رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵەکانی یەکەم رۆژی دیداری مێری 2026 لە هەولێر، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا رایگەیاند: "شۆڕشی سووریا تائێستاش بەردەوامە."
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پێشووی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا "هەنگاوی باشی بڕیوە و دەستکەوتی هەبووە"، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆسەکە هێشتا لە "قۆناخی تاقیکردنەوەدایە؛" هاوکات نیگەرانیی خۆی لە کەمیی رۆڵی ژنان و "ناڕوونی" لە جێبەجێکردنی مافەکانی گەلی کورد دەردەبڕێ.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای ساڵانێک لە شەڕ و ململانێی خوێناوی، تێکەڵکردنی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا بووەتەهۆی بەهێزبوونی پەیوەندیی شارەکان لەگەڵ یەکدی، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و سەقامگیری، بەڵام گوتی: "شۆڕشێک روویدا کە هێشتا لە قۆناخی پێگەیشتندایە و تەواوی سووریاش لە قۆناخی بنیاتنانەوەدایە."
سەبارەت بە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رەوشی ژنان لە قۆناخی نوێدا، ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پێشوو روونیکردەوە کە سەرەڕای دەستکەوتەکان، نیگەرانی هەیە و گوتی: "سەرەڕای ئەو پڕۆسەی تێکەڵکردنەی لەنێوان هێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت روویدا، پاشەکشە لە رۆڵی ژناندا دەبینرێ، ئەمەش وەک ئاڵنگارییەک دادەنێین بۆ بەشداریی ژن لە دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیارداندا."
لەبارەی مافەکانی گەلی کورد و مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا، ئیلهام ئەحمەد گوتی، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا بە فەرمی دان بە بوونی گەلی کورددا بنرێ، بەڵام جەختی کردەوە کە بڕیارەکە کەموکوڕی هەیە و گوتی: "مەرسوومەکە لە رووی مافی خوێندن بە زمانی کوردی کەمینەی هەیە و هێشتا پێویستی بە میکانیزمی کردەییە بۆ جێبەجێکردن. نەبوونی روونی لە میکانیزمی بڕیارەکانی حکومەتی سووریا جۆرێک لە ئاڵۆزی و ناڕوونی دروست دەکات."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، دەوڵەت بەرپرسیارە لە دانانی میکانیزم بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، هۆکاری گرژییە ئەمنییەکانیشی بۆ "عەقڵییەتی دەمارگیری و رەگەزپەرستیی هەندێک لایەن" و "دەستوەردانی دەرەکی و ناوچەیی" گەڕاندەوە کە دەیانەوێ سەقامگیری تێکبدەن.



