رووداو دیجیتاڵ
دارگوێزێک لە سنووری شاری سلسلەی لوڕستان بەتەمەنترینە لەسەر ئاستی ئێران. بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگاکە دەڵێ، تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە و لە تۆماری نیشتمانییدا تۆمارکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-10-2026 عەتا حوسێنپوور، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا 12 داری مێژوویی پارێزگاکە لەلایەن ناوەندی میراتی کولتووریی ئێرانەوە لە تۆماری نیشتمانییدا تۆمار کراون.
بەگوتەی عەتا حوسێنپوور، یەکێک لە دارەکان گوێزە، لە سنووری شاری سلسلەی سەر بە پارێزگاکەیە و تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵ دەبێت.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی لوڕستان دەڵێ، دارگوێزەکە وەک بەتەمەنترین دارگوێزی ئێران تۆمار کراوە.
ساڵانە لە سلسلەی لوڕستان فێستیڤاڵی گوێز بەڕێوەدەچێت. عەتا حوسێنپوور ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ لە فێستیڤاڵەکەدا تابلۆی بەتەمەنترین دارگوێز بۆ دارەکە دادەنرێ و شوێنەکەش دەکرێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی سەر بە پارێزگاکە.
بەپێی نوێترین ئاماری کشتوکاڵی لوڕستان، رووبەری باخەکانی گوێز لە پارێزگاکە نزیکەی 13 هەزار بۆ 14 هەزار هێکتار دەبێت کە بەشی زۆریان بەرهەمدارن.
ساڵانە 21 هەزار بۆ 26 هەزار تۆن گوێز لە باخەکانی لوڕستان هەیە و شاری سلسلە بەتایبەت ناوچەی کێهمان کە دارگوێزە بەتەمەنەکەی لێ روواوە، بە ''پایتەختی گوێزی لوڕستان'' دەناسرێ.
سلسلە بە تەنیا زیاتر لە دوو هەزار هێکتار باخی گوێزی هەیە و ساڵانە نزیکەی پێنج هەزار تۆن گوێزی دەبێت.

.webp&w=3840&q=75)
