رووداو دیجیتاڵ
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی پێشبکەوێت و بگاتە ئەنجام، پێویستە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکرێت، "پێویستە دەنگی رێبەر ئۆجەلان بگاتە میدیا و رای گشتی."
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "میدیا ھەبەر"، مستەفا قەرەسو هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، دەبێت رێگە بە ئۆجەلان بدرێت رۆڵی خۆی بگێڕێت.
"پێویستە دەنگی ئۆجەلان ببیسترێت"
قەرەسو رەخنەی لەوە گرت کە رۆژانە کەسانێک بەناوی ئۆجەلانەوە قسە دەکەن و گوتی، "پێویستە رێبەر ئۆجەلان خۆی قسە بۆ رای گشتیی تورکیا، هێزە سیاسییەکان، میدیا و جیهان بکات. بۆچی ئەم هەنگاوانەی ناوە و بۆچی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات؟ دەبێت خۆی ئەمانە روونبکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قەرەسو ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر دەیانەوێت پرۆسەکە پێشبکەوێت، دەبێت رێگە بە ئۆجەلان بدرێت وەک (سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار) کار بکات و رەوشی کارکردنی بگۆڕدرێت. گوتیشی، "رۆڵگێڕانی رێبەرایەتی بەبێ دابینکردنی هەلومەرج، وەک ئەوە وایە پێت بڵێن، لە حەوزێکی بەتاڵدا مەلە بکە."
"هەنگاوەکان تەنیا یەکلایەنە بوون"
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، سەرەڕای دەرچوونی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەر لە 10ی ئاب و ئەو هەنگاوانەی ئەوان ناویانە، وەک راگرتنی شەڕی چەکداری دژی تورکیا، بەڵام دەوڵەتی تورک هیچ هەنگاوێکی بەرامبەری نەناوە.
قەرەسو گوتیشی، "ئەوەی لەسەرمان بوو کردوومانە و دەیکەین. هەنگاوی واشمان ناوە کە لە جیهاندا لە دۆخی هاوشێوەدا هیچ بزووتنەوەیەک نەیگرتووەتەبەر. ئێستا لە تورکیا هیچ کەس ناتوانێت بڵێت پەکەکە هەڕەشەیە بۆ ئێمە، بەڵام هەنگاوەکان هەمیشە یەکلایەنە بوون."
"بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئەستۆ بگرن"
قەرەسو داوای لە ئۆپۆزیسیۆن، هێزە دیموکراتییەکان، کرێکاران و ژنانی تورکیا کرد کە بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئەستۆ بگرن و گوتی، "پرسی کورد کێشەی هەموو تورکیایە، نەک تەنیا پارتی دەسەڵاتدار. نابێت ئۆپۆزیسیۆن تەنیا رەخنە بگرێت، بەڵکو دەبێت بۆ دەرچوواندنی یاساکانی بە دیموکراتیکردن و ئازادی، تێبکۆشێت."
ئەم لێدوانەی قەرەسو لە کاتێکدایە کە رۆژی 01-10-2026 دوای 51 رۆژ لە پشووی هاوینە، پەرلەمانی تورکیا دەستی بەکارەکانی کردەوە و ئەمرۆ سێشەممە، 06-10-2026 یەکەم دانیستنی پەرلەمانی بەرێدەچێ و چاوەڕێ دەکرێ لە خولی نوێی یاساداناندا چەند هەنگاوێکی دیکەی کردارەکی لە پرۆسەی چارەسەری بنرێ.



