رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ شاری دیلۆکی باکووری کوردستان دەبێتە دەستەخوشکی شاری غەززە لە فەلەستین و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش بەشداری لە رێوڕەسمی واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵەکە دەکات.
بریارە ئەمرۆ دووشەممە، 12-10-2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، بەشداری لە رێوڕەسمی واژۆکردنی "پڕۆتۆکۆڵی دەستەخوشکی" لە نێوان گەورە شارەوانیی دیلۆک و شارەوانیی غەززە دەکات.
رێوڕەسمەکە کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ دەست پێدەکات.
هەوڵەکانی هەردوولا بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی مرۆیی، ئاڵوگۆڕی ئەزموونی بەڕێوەبردنی خۆجێیی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی لەنێوان دیلۆک و غەززە، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
پەیوەندیی دەستەخوشکی نێوان هەردوو شارەکە لە تەممووزی ئەم ساڵدا خرایە دەنگدان لە ئەنجوومەنی گەورە شارەوانیی دیلۆک لە باکووری کوردستان و بەزرۆینەی دەنگ پەسند کرا.
دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی هەردوولا، پرۆسەکە رێگەی بۆ خۆشکرا و ئەمڕۆ بە رێوڕەسمێکی فەرمی رەهەندێکی یاسایی وەردەگرێ.
لە ڕێوڕەسمەکەدا رێککەوتننامەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لە بواری هاوکاریی مرۆیی، پشتیوانیی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە خۆجێییەکانی نێوان هەردوو شارەکە واژۆ دەکرێ. ئامانج ئەوەیە پەیوەندییە مێژوویی و کلتوورییەکانی نێوان دیلۆک و غەززەش بەهێزتر ببن.
ئەمە دووەم شارە لە باکووری کوردستان ببێتە دەستەخوشکی شارێکی فەلەستین.
لە نیسانی 2026دا گەورە شارەوانیی ئامەد لە باکووری کوردستان و شارەوانیی یاتا لە شاری خەلیلی فەلەستین، بە فەرمی بوونە شاری دەستەخوشک. بەهۆی دۆخی شەڕ و ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ، مەراسیمی واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.


