رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای حەویجەی سنووری پارێزگای کەرکووک كامێرایەکی چاودێریی خاڵێکی حەشدی شەعبی تەقەی لێکرا و پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
عەمید عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئەمشەو، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە گوندێکی سەر بە قەزای حەویجە، بە نیشانەشکێن تەقە لە کامێرایەکی چاودێریی گەرمیی خاڵێکی حەشدی شەعبی کرا.
عەمید عامر نووری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی روویداوە ئەوەیە کە تەنیا کامێرای چاودێرییەکە کراوەتە ئامانج کە ئەوەش هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە و هیچ شەڕەتەقەیەکیش دروست نەبووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک، رووداوەکە لە نزیک ئەو شوێنە بووە کە رۆژی پێشتر هێرشی تێدا کرابوو.
هەروەها
رەتیکردەوە هیچ چەکدارێکی داعش گەمارۆدرابێت و ئاماژەی بەوەکرد،دوای هێرشەکە،
هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی چوونە ئەو شوێنەی کە تەقەکەی لێوە کراوە.
دوێنێ لە سنووری قەزای حەویجە چەکداری نەناسراو پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی سێی لیوای 9ـی پۆلیسی فیدراڵی دا، لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا و سێی دیکەیش بریندارن.
رووداوەکە کاژێر 08:00 ئێوارە بوو لە گوندی بورغیلیەی سەر بە حەویجە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێرشەکە بە نیشانەشکێن کرا.
لە هێرشەکەدا پۆلیسێک بە ناوی بەکر ماجد محەممەد بریندار بوو و دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.


