رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیبەیتێکدا لە تۆڕی میدیایی رووداو رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لەسەر پرۆژەی رووناکی، پرۆژەی هەژماری من و ئی پسوولە قسە دەکەن.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێ، "نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی گرانە و لەگەڵ بژێویی خێزانەکان یەکناگرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "سەتان خێزان لەژێر هێڵی هەژاریدان."
بە گوتەی بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، "لە دوو مانگدا نزیکەی 680 ملیار دینار پارەی کارەبا کۆکراوەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 10 مانگی رابردوودا داهاتی کارەبا ترلیۆنێک و 400 ملیار دینار بووە." دەشڵێ، بە یاسا "حکومەت بۆی نییە گرێبەست بە دۆلار بکات."
هاوکات عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "پارەی قەرزی کارەبا لە سێ مانگدا 396 ملیار دینار بووە و پارەی کارەباش بە خولەک بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێ."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "مانگانە خەرجیی دابینکردنی کارەبا لەسەر حکومەت زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە." هەروەها داوای لێبووردنی لە هاوبەشانی پرۆژەی رووناکی کرد لەوەی "لە دوو سێ مانگی رابردوودا نەمانتوانی کارەبای 24 کاژیرییان پێشکێش بکەین. پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ ئەوەی قەرەبووی سێ مانگی رابردووی هاوبەشان بکاتەوە."
نوێدەکرێتەوە..




