی نادادپەروەرییەکەی گەیشتووەتە راددەیەک، هاوشێوەی نییە، واتە بە تاقی تەنیا لەگەڵ هەرێم ئەو مامەڵەیە دەکات.


رووداو: بە تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەی خەرجیی کرداری دەکات؟


ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، ئەو مامەڵەیە تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. واتە لە بنەڕەتدا بۆ خەرجیی وەبەرهێنان بوو، بۆ هەرێم خەرجیی بەگەڕخستن و شایستەی فەرمانبەرانیشی خستووەتە سەر. ئەو ماوەیەی ساڵی وا هەبوو پێنج مووچە دەدرا، شەش مووچە دەدرا بەشی نەدەکرد، هۆکارەکەی خەرجیی کرداری بوو. ئێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە بە شێوازێکی دیکە. بۆ نموونە لەسەر پرسی، ئەمجارە خانەنشینی؛ خانەنشینی تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربکەوێت.


رووداو: ئەم رەشنووسەی کە ئێستا هەیە؟


ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ بۆ نموونە ئێمە لە خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2025 دا سێ تریلیۆن و 190 ملیارمان هەبوو، خەرجمان کردبوو. ئێستا لە 2027دا دوو تریلیۆنیان بۆ داناوین، واتە رێک لەسەدا پەنجای بڕیوە، کەواتە ئەگەر ئەوە سەربکەوێت، خانەنشینەکانی ئێمە شەش مووچەیان ئەگەر بەربکەوێت، واتە ئێمە ناتوانین ئەمانە بە شتی لاوەکی و لەناکاو بزانین، بۆ ئێمە خۆمان چەندمان داوا کردبوو؟ ئێمە داوای سێ تریلیۆن و 800ـمان کردبوو. بۆ نموونە دیسان، ئەوە سێ ساڵی پێشوو پاداشتی خانەنشینی خەرج نەکرد، دیسان پاداشتی خانەنشینی بۆ ساڵی 2027ـی هیچی بۆ ئێمە هەژمار نەکردووە. واتە ئەمانە، ئەمانە شتی زۆر رژد و گرنگن، شتی ئەوە نین پشتگوێ بخرێن. بۆ نموونە خەرجیی بەگەڕخستن؛ خەرجیی بەگەڕخستن ئێمە خۆمان لە 2025دا تریلیۆنێک و 150ـمان خەرج کردبوو، خەرجمان کردبوو بە کرداری. ئێستا هاتوون 600ـیان بۆ ئێمە داناوە.


رووداو: 600 ملیاریان داناوە؟


ئاوات شێخ جەناب: 600 ملیاریان داناوە، بەڵێ. واتا کار بۆ چی دەکات؟ کار بۆ ئەوە دەکات ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوازە تووشی پەککەوتن بێت.


رووداو: ئینجا ئەمە ئێستا بە مەبەست ئەوە دەکەن؟


ئاوات شێخ جەناب: لای من بە مەبەستە، لای من بە مەبەستە. لای من ئەو هەڕەشانەی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، تا ئەو هەڕەشانەی پێویستی بە وەڵام هەیە، واتە بۆ نموونە ئەرکی وەزارەتی دارایی لەسەر پرسی بودجە ئەرکە تەکنیکییەکەی خۆی تەواو کردووە. ئێمە کۆنووسمان هەیە، لێمان وەرگیراوە، ئەوەی پێویستیی ئێمەیە هەمووی بە تەواوی تۆمارکراوە و، بە کۆنووسێک رادەستی وەزارەتی داراییمان کردووە و بە رێککەوتنی هەردوولایش بووە.


رووداو: ئەم داواکارییانەی کە باسی دەکەیت؟


ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی من بۆت باسی دەکەم، ئەمانە لە دەرەوەی ئەو رێککەوتننامەیەیە بەیەکەوە کردوومانە. من ئەمانە بە هەڕەشەی بوون دەزانم لەسەر هەرێمی کوردستان


رووداو: ئێوە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی داواتان کردووە، بەغداش رازی بووە پێشتر؟


ئاوات شێخ جەناب: بێگومان کۆنووسمان هەیە، کۆنووسێکمان هەیە ئەمە پێداویستیی کرداریی ئێمەیە، بۆ نموونە لەسەر پاداشتی خانەنشینی، رازی بوون لەسەر ئەوەی شتەکە جێبەجێ بکەن بۆ فەرمانبەران. بۆ ئەوەی لە ساڵێک نەبێت، بە دوو ساڵ بێت، بە دوو ساڵ نەبێت بە سێ ساڵ بێت، کێشە نییە بەڵام بەو شێوەیە پەسنەدیان دەکرد. ئەو هەڕەشانەی هەموو ئەوانەی کە من بۆم باسکردیت، هەڕەشەی لەناوبردنی بوونی ئێمەن، واتە هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. بێگومان ئەم هەرێمە، بە رای من، ئەم هەرێمە نە هی پارتییە نە هی یەکێتییە، ئەم هەرێمە هی نەتەوەی کوردە. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵەکان یەکبگرێت بۆ ئەوەی هەڕەشە لەسەر هەرێم نەمێنێت، دەبێت بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکین، دەبێت بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بێن، لە دژی ئەم هەڕەشەیە کار بکەن.


رووداو: چۆن؟ چۆن ئەمانە بێن، چۆن لە دژی ئەم هەڕەشەیە کار بکەن؟


ئاوات شێخ جەناب: بۆ نموونە ئەگەر یەکگرتوو بن لەسەر پرسی بودجە، دەتوانن، کارە سیاسییەکەی ماوە، کارە سیاسییەکەی بە کێ دەکرێت؟ بە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکە دەکرێت. دەبێت ئەمانە دەست بخەنە ناو دەستی یەکەوە و بەیەکەوە بچن بەرگری لە بژێویی خەڵک بکەن. ئەگەر نایکەن بەرپرسیارن، بەرپرسیارن بەرامبەر بە خوێنی شەهیدەکان، بەرپرسیارن بەرامبەر بە نەتەوەکە، بەرپرسیارن بەرامبەر بە مێژوو. پێویستە ئەوە، ئەوە بکرێت. ئەمە پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بێ بەڵگە نییە، واتە وەکو من بۆم باسکردیت، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی نە پارتییە و نە یەکێتییە، حکومەتی. خەڵكە


رووداو: ئەزموونەکە هی خەڵکە.


ئاوات شێخ جەناب: سەت ساڵە، سەت ساڵە بەرهەمی رەنجی تێکۆشانی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا لە کوردستانی باشوورە. پاش ئەنفال و پاش کیمیاباران و پاش کاولکردن و عەرەبکردن و راگواستن و هەموو شتێک، هەموو شتێکی بەرامبەر کراوە گەیشتووەتە ئەم قەوارەیەی ئێستا دروستبووە. هیچ پاساوێک نییە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەم هەرێمە.


رووداو: جا ئێستا پرسیارێک هەیە، دوو پرسیار دەکەم و سەرەتا بەم پرسیارەیان بێت؛ ئێستا خەڵک رەنگە بڵێت، بەڕێز کاک ئاوات، جەنابت دەڵێیت ئێمە ئەوە بکەین، ئایا ئێمە چاو بپۆشین لەو گەندەڵی و کەموکوڕتییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئیتر لەم کاتەدا هەموومان پشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرین تا سەری دەخەن و ئینجا دوایی دەستپێکەینەوە بە لێبڕین و بێکارەبایی و بێئاوی و، ئەوەی کە پێشتر تووشمان بووە؟


ئاوات شێخ جەناب: دەزانی، یەکەم شت یەکڕیزی پێویستە، ئەمە قسەی تێدا نییە؛ بەبێ یەکڕیزی نابێت، ناکرێت، لەگەڵ یەکڕیزیشدا دەبێت چی بکەیت؟ دەبێت ناوماڵی هەرێمی کوردستان رێکبخەیت. ناوماڵی هەرێمی کوردستان بە چی رێکدەخرێت؟ بە دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی رێکدەخرێت، بە دژایەتیی گەندەڵی ناوماڵی کورد رێکدەخرێت، بە چاکسازی ناوماڵی کورد رێکدەخرێت، بە دوورکەوتنەوە لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی خەڵک، بوونی گەندەڵی نابێتە پاساو بۆ ئەوەی تۆ، هەرچی هەیە لە دەستی بدەیت لەبەر ئەوەی گەندەڵی هەیە؛ گەندەڵی کار بۆ ئەوە بکە چارەسەری بکە، تێبکۆشە، هەوڵ بدە، خەبات بکە بۆ ئەوەی چاکسازی بکەیت و گەندەڵی نەهێڵیت، بێگومان گەندەڵیش خۆی یەک جۆر گەندەڵی نییە، دووبەرەکی بۆ نموونە، دووبەرەکی گەندەڵیی سیاسییە، دووبەرەکی هیچی کەمتر نییە لەوانی دیکە.


رووداو: گەندەڵی هەر دارایی و ماڵی نییە


ئاوات شێخ جەناب: نەخێر هەر دارایی و ماڵی نییە، واتە ئەوەی حیزبەکەی پێش دەخات بەسەر نەتەوەکەی و بەسەر حکومەتەکەی، ئەوەش خۆی جۆرێکە لە گەندەڵی، بە کورتی، بەرپرسیارێتیی هەمووانە.


رووداو: ئەوە زۆر گرنگە، ویستم پرسیار لەوە بکەم؛ بەرپرسیارێتیی هەمووانە یەکڕیزی بپارێزن. ئینجا رێک ئەم پرسیارە دێتە لای جەنابت، بۆ نموونە، جەنابت دەستت لەکارکێشاوەتەوە، ئێستا یەکێتی و پارتی دەڵێن باشە، ئێمە قبووڵمانە، یەکڕیز دەبین، پێکەوە کار دەکەین، بەڵام تۆ لە نیوەی رێگەکەدا وازت لێ هێناوین، رۆڵی جەنابت لەمەدا چییە؟


ئاوات شێخ جەناب: نەخێر؛ هەرچی قسەی چاکە و باشە هەبێت لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا بەتایبەتی بە من بکرێت، بەسەرچاو. خوانەخواستە رۆژێک هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە بێت بەرگریی لێبکرێت، من بەش بە حاڵی خۆم وەکو پێشمەرگەکەی جاران لاریم نییە چەک بکەمە شانم ، وەکو جاری جاران ببمەوە پێشمەرگە و بەرگری لێبکەم، وەکو کردووشمە؛ واتە هیچ کێشەیەکم نییە، چەندین جاریش بریندار بووم، چەندین جاریش کەمئەندام بووم لە پێناویدا، ئەوەی پێویست بێت بۆ پارێزگاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە من بکرێت بێ دوودڵی دەیکەم.


رووداو: ئەگەر گەڕانەوە بێت بۆ وەزارەتی دارایی؟


ئاوات شێخ جەناب: من هیچ کێشەم نییە. تێدەگەیت، من ئامادە بووم پێشمەرگایەتی بۆ بکەم، گەڕانەوە بۆ مانگێک نەبێت دوو مانگی دیکەیە، سێ مانگی دیکەیە، چوار مانگی دیکەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێتەوە، قسەکەی خۆم، من بە دەنگی بەرز بیڵێم، من لە کاتی خۆیدا دەوام دەکەم.


رووداو: ئەگەر داوات لێبکرێتەوە نامێنیت؟


ئاوات شێخ جەناب: بڕوا ناکەم، بڕوا ناکەم


رووداو: ئێستا ئێستا بۆ نموونە لەوانەیە لێرەوە جەنابی سەرۆکوەزیران گوێی لێت بێ، بڵێت مادام وایە کاک ئاوات لە هەفتەی داهاتووەوە وەرەوە بۆ سەر کارەکەت، وەرەوە بۆ دەوام؟


ئاوات شێخ جەناب: با یەک شتت پێ بڵێم؛ ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، بەتایبەتی ئەم قسەوباسانەی لەسەر ماددەی 140، لەسەر هاتنی سوپا بۆ سنوورەکان، تێدەگەیت لەسەر داگیرکردنی بیرە نەوتەکان، لەسەر ئەم بابەتە شتانەی کراوە، لەسەر پرسی گازی کۆرمۆر، ئەم قسەوباسانەی هەیە، لای من، من دەخاتە هەر دۆخێکەوە، چی بۆ کورد و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بێت دەیکەم.

رووداو: وەڵامی ئەوەم بدەرەوە، ئەگەر جەنابی سەرۆکوەزیران پێت بڵێت بەیانی وەرەوە بۆ سەر کارەکەت، دەگەڕێیتەوە؟

ئاوات شێخ جەناب: لە پێناوی کورد و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئامادەم هەموو شتێک بکەم.


رووداو: باشە، ئەوە هەواڵێکی خۆش دەبێت بۆ سەرۆکوەزیران و بۆ حکومەتەکەش


ئاوات شێخ جەناب: هۆکاری گرنگ بۆ وازهێنانی من، پەیوەندی بە دووئیدارەییەوە هەیە، من خۆم زۆر دژی دووئیدارەییم.


رووداو: جا ئێستا باس لە دووئیدارەیی دەکرێت


ئاوات شێخ جەناب: من ئەوە بە مەترسیی مەترسی بوونمان دەزانم. واتە لەبەر ئەوە لای من پاساو، لە لایەن هەر لایەنێکەوە بێت پاساو بۆ دووئیدارەیی لای من قبووڵ نییە، من ئێستا بە کەسی وەکو ئاوات قسە دەکەم، یەکێکە بۆ من لە 16 ساڵییەوە هەموو گەنجێتی و تەمەنی خۆم ماوە بە، بەم قەوارەیەی ئێستا هەیە. چەند جارێک لە پێناویدا بریندار بووم،ئێستا ببینم هەڕەشەیەکی لەسەرە، بە دڵنیاییەوە کاردانەوەم دەبێت.


رووداو: باشە کاک ئاوات، لەو کاتەوە جەنابت وابزانم لە 29ـی ئەیلوولەوە دەستت لەکارکێشاوەتەوە وانییە؟ لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کاروباری وەزارەتەکە چۆن بەڕێوەچووە؟ هەندێک دەڵێن کار وەستاوە لەسەر واژۆی جەنابت؟


ئاوات شێخ جەناب: نەخێر من وەکو بۆم باسکردیت، ناکۆکیی سیاسی لەگەڵ خزمەتی میللەت دوو شتی جیاوازن، من لە هەموو کاتێکدا ئامادەم خزمەتکاری نەتەوەکەی خۆم بم. ئەوە دەتوانم بڵێم بە کردەوە سەلماندوومانە لەم ماوەیەی پێشوو. ئێمە هەرچی ئیشی وەزارەتی داراییە، ئەوەی پەیوەندی بە مووچەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە خەرجیی کارگێڕییەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە خەرجییە بەردەوامەکانەوە هەیە وەکو خۆڵ و خاشاک، وەکو دەرمان، وەکو سووتەمەنیی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە، هەموو ئەو بابەتانە هیچمان رانەگرتووە


رووداو: هەر جەنابت واژۆت کردووە؟


ئاوات شێخ جەناب: دەزانی چۆنە، ئێمە ئەوانەمان هەموو بەڕێکردووە. ئەو دەسەڵاتانەی پێویست بووە، بەڵێ ئەو دەسەڵاتانەم هەمووی دابەش کردووە. ئەوەی چی پێویست بووبێت، بێگومان، من لە ماڵیشەوە بووم، بەبێ من هیچ شتێک نەکراوە، واتە بەشی زۆری ئەو شتانەی کراوە هەموو مانگێک بە واژۆی من لیستی بودجە چووە، تەرازووی پێداچوونەوە هەموو مانگێک بە واژۆی من چووە بۆ بەغدا. کێ بردوویەتی؟ کێ کردوویەتی؟ خۆ کەس دیاری نەکراوە بۆ وەزیر، ئیشی وەزارەتیش وایە، یان دەبێت من خۆم بیکەم یا وەزیرێک دانرابێت بۆ ئەو کارە. وەزیرەکە دانەندرابێت، واتە پێوەری ئەخلاقی بە من دەڵێت خۆم بەجێی ناهێڵم، تێدەگەیت، ناهێڵم با خەڵکەکە نان نەخۆن لە داخی ئەم حیزب یا ئەو حیزب، پشتگوێ ناخرێت.


رووداو: زۆر جار کەسی یەکەمی شوێنەکە دەڕوات، هەندێک ناکۆکی دروست دەبێت لە ناوخۆ، دووبەرەکی دروست دەبێت، بەتایبەتی ئێستا باسی حکومەت و وەزارەت بکەین، یەکێتی و پارتیبوون و حیزبایەتی دروست دەبێت؛ لە وەزارەتەکەی ئێوەدا ئەمە دروست نەبوو؟


ئاوات شێخ جەناب: بە شانازییەوە ئەوە ساڵی هەشتەمە لە وەزارەتی دارایی لێرە لە وەزارەتی دارایی حیزبایەتی لای ئاوات ناکرێت، بە فەخریشەوە دەیڵێم، تەحەداش دەکەم یەکێک بڵێت لەبەر هۆکاری سیاسی ئەمەی لا بردووە ئەوەی داناوە، بە هیچ شێوەیەک. بەبێ ئەوەی من گوێم دابێتە هیچ رەنگێکی سیاسی، رەنگە لە مێژووی وەزارەتی داراییدا بەقەدەر ئەم کابینەیە ئێمە لێپێچینەوەمان لە خەڵک نەکردبێت لەسەر هەڵە و لەسەر کاری نایاسایی، ئەوە هەموو رەنگەکانیشی گرتووەتەوە بەبێ جیاوازی. من قەت بە خەیاڵماندا نەهاتووە. لە ستافی ئێمە، بەتایبەتی لە دیوانی وەزارەت، بەوپەڕی برایەتی و خۆشەویستی هەموو رەنگەکان پێکەوە کار دەکەن و لە ناو وەزارەتدا حیزبایەتی نییە.


رووداو: گۆڕانایەتییش نەبووە؟


ئاوات شێخ جەناب: قەت، قەت بە هیچ شێوەیەک.


رووداو: ئەگەر دوا پرسیار بکەم؛ جەنابت گوتت کە کەسێکی سەربەخۆیت ئێستا، وانییە؟ دەستت لە گۆڕانیش کێشاوەتەوە ناگەڕێیتەوە بۆ گۆڕانیش؟


ئاوات شێخ جەناب: نەخێر. ئێستا من کەسێکی سەربەخۆم، بە فەرمی دەستم لەکارکێشاوەتەوە لە گۆڕان و چوار ساڵیش دەبێت، تازە نییە. بەڵام من لە دەرفەتی دیکەشدا گوتوومە، من فەلسەفەکەی گۆڕان و پڕۆژەکانی گۆڕان و پرەنسیپی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چاکسازی و هەموو پڕۆژەکانی چاکسازی، هێشتا سەت لە سەد بڕوام پێیەتی. بەڵام لەو چاوپێکەوتنەشدا گوتوومە، من نە گۆڕانی گردم، نە گۆڕانی کوردسات.


رووداو: بەڵام گۆڕانخوازیت؟


ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە، بە دڵنیاییەوە لەسەر بڕوام بە چاکسازی، ئەمە هەموو باوەڕمە.


رووداو: ئینجا گوتم دواپرسیار، بەڵام بەڕاستی شتێکم بیر دەکەوێتەوە، چونکە زۆر زۆر پەیامم بۆ دێت بەردەوام، ئەگەر وەکو رستەیەکیش بێت پێمان بڵێیت؛ زۆر لەوانەی چاوەڕوانی دامەزراندنن، وەکو گرێبەستەکان و یەکەمەکان و ئەوان، خەڵک بەگشتی، بەس ئەو پرسیارە زۆر لە من دەکەن، دەڵێن پێمان بڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی لەو راپۆرتەی ناردوویەتی هەموومانی ناردووە بۆ ئەوەی دابمەزرێین، یان نەیناردووە؟


ئاوات شێخ جەناب: باوەڕتان بێت، باوەڕتان بێت هەمووی رۆیشتووە، بە کۆنووس ئێمە رادەستی وەزارەتی داراییمان کردووە. بەڵام بەداخەوە دەیڵێم، دامەزراندن تەنانەت یەک کەس، یەک بڕە پارەی بۆ دانەناوە.


رووداو: لەم رەشنووسەی هەیە؟


ئاوات شێخ جەناب: لەم رەشنووسە، من بۆچی پێی دەڵێم هەڕەشەیە؟ واتە بەسەر مووچەی خانەنشیناندا نیوەیە. کە تۆ باسی خەرجیی بەگەڕخستنەکە دەکەیت، واتە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ژیان لە رێگەی حکومەتەوە.


رووداو: کەواتە ساڵی داهاتوومان زۆر خراپ دەبێت لەگەڵ عێراق ئەگەر وا بێت؟


ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر بەو شێوازە بێت، لە خراپ خراپتر دەبێت، تۆ خانەنشینەکانی تۆ پاداشتی نەبێت، پاداشتی خانەنشینی نەبێت، ئینجا شەش مانگیش مووچەی نەبێت، بە دڵنیاییەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە، دەبێت بەتایبەتی حیزبە سیاسییەکان بە مەترسییەکی رژد وەریگرن، بێن ناکۆکییە سیاسییەکان بخەنە لاوە و لە پێناوی خەڵک و لە پێناوی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە پێناوی ئەم بەشەی کوردستان، هەموو شتێک رێکبخەنەوە، یەکدی پەسند بکەن، بێگانەپەرستی بۆ چی؟ بۆ دەستناکەنە ملی یەکدی؟ بۆ ناتوانن پێکەوە هەڵکەن؟ ئەگەر تەنیا سازشە، بۆ بۆ یەکدی ناکەن؟ باشتر نییە لەوەی یەکێک وەکو دوژمن مامەڵەت لەگەڵدا بکات و بچیت سازش بۆ ئەو بکەیت؟


رووداو: دەرفەتی ئەوە هەیە یەکێتی و پارتی سازش بۆ یەکدی بکەن؟


ئاوات شێخ جەناب: دەزانی پەیامێک هەیە دەڵێت گەشبین بن بە چاکە، چاکەتان دەستدەکەوێت. ئێستا ئەم دانیشتنانەی دەستی پێکردووە، من گەشبینم ئەنجامی ئەرێنی هەبێت. دەبیستم هەر دوولا دژی دووئیدارەیی قسە دەکەن، من پێمخۆشە، پێموایە پشتگیریی دەکەم ئەو جۆرە سیاسەتە بەردەوام بێت. و هانیشی دەدەم بەردەوام بێت. و چییش وەکو من لە سەرەتاوە گوتم ئەگەر هەوڵێکی بە من بکرێت بەسەرچاو. من خۆم وەکو بۆم باسکردیت دژی دووئیدارەییم.


رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم کاک ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. بە پشتیوانیی خودا لە هەفتەی داهاتووشەوە دەست دەکەیتەوە بە دەوام.


ئاوات شێخ جەناب: گەشتەکەم جارێ.


رووداو: لە دوای گەشتەکەت؟


ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ جارێ گەشت دەکەم


رووداو: زۆر سوپاست دەکەم.


ئاوات شێخ جەناب: هەر بژیت.



بابەتی پەیوەندیدار

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات
هەڤپەیڤین23-11-2026

کریستیان شۆڵتس: لە هەر سێ منداڵی عێراق یەکێکیان دەستی بە ئاوی پاک ناگات

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن
هەڤپەیڤین23-11-2026

سەباح نوعمان بۆ رووداو: ناوی هێرشکارانی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین
هەڤپەیڤین21-11-2026

شێخ مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: دەبێت فرەئایینی وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ بۆ کۆکردنەوەی کورد بەکاربهێنین

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە