رووداو دیجیتاڵ
لە 28ـەمین ساڵیادی دەرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا، دەم پارتی و پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان رێپێوانێکی بەرفراوان ساز دەکەن و داوای بەشداریی جەماوەری دەکەن.
بڕیارە رێپێوانەکە رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، کاژێر 17:00ـی ئێوارە لە ناوچەی باغلار (رەزان)ـەوە بەرەو گەڕەکی ئۆفیس لە ناوچەی یەنیشەهیر بەڕێوەبچێت.
یونس موراتاکان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئامەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پەیامی رێپێوانەکەی روونکردەوە و گوتی: "دەنگمان بۆ چارەسەریی دیموکراتی، ستاتۆ و ئاشتی بەرز دەکەینەوە؛ ئەمڕۆ لە قۆناخێکی نوێداین کە قۆناخی بونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان."
موراتاکان داوای لە خەڵک کرد بە یەکڕیزییەوە بەشداری بکەن و گوتیشی: "هێزی ئێمە لە یەکێتیماندایە، هیوامان لە ئاشتیدایە و داهاتوومان لە کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیدایە؛ بۆیە لە 9ی تشرینی یەکەمدا بۆ ئاشتی و ئازادی پێکەوە رێدەکەین."
چی روویدابوو؟
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، دوای ئەوەی لە تەممووزی 1979 تورکیای جێهێشت، بۆ ماوەی 19 ساڵ لە سووریا نیشتەجێ بوو.
لە پایزی ساڵی 1998دا، سوپای تورکیا هێزێکی زۆری لەسەر سنووری سووریا کۆکردەوە و هەڕەشەی هێرشی سەربازیی کرد ئەگەر دیمەشق ئۆجەلان رادەست نەکات یان دەری نەکات. دوای نێوەندگیریی چڕی حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەوکاتی میسر، لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا، حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ناچار بوو داوا لە ئۆجەلان بکات وڵاتەکەی جێبهێڵێت.
بەو هۆیەوە، لە 9ی تشرینی یەکەمی 1998 ئۆجەلان بە فڕۆکەیەک خاکی سووریای بەرەو ئەورووپا جێهێشت، کە ئەمەش سەرەتای زنجیرەیەک گەشتی نێودەوڵەتی بوو و لە 15ی شوباتی 1999 بە دەستگیرکردنی لە نایرۆبیی پایتەختی کینیا و گواستنەوەی بۆ دوورگەی ئیمراڵی کۆتایی هات. دەم پارتی و لایەنگرانی ئۆجەلان ئەو رۆژە وەک دەستپێکی "پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی" پێناسە دەکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
