رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کاریگەریی خێرای لەسەر نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکان نابێت و، دەبێ تاوەکو نزیکەی دوو مانگی دیکە نرخەکان جێگیر بن. هۆشداریش دەداتە خاوەن مارکێت و دووکانەکان کە هەر زیادکردنێکی نایاسایی لە نرخدا رووبەڕووی سزایان دەکاتەوە و لیژنەکان پسوولەکان بەراورد دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا دەبێ، بەڵام بەو خێراییە نا. تاوەکو ئەو وەجبە کەلوپەلەی پێش ئەمڕۆ هێنراون لە بازاڕەکاندا بمێننەوە کە نزیکەی دوو مانگی دیکەیە، پێویستە نرخەکان وەک خۆیان بن. ئەگەر لەو ماوەیەدا خاوەن مارکێت یان دووکانەکان نرخەکانیان بەرزکردەوە، هاووڵاتییان دەتوانن لیژنەکانمان ئاگادار بکەنەوە و ئێمەش رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "ئێمە هەرێمێکی هاوردەکارین، بۆیە کاریگەری لەسەر کەلوپەلەکانمان دەبێت، بەڵام دەبێت رێکاری پێویست بگیرێتەبەر تاوەکو ئەو بەرزبوونەوەیە بە شێوەیەک نەبێت زیان بە هاووڵاتییان بگەیێنێت."
رێکارەکانی وەزارەتی بازرگانی چین؟
نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنەبەر دەڵێ: "لیژنەکانی بازرگانی و قایمقامیەتەکان فراوانتر دەکەین و گەڕان و بەدواداچوونەکانمان زیاد دەکەین؛ لە بەرامبەر هەر شوێنێکی سەرپێچیکاریش رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر. هاوکات پسوولەکانی کڕین بەراورد دەکەین تاوەکو بزانین کاڵاکە بە چەند کڕدراوە و بە چەند دەفرۆشرێتەوە، ئەگەر زیادەڕەوی لە نرخدا کرابێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت."
لەبارەی بەرهەمی ناوخۆ و رۆڵی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد: "دەبێت هاووڵاتییان پاڵپشتیی بەرهەمی خۆماڵی بکەن و زیاتر بەرهەمە ناوخۆییەکان بکڕن کە بە دینار مامەڵەیان پێوە دەکرێت، ئەمەش هەم بۆ ساخبوونەوەی بەرهەمەکان باشە و هەم بۆ ئەوەی پێداویستی لە دەرەوە نەهێندرێت."
نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوەشکرد: "ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکات لە کەمکردنەوەی باج و رسوومات بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و گوتی: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەم مامەڵەکردن بە دۆلار کەم بکەنەوە تاوەکو خواست لەسەری زیاد نەبێت بە رادەیەک کە خستنەڕوو نەمێنێت. دڵنیایی تەواویش دەدەین کە کەلوپەلی پێویست لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویست ناکات کەلوپەلی زۆر بکڕن، چونکە کڕینی زیادە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانان نرخەکان زیاتر بەرز بکەنەوە؛ لە هەمان کاتدا بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانیش بەردەوام دابەش دەکرێت و هیچ کێشەیەکی نییە."
ئەم رێکارانەی وەزارەتی بازرگانی دوای ئەوە دێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری بکات، کە لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نرخە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
پێشتر نرخەکان بەمشێوەیە بوون:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
هێڵە گەرمەکان بۆ پەیوەندیکردن و تۆمارکردنی سەرپێچیی بازرگانی:
چاودێریی بازرگانیی هەولێر: 07508918488 - 07508918489
چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: 07701202598 - 07701925686
چاودێریی بازرگانیی دهۆک: 07503818661
چاودێریی بازرگانیی زاخۆ: 07508535544
چاودێریی بازرگانیی سۆران
سۆران: 07502125544
دیانا: 07509683135
خەلیفان: 07518946162
چاودێریی بازرگانیی گەرمیان: 07701595839




