رووداو دیجیتاڵ
فەرماندە باڵا ئەمنییەکانی عێراق پلانی نوێی بڵاوکردنەوە و جێگرکردنی هێز لە پارێزگای کەرکووک تاوتوێ دەکەن .
عەبدولئەمیر شەمەری، سەرۆکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکان لە سنووری بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی بەڕێوەچوو. سەرۆکی نووسینگەی فەرماندەی گشتی گوێی لە روونکردنەوەی فەرماندەکان گرت سەبارەت بە پلانەکانی بڵاوبوونەوە و جێگیربوونی یەکە سەربازییەکان لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک.
بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کە درەنگی شەوی 11ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی چڕوپڕی لەخۆگرت سەبارەت بە بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایشی نێو سنووری ئۆپەراسیۆنەکان.
بەشداربووان چەندین راسپاردەیان خستەڕوو، تێیاندا ئاماژە بە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و هاوئاهەنگی نێوان هێزە ئەمنییە جیاوازەکان کرا، بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئەمنی و پاراستنی هاووڵاتییان لە پارێزگاکە.



