رووداو دیجیتاڵ
سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئاپۆچی لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیێنێت، تەواوی هێزە چەکدارەکانیان لە خاکی باکووری کوردستان و تورکیا کشاندووەتەوە و دەستیان لە خەباتی چەکداری هەڵگرتووە. هاوکات رەخنەی تووند لە حکومەتی ئەنقەرە دەگرێت بەوەی لەدوای دەرچوونی "یاسای چوارچێوە" هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ سەرخستنی ئاشتی نەناوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی خۆیان لە دوو ساڵی رابردوودا کردووە کە لەسەر بنەمای پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نراون، لەوانە: راگرتنی چالاکیی چەکداری لە شوباتی 2025، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی پەکەکە لە ئایاری هەمان ساڵ، پرۆسەی چەکدانان و چۆڵکردنی چوار تۆنێلی گەورە لە ناوچەی مەتینی باشووری کوردستان.
"هەڕەشەی چەکداری نەماوە"
بزووتنەوەی ئاپۆچی دەڵێت، بە کردەیی ستراتیژیی گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ خەباتی سیاسی و دیموکراسی جێبەجێ کراوە، "چیدی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت باسی هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری لەلایەن ئێمەوە بکات، چونکە تەواوی گەریلاکان لە سنوورەکانی تورکیا کشاونەتەوە."
سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە دوای پەسندکردنی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی چارەسەری، هەنگاوەکانیان راگرتووە و بەڵێنەکانیان لەبارەی رەخساندنی دیداری رۆژنامەڤانان و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی جێبەجێ نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەگەر دەوڵەت هەنگاوی یاسایی و کرداری بۆ پرسی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و یاساکانی ئازادی نەگرێتەبەر، ئەمە بە واتای بەردەوامیدانە بە هەمان سیاسەتی سەد ساڵەی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی گەلی کورد."
بزووتنەوەکە بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم هێزە دیموکراتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکیا کردووە کە بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە ئەستۆ بگرن و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن، چونکە "ئەم پرسە تەنیا هی لایەنێک نییە، بەڵکو پەیوەستە بە داهاتووی تەواوی وڵاتەوە."
ناوی "بزووتنەوەی ئاپۆچی" لەدوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی پەکەکە لە ئایاری 2025ـەوە، وەک ناونیشانی فەرمیی سەرکردایەتیی قەندیل بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵوێست و راگەیێندراوەکانیان بەکاردەهێندرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
