رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ دەڵێت، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە 200 هەزار تۆن سێو لە باخەکانی سنووری ئەو شارە بەرهەم بێت.
عەبدولخالق جەوانمەرد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئەم ساڵ بەهۆی کەشوهەوای لەبار، بەکارهێنانی قڕکەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کرمە زیانبەخشەکان؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی ساڵێکی بەرهەمدارە بۆ باخەکان، پێشبینی دەکرێ بەرهەمی سێو لە باخەکانی شارەکە زیاتر بێت.
عەبدولخالق جەوانمەرد گوتی، بەرهەمی ئەمساڵی سێو لە سنوورەکە، بەراورد بە پار 20٪ زیاتر دەبێت. پار بەرهەمی سێوی شارەکە نزیکەی 160 هەزار تۆن بوو.
جەوانمەرد راشیگەیاند، ئێستا زیاتر لە 60 ساردخانە بۆ هەڵگرتنی سێو لە شنۆ هەن کە توانای هەڵگرتنی 170 هەزار تۆن سێویان هەیە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی شنۆ، لە سنووری ئەو شارە 15 هەزار هێکتار باخ هەیە کە نزیکەی 11 هەزار هێکتاری باخی سێوە و ساڵانە لەنێوان 150 هەزار تۆن تاوەکو 200 هەزار تۆن سێویان لێ بەرهەم دێ.
زیادبوونی بەرهەمی سێوی شنۆ لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی سێو لە پارێزگای ورمێ زیادیکردووە. بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن سێو لە باخەکانی پارێزگاکە بەرهەم بێت.



