رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەیەکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی 35 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی هەولێر دەڵێ، نرخەکەی گەیشتووەتە 310 هەزار.
رۆژی یەکشەممە 11ــی تشرینی یەکەمی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە بازاڕدا 310 هەزار دینارە، لە کاتێکدا شەش رۆژ پێش ئێستا بە 285 هەزار دینار بوو".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەفتەی رابردوو هاونیشتمانییان چاوەڕوان بوون بڕیار لە دابەشکردنی نەوتی ماڵان بدرێت بۆیە خواست لەسەر نەوت نەبوو، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی بارانبارینەوە هاونیشتمانییان ناچارن نەوت بکڕن، ئەمەش وای کردووە نرخەکەی بەرزببێتەوە.
لە وەڵامی ئەوەی نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە، سەرباز کەریم روونی کردەوە ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێنەکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی بازرگانی دەگاتە 400 هەزار دینار.
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئاری ئەحمەد، یەکێک لە نەوتفرۆشانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "هەفتەی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت لە 275 هەزار دیناردا جێگیر بوو، بەڵام چەند رۆژێکە نرخەکە 30 هەزار دینار بەرزبووەتەوە و تاوەکو دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان 305 هەزار دینار دەکەوێت."
ئەو نەوتفرۆشە گوتیشی: بەراورد بە 10 رۆژی رابردوو، خواستی هاونیشتمانییان لەسەر نەوت زیادکردووە بەو پێیەی دڵنیا نین دابەشکردنی نەوتی ماڵان کەی دەستپێدەکات.
ناوەڕاستی مانگی ئاب نرخی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 300 هەزار دینار. لە مانگی ئەیلوول نرخەکەی دابەزی بۆ 285 هەزار دینار، ئێستاش بەرمیلێک نەوت نرخەکەی 310 هەزار دینارە.
هاوکات سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "چاوەڕوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانین نەوتمان بۆ دابنیبکات، تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی نەوتی ماڵان دیارینەکراوە."



.jpg&w=3840&q=75)