رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێ، دیزاینی ئێستای (رێگەی گەشەپێدان) لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە. پێشنیاز بۆ بەغدا دەکرێت بەشێکی هێڵی خێرا و هێڵی شەمەندەفەرەکەی بە هەرێمی کوردستان دا بڕوات.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوای بینینی نەخشەی سەرەتایی (رێگەی گەشەپێدان)، دەرکەوتووە کە پڕۆژەکە لە بەرژوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە و هێڵی شەمەندەفەر و هێڵی خێرا بە هیچ ناوچەیەکیدا ناڕوات."
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی: "راپۆڕتێکمان ئامادەکردووە و سەرجەم گلەیی و تێبنییەکانمان لەسەر پڕۆژەکە کۆکردووەتەوە و هەفتەی داهاتوو رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دواتریش رەوانەی بەغدا دەکرێت."
سەبارەت بەو پێشنیازەی لە راپۆرتەکەدا ئامادەکراوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتەکە گوتی: "لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی داوا دەکەین بەشێک لە هێڵە خێراکان و هێڵەکانی شەمەندەفەر لە (رێگەی گەشەپێدان) بە هەرێمی کوردستاندا بڕوات."
بەگوتەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بەغدا تاوەکو ئێستا رازی نییە هیڵی شەمەندەفەر و هێڵی خێرای (رێگەی گەشەپێدان) بە هەرێمی کوردستاندا بڕوات.
سەبارەت بەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە دەکەونە نێو پڕۆژەکەوە، ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی، "تەنیا 10 بۆ 11 کیلۆمەتری پشت (بەنداوی موسڵ) دەکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە."
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە، لەو دیزاینەی ئێستا بۆ پڕۆژەکە دانراوە، رێگە ستراتیژیی و خێراکان تەنیــا بــە ناوچــە عەرەبییــە شــیعە و ســوننەکاندا تێدەپەڕێــت و لــە ناوچە کوردنشــینەکان دوورخراوەتەوە، لە پێشنیازەکەدا داوا دەکرێت ئەو بەشەی رێگاکە کە دەگاتە سنوورەکانی تورکیا بە هەرێمی کوردستان دا بڕوات.
رێگەی گەشەپێدان چییە؟
رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە دەستپێدەکات بۆ نێو خاکی تورکیا.
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.


