رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بەغدا داوایان کردووە مووچەی کەمئەندامان لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و 100 هەزار خێزانی هەژاری هەرێمی کوردستانیش لە هاوکارییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بۆڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی رووداودا سەبارەت بە سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا گوتی: "ئامانجمان جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خێزانە کەمدەرامەتەکانی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەی 2027ی عێراقدا."
وەزیری کار گوتی: "زیاتر لە 30 هەزار کەمئەندامی نوێ لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بڕینەوەی هاوکاری دارایی دەکەن. ئێمە داوامان کردووە ئەو 63 هەزار کەمئەندامەی پێشووتر تۆمارکراون لەگەڵ ئەو 30 هەزارەی دیکە، مووچەکانیان لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت، هاوشێوەی ئەوەی لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011دا هاتووە."
سەبارەت بە مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێدانی ئەو هاوکارییە بە هەژارانی هەرێمی کوردستان راگیراوە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق نزیکەی چوار ملیۆن خێزان وەریدەگرن: "هەژارێک لە زاخۆ، خانەقین، بەسرە یان بەغدا هەمان مافی لەسەر بودجەی گشتی هەیە. بەپێی سەرژمێریی عێراق، لە هەرێمی کوردستان 100 هەزار خێزان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و دەبێت بخرێنە نێو بودجەی 2027ـەوە."
وەزیری کار ئاشکرای کرد کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، فراکسیۆنە کوردییەکان و بەتایبەت لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەتەوە و داواکارییەکانیان بە نووسراوی فەرمی پێشکەش کردووە.
لەبارەی میکانیزمی جێگیرکردنی داواکارییەکان لە بودجەدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونیکردەوە کە بڕگەیەکیان ئامادە کردووە وەک پێشنیازی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان، بۆ ئەوەی بدرێتە لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو لە بودجەی گشتیی ساڵی 2027دا جێگیری بکەن. ئەم پێشنیازە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕگە و ژمارەکانی تایبەت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە دەستکاریی ژمارەکان نەکرێت، بەتایبەتی کە پەیوەندیی بە مافی کەمئەندامان و خێزانە هەژارەکانەوە هەیە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، ئەم پرسە "بابەتێکی مرۆییە و سیاسی نییە" و داوای لە هەموو پەرلەمانتاران کرد وەک چۆن کار بۆ هەژارێکی بەسرە دەکەن، بە هەمانشێوە کار بۆ هەژارێکی هەرێمی کوردستانیش بکەن.



