رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە دهۆک، سکاڵایان هەیە کە قوتابخانەکان منداڵەکانیان وەرناگرن یان بەمەرج یان وەک 'تێست' وەریاندەگرن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆکیش دەڵێت، هیچ قوتابخانەیەک مافی ئەوەی نییە قوتابی رەتبکاتەوە و لیژنەیەکی تایبەت لەپەروەردە بڕیار لەسەر وەرگرتنیان دەدات.
شڤان حەسەن، باوکی منداڵێکی 8 ساڵی ئۆتیزمە بەناوی رۆهات. ئەو دەڵێت، کاتێک ویستوویەتی کوڕەکەی لەپۆلی یەکی بنەڕەتی لەقوتابخانەی ماڵتا لە دهۆک ناونووس بکات، قوتابخانەکە پێی گوتووە: "بۆ ماوەی 20 رۆژ تاقیی دەکەینەوە، ئەگەر باش بوو، وەریدەگرین."
شڤان حەسەن، لەبەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، گوتی: "پێشتر کوڕەکەم لەسەنتەرێکی حکومی راهێنانی دەکرد، باش نەبوو، بردمە سەنتەرێکی ئەهلی و 85٪ باش بوو. ئەو 15٪ـەی کە ماوە، پەیوەندیی بەجووڵە زۆرەکەیەوە هەیە."
باوکی رۆهات دەڵێت، قوتابخانەکە پێی گوتووە ئەگەر جووڵەی زۆر بێت، وەریناگرن، ئەمەش لەکاتێک دایە کە وەزارەتی پەروەردە رێنمایی دەرکردووە کە دەبێت قوتابخانەکان منداڵی ئۆتیزم وەربگرن. ئەو دەڵێت: "قوتابخانە باسی لیژنەی نەکرد، تەنیا گوتیان تێستی دەکەین. ئێمە ئامادەین منداڵەکانمان ببەینە هەر لیژنەیەک کە پەروەردە داوای دەکات."
شێرزاد عەبدولعەزیز، باوکی منداڵێکی 13 ساڵەیە بەناوی ئەیوب کە "داون سیندرۆم"ـی هەیە، بە رووداوی گوت: "کوڕەکەم سێ ساڵە راهێنانی لەسەنتەرێک تەواو کردووە، بەڵام لەقوتابخانە وەرناگیرێت، چونکە پێویستی بەمامۆستای تایبەتە و منداڵانی دیکەش گاڵتەی پێدەکەن." ئەو باوکە باس لەوە دەکات کە ماوەی سێ ساڵ راهێنان لەسەنتەرەکان زۆر کەمە و زیاتر چالاکین نەک خوێندن.
بەڵام، سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، لە (بەرپرسیار) گوتی: "هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر وەرگرتنی قوتابیی خاوەن پێداویستیی تایبەت بدات."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، گوتیشی: "لیژنەیەک لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە چاوپێکەوتن لەگەڵ قوتابییەکان دەکات، ئەگەر شیاو بوو بۆ خوێندن، راستەوخۆ بڕیار دەدرێت، ئەگەر شیاو نەبوو، دەینێرنە لای لیژنەی پزیشکی و بەپێی راپۆرتی پزیشکی بڕیار دەدرێت."
بەگوتەی سەگڤان حەسەن، زیاتر لە 2 هەزار قوتابیی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەسنووری دهۆک لەپرۆسەی خوێندن بەردەوامن و 201 قوتابخانەش مامۆستای تایبەتیان هەیە. گوتیشی: "دەرگەمان واڵایە بۆ کەسوکاری هەموو ئەو قوتابییانەی کە کێشەیان لەوەرگرتنیان لەقوتابخانەکان هەیە."
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامان لە دهۆک، کە سەرپەرشتیی پێنج پەیمانگەی تایبەت دەکات، روونیدەکاتەوە کە هەموو پەیمانگەکان سیستمی پەروەردەیی نین.
کوێستان نێروەیی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کەمئەندامان لە دهۆک، بە رووداوی گوت: "پەیمانگەکانی نابیست و نابینا سیستمی پەروەردەیین، بەڵام پەیمانگەکانی ئاوات بۆ داون سیندرۆم و ئۆتیزم، سیستمی پەروەردەیی نین و تەنیا چالاکییان تێدا دەکرێت."
میللەت محێدین، جێگری بەڕێوەبەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، لە (بەرپرسیار) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دوای بڕیاری تێکەڵکردنی قوتابییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەگەڵ قوتابخانە گشتییەکان، "پێشکەشکردن بۆ پەیمانگەکانی ئێمە کەمبووەوە، چونکە قوتابییان زیاتر حەز دەکەن تێکەڵ بە قوتابخانە گشتییەکان بن."
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، پێویستە قوتابخانەکان دەرگەیان بۆ هەموو قوتابییەک کراوە بێت. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، هۆشداری دەداتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و دەڵێت: "هیچ مامۆستایەک مافی ئەوەی نییە قوتابیی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەدەرەوەی پۆل بهێڵێتەوە بەپاساوی ئەوەی زۆر قسە دەکات یان جووڵەی هەیە."
.jpg&w=3840&q=75)

