رووداو دیجیتاڵ لە کاتێکدا وەرزی پێگەیشتنی خەیاری خۆماڵییە لە عەلوەی هەولێر و بەرهەمەکە بە رەنگ و تامە خۆشەکەی سەرنجی کڕیارانی راکێشاوە، جووتیاران نیگەرانن لەوەی کە هێشتا خەیاری هاوردە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و زیانی پێگەیاندوون. بارزان بندیان، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، دەڵێت: "داوا لە وەزیری بەڕێز دەکەم بە هانای جووتیارانەوە بێت. جووتیاری خۆمان ئەو هەموو خەرجییە دەکات، کەچی لە ئێرانەوە خەیار هاوردە دەکرێت. جووتیار هەیە 15 ملیۆن دیناری خەرج کردووە، بەڵام بە پێدانی پارە لە بازگەکان خەیاری ئێرانی هاوردە دەکرێت." بە گوتەی بندیان، زیاتر لە 10 نووسینگە خەیاریان هاوردە کردووە و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر نرخ هەبووە، لە کاتێکدا "ئەو خەیارە جوانەی هەمانە لە ئەوروپاش نییە." ئیبراهیم کورانی، جووتیارێکی نیگەرانە و دەڵێت: "ئەو خەیارەم هێناوە تاوەکو ئێستا یەک دانەیشم نەفرۆشتووە. دەمانەوێت هەر بفرۆشرێت، با نەشگەینەوە پارەی خۆمان، چونکە زۆرمان زەرەرە." ساڵانە لە 15ی چوار تاوەکو 15ی یازدە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی خەیار قەدەخەیە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن. لە ماوەی 3 رۆژی ڕابردوودا، 13 بازرگان و نووسینگە لە عەلوەی هەولێر بەهۆی هێنانی خەیاری هاوردەوە سزا دراون و 5 نووسینگەش بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون. وشیار جەلیل، بەرپرسی هۆبەی چاودێریی کشتوکاڵی لە عەلوەی هەولێر، رایگەیاند: "دوای ئەوەی نرخی خەیار کەمێک بەرزبووەوە، هەندێک بازرگانی چاوچنۆک ئەو هەلەیان قۆستەوە و خەیاری ئێرانیان هاوردە کرد. ئێمە زانیاریمان پێگەیشت و کاژێر 7ی بەیانی دەستمان بە پشکنین کرد و دەستمان بەسەر خەیارەکاندا گرت." بەپێی رۆژمێری کشتوکاڵی، ساڵانە لە 1ی مانگی چوارەوە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ پێدەگەن قەدەخەیە. سزای سەرپێچیکاران بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمەکە و پێبژاردن کە لە 1 ملیۆن دینارەوە تاوەکو 3 ملیۆن دینار دەست پێدەکات، هەروەها لە ئەگەری دووبارەبوونەوەدا شوێنەکەی دادەخرێت.
کوردستان05-10-2026ئامادەکاری بۆ بارانبارین؛ تیمە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان خرانە ئامادەییەوە