رووداو دیجیتاڵ
لە چوارەمین فێستیڤاڵی هەنگوین، گوێز و شلیک لە شارۆچکەی ساسۆنی سەر بە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان، کیلۆیەک هەنگوینی سروشتیی ناوچەکە بە زیاتر لە 8 هەزار دۆلار فرۆشرا.
لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا کە نزیکەی 170 هەزار کەس لە ناوەندی شارۆچکەکە بەشدارییان تێدا کردبوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا کیلۆیەک لە هەنگوینی بەناوبانگی ساسۆن دوای کێبڕکێیەکی بەهێز، لەلایەن بازرگانێکەوە بە 400 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 8 هەزار و 165 دۆلار) کڕدرا و ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژووی فێستیڤاڵەکەدا تۆمار کرد.
بڕیارە تەواوی داهاتی فرۆشتنی ئەو هەنگوینە بەو نرخە خەیاڵییە، وەک پاڵپشتییەکی دارایی پێشکەشی ئەو هەنگەوانانە بکرێت کە لە شاخەکانی ساسۆن بە شێوەیەکی تەواو سروشتی هەنگوین بەرهەمدەهێنن.
تایبەتمەندیی هەنگوینی ساسۆن چییە؟
هەنگوینی ساسۆن بە یەکێک لە کوالێتی بەرزترین جۆرەکانی هەنگوین لە ناوچەکە دادەنرێت، کە لە چیا بەرز و سروشتە دەستلێنەدراوەکەی سنووری ئێلیهـ لە مێرگی گوڵ و گژوگیای کێوی بەرهەمدێت.
لە ناوچەکەدا ئەم هەنگوینە بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبێت: "هەنگوینی رەش" کە هەڵاڵەی گوڵی زۆرە و بەهۆی بەهای بەرزی خۆراکییەوە زیاتر بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بەکاردەهێنرێت؛ هەروەها "هەنگوینی سپی" کە بەهۆی تایبەتمەندی و تامیەوە زیاتر وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش دەکرێت.


