رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران کچە وەرزشڤانێکی خەڵکی شاری سەقزیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکارەکەی، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەقز بەبێ پێشاندانی فەرمانی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئایدا قادری، خانمە وەرزشڤان و راهێنەری مەلەوانی، و دەستبەسەریان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستگیرکردنیدا ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکان و مۆبایلەکەیدا گرتووە، پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. هاوکات تاوەکو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی راگرتنی بێ ئەنجام بووە.
ئایدا قادری، تەمەن 20 ساڵ و خەڵکی سەقز، لە بواری مەلەوانیدا وەرزشڤان و راهێنەرە. ناوەندە ئەمنیی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی ئاراستەی ناوبراو نەداوە.
دەستبەسەرکردنی ئەم کچە مەلەوانە لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممەی رابردووش، هەر لە شاری سەقز خانمە وەرزشڤانێکی بواری هونەرە جەنگییەکان (MMA) بە ناوی رۆژان ئیبراهیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگێکدا لانیکەم 70 هاونیشتمانی لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە منداڵ، ژن، مامۆستا و رۆژنامەڤانیشیان لەنێودایە.
.jpg&w=3840&q=75)

