رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەرکی سەرشانیانە ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانیی شەڕ و کارەساتەکان بەتەنیا جێنەهێڵن و دەڵێت: "دەبێت هاوکارییان بکەین تاوەکو ژیان، باوەڕ و ئومێدیان بە پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ بگەڕێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، لە رێوڕەسمی یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک، دڵشاد شەهاب، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە کە تێیدا جەخت لە خزمەتکردنی زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر کراوەتەوە.
لە گوتارەکەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە مەرگەساتی ئێزدییەکان کردووە و رایگەیاند، گەلی کوردستان و عێراق ساڵانێکی درێژی شەڕ و نەهامەتییان تێپەڕاندووە و جینۆسایدی دەستی داعش دژی ئێزدییەکانیش یەکێک بووە لە دڕندەترین کارەساتەکان؛ جەختیشی کردەوە کە کاریگەرییەکانی ئەو مەینەتییە تەنیا بە کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە کات و چاودێری هەیە بۆ ئەوەی برینە دەروونییەکانیان چارەسەر ببن.
سەبارەت بە دۆخی ئێزدییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی تەواوی مافەکانی هاووڵاتییانی ئێزدی دەبن و دەڵێت: "هەر کار و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە شنگال و هەر شوێنێکی دیکە، دەبێت بەپێی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بێت."
دەقی گوتارەکە
ئامادەبووانی بەڕێز،
رۆژتان باش..
دەستخۆشی، سوپاس و پێزانین پێشکەشی (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک و هاوبەشەکانی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە، هەروەها بۆ کارە گرنگەکەی لە هاوکاریکردن و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕ، تیرۆر و تووندوتیژی ناڵاندوویانە.
دە ساڵ لەمەوبەر دامەزراندنی ئەم پەیمانگەیە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو تاوەکو بتوانێت خزمەتی قوربانییان بکات. ئەم کارەی زانکۆی دهۆک، کارێکی بەنرخ و شایستەیە کە لەگەڵ ئەرکە زانستی و ئەکادیمییەکەی، گرنگیی داوەتە بوارێکی کاریگەری نێو کۆمەڵگەش. هیوادارین ئەم نموونەیە زیاتر بێت و بەرفراوانتر گرنگیی پێ بدرێت.
گەلی کوردستان و عێراق ساڵانی درێژی شەڕ و نەهامەتییان تێپەڕاند. زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئێمە کەسوکار و ماڵەکانی خۆیان لەدەست دا، خەڵکێکی دیکەش ناچار بوون ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن و دوور لە زێد و شوێنی خۆیان بژین. ئەو جینۆسایدەی کە داعش بەسەر ئێزدییەکانیدا هێنا، یەکێک لە دڕندانەترین کارەساتەکان بوو.
کاریگەرییەکانی ئەم مەینەتییە تەنیا بە کۆتاییهاتنی شەڕەکان، یان گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و شوێنی خۆیان کۆتایی نایەت. هەندێک برین هەن لە دەروون و قووڵایی مرۆڤەکاندا دەمێننەوە، پێویستیان بە کات و چاودێرییە بۆ ئەوەی چارەسەر ببن. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو کەسانەی تووشی ئەم کارەساتانە بوون، بەتەنیا جێنەهێڵین. دەبێت هاوکارییان بکەین تاوەکو ژیان، متمانە و ئومێدیان بە پاشەڕۆژێکی باشتر بگەڕێتەوە.
ئامادەبووانی هێژا..
ئەو خزمەتگوزارییە دەروونییانەی کە ئەم پەیمانگەیە لە دهۆک و شنگال پێشکەشی دەکات، هەروەها هەوڵەکانی بۆ ئامادەکردنی پسپۆڕان، شایستەی هەموو دەستخۆشی و پێزانینێکە. کاری ئەم پەیمانگەیە تەنیا هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان نییە بۆ نەمانی ئازارەکانیان، بەڵکو پێگەیاندنی کادیری لێهاتووش کارێکی گرنگە تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا بەردەوامی بەم ئەرکە بدەن و خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
لەبەر ئەوە دیسان دەمەوێت سوپاس و دەستخۆشی لە زانکۆی دهۆک، سەرپەرشتیارانی پەیمانگە و هەموو کارمەندەکانی بکەم بۆ هەوڵە دڵسۆزانەکانیان.
هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ حکومەت، زانکۆ و ناوەندەکانی ئەڵمانیا کە پشتیوانیی ئەم پرۆژە مرۆییە دەکەن. ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە. ئێمە زۆر بە رێز و پێزانینەوە لە پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانیان دەڕوانین، بەتایبەتی هاوکارییەکانیان بۆ رزگاربووانی دەستی تاوانەکانی داعش.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئەو کەس و قوربانییانەی لەبەر کاریگەرییەکانی شەڕ و تراومای دەروونی دەناڵێنن، پێویستیان بەوەیە هەست بکەن کە بەتەنیا نین. پێویستە ببینن کە کەسانێک هەن خزمەت و چاودێری و هاوکارییان دەکەن. گرنگە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریی دەروونی هەیە؛ بزانن کە داواکردنی چارەسەری کارێکی ئاساییە و ناکرێت کەس لەسەر ئەم پرسە هەست بە شەرم یان ناڕەحەتی بکات.
لەبەر ئەوەش، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی حکومی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەوڵانە دەکەینەوە، هەروەها جەخت لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی دەکەین تاوەکو بگەنە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەهۆی تیرۆر و ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە ناڵاندوویانە.
دەبێت هەموو قوربانییان و گەلی ئێمە لە کاریگەرییەکانی ئەو قۆناخە چاک ببنەوە و رزگاربووان و زیانلێکەوتووان بتوانن بە ئارامی، کەرامەت و ئومێدێکی گەورەوە بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.
هەر لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە کە هەمیشە وەک هاوکار و پشتیوانی هەموو مافەکانی هاووڵاتییانی ئێزدیی خۆمان دەمێنینەوە، و هەر کار و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە شنگال و لە هەر شوێنێکی دیکە، دەبێت بەپێی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بێت.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەسانە دووپات دەکەینەوە کە لە پێناو ئەم ئامانجە مرۆییە پیرۆزەدا کار دەکەن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک دەخوازم.
زۆر سوپاس.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
