رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ لە کاتی گوێزتەکاندندا لەسەر دار کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
هاونیشتمانییەک لە شاری پاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، هاووڵاتییەک بە ناوی (تەحسین فیرۆزی) کە خەڵکی گوندی بانەوەرێیە، لە کاتی گوێزتەکاندن لە گوندی لارانی سەر بە ناحیەی باینگان لەسەر دارگوێزێک کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تەحسین فیرۆزی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەمە دووەم رووداوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ رۆژی یەکشەممەی رابردوو، 27ی ئەیلوولی 2026، گەنجێکی دیکە بە ناوی "هێرش عەبدی" لە شاری مەریوانی پارێزگای سنە لە کاتی گوێزتەکاندندا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
پارێزگای کرماشان لەسەر ئاستی ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گوێزە و زیاتر لە 9 هەزار هێکتار باخی گوێزی هەیە؛ بەرهەمی ساڵانەی نزیکەی 21 هەزار تۆنە و بەشێکی رەوانەی شارەکانی دیکە و دەرەوە دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و پێگەیشتنی گوێزدا، ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین هاووڵاتی بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە دارە بەرزەکانی گوێز گیان لەدەستدەدەن یاخود کەمئەندام دەبن.



