رووداو دیجیتاڵ حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی ناسراو بە "گیراوانی لالەزار" لە سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە تەنیا 20 خولەکی خایاند و بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، پارێزەرانیشیان دەڵێن، گەشبین نین بە ئەنجامی دادگاییەکە. ئەمڕۆ حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و 11 تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی ناسراو بە "گیراوانی لالەزار" لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو و دانیشتنەکە تەنیا 20 خولەکی خایاند. دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزار رایگەیاند، "تۆمەت ئاراستەکردن ئاساییە، بۆ هەفتەی داهاتووش ماوەتەوە پێشکەشکردنی لائیحەی داواکاری گشتیی و ئێمە، پاشان دادوەر بڕیار دەدات ئایا تاوانبارن یان نا." بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دادگاییەکەدا لاهوور شێخ جەنگی بە نیگەرانییەوە بە دادوەری گوتووە، "تکایە کەم بمانهێنن و بمانبەن، ئێمە بێتاوانین، بڕیاری کۆتایی بدەن و نەجاتمان بێت." تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە گەشبین نین بە ئەنجامی کۆتایی دادبینییەکە. ئاریان بوورهان، یەکێک لە پارێزەرانی گیراوانی لالەزار دەڵێت، "ئێمە هەر لە سەرەتاوە کە زانیمان دۆسییەکە نابرێتە هەولێر و هاتەوە سلێمانی و لێرەش خۆتان دەزانن دادگا چۆنە و سكاڵاکار کێیە و کێ باڵادەستە، بۆیە ئێمە وەک تیمی پارێزەران، ئەو دادگاییە بە شتێکی باش نابینین." بڕیارە رۆژی 28ی ئەم مانگە، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردن بۆ دۆسیەی دووەمی گیراوانی لالەزار بەڕێوەبچێت، کە تێیدا 22 تۆمەتبار بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان تایبەت بە کوشتن دادگایی دەکرێن و چوار لەو تۆمەتبارانە لە دۆسییەکەی ئەمڕۆشدا هەن.