رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا 424 کەس لە سنووری پارێزگاکەدا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، موسا ئەدیب فەر، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە لێدوانێکدا ئامارەکانی خستەڕوو و رایگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 424 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە پێکهاتوون لە 337 پیاو و 87 ژن."
موسا ئەدیب فەر ئاماژەی بە ژمارەی بریندارانیش کرد و گوتی: "لەو ماوەیەدا هەشت هەزار و 500 کەس لە سنووری پارێزگاکە بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون."
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ورمێ ئەوەشی روونکردەوە، کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەراورد بە هەمان ماوەی پار 1٪ کەمی کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ژمارەی برینداران 6٪ زیادی کردووە.
