رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 91 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت کە لەناو پوورەی هەنگدا شاردرابووەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی جۆلەمێرگ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی گەڤەر، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان دژی بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر کردووە.
دوای مانگێک لە چاودێریی وردی هەواڵگری و مەیدانی، تیمە ئەمنییەکان بارهەڵگرێکی گوماناوییان لە سنووری گەڤەر راگرتووە. لە کاتی پشکنیندا دەرکەوتووە کە گومانلێکراوان بە مەبەستی فێڵکردن لە سەگی پشکنین و هێزە ئەمنییەکان، ماددە هۆشبەرەکانیان لەناو پوورەی هەنگدا شاردووەتەوە.
لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، دەست بەسەر 91 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا و سێ تۆمەتباریش لەسەر کەیسەکە دەستگیرکران.
پارێزگای جۆلەمێرگ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هاوسنووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، بەردەوام وەک رێڕەوێکی قاچاخچێتی لەلایەن بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە بەکاردەهێنرێت و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوام ئۆپەراسیۆن بۆ رێگری لەم کارانە دەکەن.



