رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لێدرا.
لە کاتێکدا ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، خورماتوو و شنگال بۆ نزیکەی 125 هەزار قوتابی بەرزبووەتەوە، ساڵانە خواست لە سەر خوێندنی کوردی لە زیادبووندایە، بەڵام پرۆسەکە لە بەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی وەک کەمیی مامۆستا، بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و چوار دەوام، کۆنی باڵەخانەکان و نەگەیشتنی کتێب بە هەندێک لە ناوچەکان دەستپێدەکات.
خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی میلاک، چاپ و دابینکردنی کتێب و پێداویستییەکانەوە بە تەواوی لە سەر ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کێشەی میلاکی بەغدا و نەبوونی هاوکاریی حکومەتی فیدراڵ هێشتا بارگرانییەکی گەورەی لە سەر پرۆسەکە دروستکردووە.
کەرکووک؛ 105 هەزار قوتابی و داوای نۆژەنکردنەوەی 100 قوتابخانە
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، خوێندنی کوردی ئەم ساڵ پێشوازی لە 105 هەزار قوتابی دەکات لە نێو 562 قوتابخانەدا.
مامۆستا کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن کتێبی بۆ دەناردین، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابییان، ملیۆنێک و 200 هەزار کتێبی لە قۆناخی باخچەی منداڵانەوە تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ دابین کردووین."
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 1050 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گوازراونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتریش ببێت.
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی باسی لە گرفتەکانی باڵەخانە کرد و گوتی: "100 باڵەخانەی قوتابخانەکانمان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە کە 40ـیان زۆر کۆنن، هەروەها نزیکەی 30 تاوەکو 40 قوتابخانەمان سێ دەوامین." ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ساڵی 2017ـەوە حکومەتی عێراق هیچ یارمەتییەکی خوێندنی کوردی نەداوە و تەنانەت یەک قوتابخانەشی بۆ نۆژەن نەکردوونەتەوە.
سەبارەت بە کێشەی میلاک، کامەران عەلی روونیکردەوە کە 8200 مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرکووک خزمەت دەکەن کە هەموویان لە سەر میلاکی هەرێمی کوردستانن و 1100 کەسیان گرێبەستن، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵدا 500 مامۆستایان خانەنشین بوون و ئەوەش بارگرانی دروستکردووە.
خورماتوو؛ بۆشایی بەهۆی خانەنشینبوونەوە و نەبوونی قوتابخانەی نوێ
لە قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار قوتابی لە نێو 35 قوتابخانەدا، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوو 4500 قوتابی بوون و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو مانگەکانی 11 و 12 قوتابیی زیاتریش لە عەرەبییەوە بێنە خوێندنی کوردی.
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە رووداوی راگەیاند: "سێ قۆناخە لە سەر یەک مامۆستایانی سنوورەکە خانەنشین دەبن و تاوەکو ئێستا تەنانەت یەک کەسیش لە شوێنیان دانەنراوە. ئەم ساڵیش ژمارەیەکی دیکە خانەنشین دەبن، بەمەش بۆشایی لە مامۆستای بابەتەکان دروستبووە و هەندێک قوتابی ناتوانن ئەو بابەتانە بخوێنن."
تاریق ئەحمەد گوتیشی، لە سنوورەکە 450 مامۆستا میلاکیان لە سەر هەرێمی کوردستانە، 300 مامۆستا سەر بە حکومەتی فیدراڵن و 50 فەرمانبەری خزمەتگوزاری هەن. هاوکات گرفتی بینای قوتابخانەیان هەیە؛ یەک قوتابخانەی سێ دەوامی و پێنج باڵەخانەی زۆر خراپ هەن و هیچ قوتابخانەیەکی نوێ بۆ خوێندنی کوردی دروست نەکراوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی پێداون.
شنگال؛ کێشەی قوتابخانەی چوار دەوامی و دواکەوتنی پەرتووک
لە قەزای شنگال، نزیکەی 15 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن، لەوێ دۆخەکە بەهۆی کەمیی بینای سەربەخۆ ئاڵۆزترە؛ لە کۆی 70 قوتابخانە تەنیا 26 باڵەخانە تایبەتن بە خوێندنی کوردی و ئەوانی دیکە لە نێو باڵەخانەی قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەوام دەکەن.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنوورەکەیان قوتابخانەی دوو دەوامی، سێ دەوامی و تەنانەت چوار دەوامیش هەن، زۆربەی دەوامی قوتابییانی کوردیش دەکەوێتە دوای نیوەڕوان.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال ئاشکرای کرد کە 1000 مامۆستا و فەرمانبەریان لە سەر میلاکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کێشەی گەورەی ئەم ساڵیان نەگەیشتنی کتێبی خوێندنە بەهۆی رێگری و رێکارە کارگێڕییەکانەوە، لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە و هێشتا کتێبەکان نەگەیشتوونەتە دەستیان.



.jpg&w=3840&q=75)