رووداو دیجیتاڵ
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی و گوندەکانی بەردەوامە و ئەمڕۆ کاروانی سێیەم کە لە 516 خێزان پێکهاتووە، لە حەسەکەوە بەرەو نزیکەی 30 گوندی دەڤەری سەرێ کانی بەڕێکەوت. محەممەد حاجۆ، ئەندامی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ناوی 19 خێزانی کورد لە لیستی کاروانی سێیەمدا بووە، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و ئاستەنگییەکانی گرووپە چەکدارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
کاروانی سێیەمی ئاوارەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریادا دەگەڕێنەوە. ئامادەکارییەکانی گەڕانەوەکە بە هەماهەنگیی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لیژنە خۆجێیەکان کراون. زۆربەی ئەم خێزانانە دوای ئاوارەبوونیان لە قوتابخانەکانی شاری حەسەکە نیشتەجێ ببوون.
محەممەد حاجۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لەناو کاروانی سێیەمدا ناوی خێزانی کورد هەیە، بەڵام ناتوانن بگەڕێنەوە. حاجۆ گوتی: "ناوی 19 خێزانی کوردیشی تێدایە، بەڵام ئەو خێزانە کوردانە ناتوانن بگەڕێنەوە. دوو گوند کە ئەمڕۆ کاروانەکە بەرەو ئەوێ دەچێت، گوندی کوردانن، 'نەداس' و 'داودیە'، بەڵام لەبەر ئەوەی بنکەی سوپای تورکیا لەوێیە، رێگە نەدراوە خەڵک بگەڕێتەوە."
بە گوتەی حاجۆ، ئەو خێزانانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە زۆربەیان خەڵکی گوندە عەرەبییەکانن، وەک ئەحراس، مەناجیر، دوێرا، تل حەلەف و ئەلۆک، کە دەکەونە سەر هێڵی نێوان تل تەمر و زرگان.
بە گەڕانەوەی کاروانی سێیەم، کۆی گشتیی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە گوندەوارەکانی سەرێ کانی گەیشتووەتە 1,608 خێزان، بەڵام محەممەد حاجۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ژمارەی گشتیی ئاوارەکان زۆر کەمە و گوتی: "هێشتا زیاتر لە 13,000 خێزان چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ نێو سەنتەری شاری سەرێ کانی."
ئەندامی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ئەو خێزانە کوردانە کرد، کە پێشتر هەوڵی گەڕانەوەیان دابوو و گوتی: "نزیکەی 60 خێزانی کورد هەوڵیاندا بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی و ئەو کێشانەی بۆیان دروستکرا، ناچار بوون جارێکی دیکە دەربچن. ئێستا خێزانێکی کورد بە دەگمەن بە ئۆتۆمبێلی خۆی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ماوەی چەند رۆژێکدا دیسان دەردەچێت، چونکە ئەو عەرەبانەی لە ماڵی کوردەکاندا نیشتەجێ بوون، هەڕەشەیان لێدەکەن."
حاجۆ ئاشکرای کرد، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی کوردان بۆ سەنتەری شاری سەرێ کانی، بوونی گرووپە چەکدارەکانی خەڵکی دێرەزوور، حەما، حومس و تەنانەت عێراقە کە لە گەڕەکە کوردییەکان نیشتەجێ بوون. حاجۆ گوتی: "ئەو گرووپانە هەڕەشە لە کورد دەکەن و دەڵێن 'ئەگەر کورد بگەڕێتەوە، دەریان دەکەین'. حکومەتیش دەڵێت دەیەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەریان بکات، بەڵام ئەوان گوێ نادەن."
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ چۆڵکردنی ماڵە کوردەکان داوای 10,000 دۆلار بۆ هەر خێزانێک دەکەن و دەیانەوێت بە چەکی قورسی خۆیانەوە شارەکە جێبهێڵن.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8,000 خێزانی کوردی خەڵکی سەرێ کانی لە کەمپەکانی هەرێمی جزیرە و لە شارەکانی وەک حەسەکە، دێرک و دربێسیێ لە دۆخێکی سەختدا دەژین و چاوەڕێی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکەن.


