رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی مادەی 140 دابینکراون، بەڵام دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لەو ناوچانە بەهۆی رێکارە کارگێڕییەکانەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە.
رۆژی یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە هەموو پێداویستییەکانی خوێندنی کوردیی ئەم ساڵمان لە کتێب و پێداویستیی دیکە بۆ قوتابخانە کوردییەکانی سنووری مادەی 140 تەرخان کردووە، پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی زۆری دروستکردووە یان نۆژەن کردووەتەوە."
سەبارەت بە دروستکردنی باڵەخانەی نوێی خوێندن لەو سنوورە، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە بەربەستە یاسایی و کارگێڕییەکان کرد و گوتی: "پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی زۆری دروستکردووە و نۆژەن کردووەتەوە، بەڵام ئێستا زەوی تەرخانکردن و تەندەرین لە دەست حکومەتی عێراقە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت باڵەخانەی نوێ دروست بکات."
د. ئالان حەمەسەعید دەڵێ: "دروستکردنی قوتابخانەی نوێ ئەرکی حکومەتی عێراقە، چونکە پڕۆسەکە دەبێت بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕێت کە سەرجەمیان لە دەسەڵات و ئەرکی حکومەتی عێراقدان."
ئەمڕۆ مەیسەر حەجی ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە شنگال بە رووداو راگەیاند: "ئێمە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە بووینەتەوە؛ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان نەبوونی بینایە، بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمان دەوامی ئێواران لەنێو بینای قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەکەن و لە هەندێک شوێن سێ دەوام لە یەک بینادا دەکرێت."
ساڵی نوێی خوێندن لە 20ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە شنگال ئاماژە بەوە دەکات کتێب بە دەستی قوتابییان نەگەیشتووە و دەڵێت: "نزیکەی مانگ و نیوێکە هەوڵدەدەین کتێبەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بگەیەنینە شنگال، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بازگەکانەوە رێگەمان پێنەدراوە، لە کاتێکدا دەرگەی قوتابخانەکان کراوەتەوە و قوتابییان پێویستیان پێیەتی."
بەگوێرەی ئامارەکانی پەروەردەی زمانی کوردی، لە سنووری قەزای شنگال نزیکەی 23 هەزار قوتابی هەن؛ لەو ژمارەیە زیاتر لە 14 هەزاریان لەنێو سەنتەر و گوندەکانی شنگالن و نزیکەی 8 هەزاریشیان لە کەمپەکانی ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدەن.
مەیسەر حەجی ساڵح رەخنە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و ئاماژە بە جیاکاری لە نێوان خوێندنی کوردی و عەرەبیدا دەکات: "حکومەتی عێراق بۆ هەر قوتابییەکی خوێندنی عەرەبی مانگانە بڕی 30 هەزار دینار دەرماڵە خەرج دەکات، بەڵام قوتابییانی خوێندنی کوردی لەو هاوکارییە و لە زۆر خزمەتگوزاریی دیکە بێبەشکراون، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنی عەرەبی."
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی داوای هاوئاهەنگی بەپەلەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و هۆشداری دەدات: "ئەگەر کێشەکان بە زوویی چارەسەر نەکرێن، لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا تووشی کارەسات دەبین، چونکە بۆ ساڵی داهاتوو پێشبینی دەکەین زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابیمان لە پۆلی 12 هەبێت و لەبەر بێ بینایی، دابینکردنی هۆڵی تاقیکردنەوە بۆیان کارێکی مەحاڵ دەبێت."
ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لێدرا.
لە کاتێکدا ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، خورماتوو و شنگال بۆ نزیکەی 125 هەزار قوتابی بەرزبووەتەوە، ساڵانە خواست لە سەر خوێندنی کوردی لە زیادبووندایە، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، وەک کەمیی مامۆستا، بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و چوار دەوامی، کۆنی باڵەخانەکان و نەگەیشتنی کتێب بە هەندێک لە ناوچەکان.




